عەبادی داوایەکی نوری مالیکی رەت دەکاتەوە

 عەبادی داوایەکی نوری مالیکی رەت دەکاتەوە
سەرۆک وەزیرانی عێراق داوایەکی جێگری سەرۆک کۆماری وڵاتەکەی رەت دەکاتەوە و رایگەیاندووە، کە نابێ رەوشی پارێزگا سەقامگیرەکانی عێراق تێک بدرێت.



رۆژنامەی (عەرەبی جەدید) لە زاری سەرچاوەیەکی سیاسییەوە رایگەیاندووە، کە نوری مالیکی، جێگری سەرۆک کۆماری عێراق، سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا و سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق داوای لە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردبوو هێزێکی دەزگای دژەتیرۆری بۆ بنێرێت.



نوری مالیکی ئەو هێزەی بۆ بڵاوەپێکردن و دەستگیرکردنی خۆپیشاندەرانی بەسرە، ناسریە و میسان بوو، کە دژی ئەو خۆپیشاندانیان کرد و ناچاریان کرد شارەکانی باشوور بەجێ بهێڵێت.



رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە دا، کە حەیدەر عەبادی بە بیانووی سەرقاڵبوونی ئەو هێزانە بە شەڕی دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش، داواکەی نوری مالیکی رەت کردووەتەوە و بە مالیکی گوتووە، ”نابێ رەوشی پارێزگا سەقامگیرەکانی عێراق تێک بدەن“.



لە شارەکانی میسان، ناسریە و بەسرە بە بەرد و پێڵاو هێرش کرایە سەر کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی ونری مالیکی و داوای دەرکردنیان دەکرد، هاوکات لە شاری ناسریە ناچاریان کرد کۆنگرەیەکی عەشایەری بەجێ بهێڵێت.



دوای گەڕانەوەی بۆ بەغدا، جێگری سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاندووە، سوپاسی ئەو هاووڵاتییانە دەکات، کە دژایەتیی ”هەڵسوکەوتی نایاسایی و دژبەری یاسا و ئاداب“ ئەو کەسانەیان کردووە، کە هێرشیان کردووەتە سەری.



زۆرینەی سەرکردە و هاووڵاتییانی عێراق پێیانوایە نوری مالیکی بەشێوەیەکی ”دیکتاتۆریانە“ بۆ ماوەی هەشت ساڵ حوکمی عێراقی کرد و سەرچاوە و هۆکاری هەموو کێشە تائیفی و شەڕە مەزهەییەکانی نێوان سوننە و شیعەیە.



پێشتر لە ساڵی 2013 و بە بریاری نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق، بەشەبودجەی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران و هێزەکانی پێشمەرگە بڕاوە، هەروەها زۆرینەی سەرکردە عێراقییەکان پێیانوایە مالیکی هۆکاری داگیرکرانی بەشێکی خاکی ععێراق بوو لەلایەن رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە.



لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.









باسنیوز
Top