لە هەفتەی داهاتووەوە دابەشکردنی مووچەی دامەزراوە مەدەنییەکانی حکوومەت دەست پێ دەکات

 لە هەفتەی داهاتووەوە دابەشکردنی مووچەی دامەزراوە مەدەنییەکانی حکوومەت دەست پێ دەکات
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەفتەی داهاتووەوە، دابەشکردنی مووچەی وەزارەت و دامەزراوە مەدەنییەکانی حکوومەت دەست پێ دەکات.



پاش ئەوەی لە هەفتەی ڕابردوودا، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕای گەیاند، ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممە 18 و 19\12\2016، مووچەی هەردوو یەکەی (80 و 70)ی ھێزی پێشمەرگەی كوردستان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە دابەش دەكرێت. ئەمڕۆ شەممە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”لە تەواوی ئەم هەفتەیەدا، مووچەی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان دابەش دەکرێت، لەم هەفتەیەدا جگە لەو شوێنانەی ڕاگەیاندراون، مووچەی هێزی پێشمەرگەی زێرەڤانی و ئەنجومەنی ئاسایش و دەزگای گشتیی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ پۆلیسی ئامادە دابەش دەکرێت“. گوتیشی: ”ڕەنگە ڕۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتووش مووچەی ئەو دامەزراوە ئەمنییانە دابەش بکرێت“.



سەرچاوەکە ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوودا، مووچەی مانگی 10ی وەزارەتی پەروەردە و دواتر وەزارەتی دارایی و وەزارەتەکانی دیکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت.



پێشتر چێنەر خەفاف، بەڕێوەبەری گشتیی كارگێڕی و دارایی لە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاندبوو: “تاكوو پێش كۆتایی ساڵ، مووچەی مانگی 10ی فەرمانبەران بە تەواوی دابەش دەكرێت". گوتیشی: "وەكوو لە وەزارەتی دارایی زانیاریمان پێدراوە، تاكوو پێش كۆتایی ساڵ، مووچەی ماگی 10ی سەرجەم فەرمانبەرانی وەزارەت و دامودەزگاكان دابەش دەكرێت".






باسنیوز
Top