ئەمساڵ 126 حاڵەتی پێشێلكاری بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان و چالاكوانانی مەدەنی تۆمار کراوە

 ئەمساڵ 126 حاڵەتی پێشێلكاری بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان و چالاكوانانی مەدەنی تۆمار کراوە
ڕێكخراوێكی كۆمەڵگەی مەدەنی لە ماوەی 12 مانگی ئەمساڵدا چاودێری دۆخی كوردستان لە رووی ئازادی رادەربڕین كردووە و بەو هۆیەشەوە 126 حاڵەتی پێشێلكاری تۆمار كردووە.

بەپێی ئاماری بڵاوكراوەی ڕێكخراوی ئاشتی و ئازادی لە كوردستان كە ئەمڕۆ 17/12 لە شاری هەولێر بڵاوی كردووەتەوە تێیدا هاتووە لە ساڵی 2016دا لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان 126 حاڵەتی پێشێلكاری ئازادیی ڕادەبڕین تۆمار كراوە و بەسەر سێكتەرەكانی ڕاگەیاندن و چالاكوانانی كۆمەڵگەی مەدەنی و دەستنەگەیشتن بە زانیارییەكاندا دابەش كراون.

هیوا عومەر، بەرپرسی پرۆژەی رووپێوییەكە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا، ڕایگەیاند: "بەپێی ئامارەكە دوو ڕۆژنامەنووس شەهید بوون و سێ ڕۆژنامەنووسیش بە دەستی چەكدارانی داعش شەهید بوون، هەروەها نۆ ڕۆژنامەنووسیش بریندار بوون و پێنج رۆژنامەنووس هەڕەشەی كوشتن و تەقەكردنیان لەسەر هەبووە لەگەڵ هەشت حاڵەتی دەستگیركردنی ڕۆژنامەنوسان و تۆماركردنی 12 حاڵەتی توندوتیژی و ئەشكەنجەدان بەرامبەر بە ڕۆژنامەنوسان و 35 حاڵەتی ڕێگری لە ڕووماڵ و شكاندن و لێسەندنی پێداویستییەكانی كاری رۆژنامەوانی، یاسای بەدەستهێنانی زانیاریش جێبەجێ‌ نەكراوە و دۆسیەی شەهیدكردنی ڕۆژنامەنووسانیش بە سزای یاسایی نەگەیشتوون."

بەرێوەبەری پرۆژەكە گوتیشی: "لە ڕێگەی سێ چاودێرەوە زانیاریمان كۆ كردووەتەوە كە لە ساڵی 2016دا لەبارەی داخستنی دەزگا ڕاگەیاندنەكان 11 حاڵەت تۆمار كراوە و هەروەها 10 كەناڵیش لە ئەنجامی بەرنامەی ڕووبەروبونەوەی بیری داعشی داخراون، هەر یەكە لە وەزارەتەكانی ئەوقاف و كاروباری ئایینی و وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان 3 دۆسیەیان كردووەتەوە بۆ چەند كەناڵێكی تر كە سەر بە حزبە ئیسلامی و عەلمانییەكانن.















باسنیوز
Top