جۆن كێربی: پێویستە پەكەكە لە شنگال بكشێتەوە
ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە جۆن كێربی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە وەڵامی پرسیارێكی رۆنامەواناندا رایگەیاند پەكەكە لەنێو لیستی تیرۆری ئەمەریكادایە و نابێ هیچ رۆڵێكی لە شنگالدا هەبێ، هەبوونیشی بووەتە هۆی كێشە لەبەردەم گەڕانەوەی خەڵكی بۆ زێدی خۆیان.
هاوكات نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسی سەربەخۆیی كوردستاندا لە دهۆك لەبارەی پەكەكە لە شنگال رایگەیاندبوو كە پێویستە پەكەكە لە شنگال بچێتە دەرەوە، ئەمڕۆ بوونی پەكەكە لە شنگال ناسەقامگیرییەك لە ناوچەكە دروست دەكات.
نێچیرڤان بارزانی ئەوەشی گوتبوو یەكێك لەو هۆكارانەی كە شنگال ئاوەدان نابێتەوە بوونی پەكەكەیە، چونكە خەڵك لە داهاتووی خۆیان دڵنیا نین، بۆیە ناگەڕێنەوە ناوچەكە، دەبێت پەكەكە لەمە تێبگات و لەپێناو خێری خەڵكی ناوچەكە لەو ناوچەیە بچنە دەرەوە.
