مەسروور بارزانی: سەربەخۆییمان دەوێت بۆ چارەسەری کێشەکان
مەسروور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رۆژی هەینی 16-12-2016 لە دووەم رۆژی کۆنفرانسی سەربەخۆیی کوردستان لە زانکۆی ئەمریکی دهۆک رایگەیاند: "لە کۆنفرانسەکەدا سەبارەت بە سەربەخۆیی کوردستان باسی زۆر شت کرا کە لەوانە ئایا ئەمە ریسکە یان نا و ئایا سەقامگیری ناوچەکە دەگەڕێنێتەوە یان زیاتر ناسەقامگیری دەکات".
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئەوکاتەی کیمیاباران و ئەنفال دەکراین خۆ داوای سەربەخۆییمان نەکردبوو، ئەو هەموو دەربەدەری و ماڵوێرانیەی کە بەسەر گەلەکەماندا هات لەدەرەنجامی داوای سەربەخۆیی نەبوو، ئەی بۆچی ئەوکاتە بەو شێوە دڕندانە دژایەتی گەلەکەمان کرا؟".
مەسروور بارزانی رەتیکردەوە کە سەربەخۆیی کوردستان ناسەقامگیری لە ناوچەکە بەدواوە بێت و گوتی: "ئەم ناوچەیە هیچ سەقامگیرییەکی تێدا نییە، نەک لەگەڵ کورد، بەڵکوو ئەم وڵاتانە دایمە لەگەڵ خۆیان لە شەڕ و کێشە و گرفتدا بوون".
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئێمە ئەزموونی دەوڵەتی کوردیمان لە ناوچەکە نەبووە تاوەکو بڵێن هۆکاری ناسەقامگیری بووە، بەڵام نەبوونی دەوڵەتی کوردیمان بینیوە کە تاوەکو چەند نەهامەتی بۆ گەلی ئێمە لەگەڵ خۆی هێناوە و هۆکارێکیش بووە بۆ ناسەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".
سەبارەت بە ریسکی سەربەخۆبوونی کوردستان، مەسروور بارزانی گوتی: "هیچ شتێک نییە لە ژیاندا کە 100% بێ ریسک بێت بەڵام بە دڵنیاییەوە ریسکی سەربەخۆ نەبوونمان زۆر زیاترە لەوەی کە ئێمە سەربەخۆ نەبین و بەرەو سەربەخۆیی نەڕۆین چونکە ئەوەمان تاقیکردووەتەوە".
مەسروور بارزان گوتی: "ئێمە کە داوای سەربەخۆیی دەکەین بۆ دروستکردنی کێشە نییە بەڵکوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانە و لە مەجبوورییە بۆ پاراستنی خۆمان، مەجبووریان کردووین کە داوای سەربەخۆیی بکەین، نە بەیەکسانیان قبوڵکردین، نە ئامادەبوون رێزمان بگرن و نە ئامادە بوون ژیانمان پارێزن".
داواکردنی سەربەخۆیی بەگوتەی مەسروور بارزانی بۆ "پارێزراوبوونمانە لە دووبارە نەبوونەوەی ژینۆساید و کیمیاباران و ئەو نەهامەتیانەی لە رابردوو تووشمان بووە". راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ئەمانە تەنیا کاتێک دەکرێت کە یاسای نێودەوڵەتی پشتیوانمان بێت و یاسای نێودەوڵەتیش تەنیا پشتیوانی لە وڵاتانی خاوەن سیادە دەکات نەک لە میللەتان، کە ئێمە وەک کورد ئەو پشتیوانەمان نەبینیوە".
rudaw -
