جەعفەر ئیمنكی: پێویستە پەرلەمان كارا بكرێتەوە و دەستەی سەرۆكایەتیش بگۆڕدرێت

 جەعفەر ئیمنكی: پێویستە پەرلەمان كارا بكرێتەوە و دەستەی سەرۆكایەتیش بگۆڕدرێت
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: ئەو وەفدەی پارتی دیموكراتی كوردستان كە دەستی كردووە بە كۆبوونەوەكان، زۆر دەستگەرمانە كارەكانی ئەنجام دەدات و هەوڵی جدی دەدات تاوەكوو ئەم دۆخەی ئێستای كوردستان تێپەڕێنێت و پەرلەمانی كوردستانیش كارا بكرێتەوە.

ئەمڕۆ شەممە 17/12/ 2016 ڕۆژی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان جەعفەر ئیمینكی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە "ناكرێت لەوە زیاتر پەرلەمانی كوردستان بە پەكخراوی بمێنێتەوە و دەبێت كارا بكرێتەوە، چونكە زۆر پرس و بابەت هەن كە دەبێـت لە پەرلەمانی كوردستان یەكلایی بكرێتەوە، ئێستاش هەوڵەكانی كاراكردنەوەی پەرلەمان بەردەوامن و رەوشی كۆبوونەوەكان بڕیار لەسەر كاتی كارابوونەوەكە دەدەن."

لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا ئیمینكی گوتی: "لەگەڵ بڕیاردان بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان دەگۆڕدرێت و ئەگەری دووبارە پێكهێنانەوەی كابینەی حكوومەتیش لە ئارادایە."

لەبارەی هەوڵەكانی كاراكردنەوەی پەرلەمان جێگری سەرۆكی پەرلەمان گوتی: "وەفدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەستی كردووە بە كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و ئەو كێشەیەش لە كێشەكانی دیكەی ڕابردوو بچووكترە و پێم وایە لە ماوەیەكی نزیكدا ئەنجامی كۆبوونەوەكان دەبینین."













باسنیوز
Top