بەوێنەوە... چەند ئۆتۆمبێلێک لە چیای گارە گیریان خواردووە
جەلال بەرواری فەرمانبەر لە کۆمپانیای وەبەرھێنانی نەوت و گاز لەسەر لوتکەی گارە رایدەگەیەنێ کە رێگەی چیای گارە ١٠٠% پەکی کەوتووە و ھیچ ئۆتۆمبێلێک ناتوانێ ھاتوچۆ بکات.
بەرواری بە(باسنيوز)ی گوت "دوو رۆژی رابردوو کاتێک بەفرێکی زۆر ناوچەی ئامێدی و چیای گارەی گرت، ھاووڵاتییەکی زۆر بە مەبەستی گەشتوگوزار روویان کردە ئەو چیایە بەڵام لەبەر ئەوەی بەفرەکە بەردەوام بوو، بەشێک لەو کەسانە کە ژمارەیان ١٠ کەس بوو، لە چیای گارە گیریان خواردووە و نەیانتوانی بگەرێنەوە ماڵەوە، لە دوێنێوە ئەو کەسانە لەلای کۆمپانیای نەوت و گازەوە پارێزراون".
گوتیشی "ئەو کەسانە شارەزاییان نەبووە و بە ئۆتۆمبێلی تایبەت و کۆستەر ھاتوون و ھیچ تیمێکی راماڵینی بەفریشیان لەگەڵ نەبووە، بەڵام ئێمە وەکو کۆمپانیا تیمی راماڵینی بەفرمان ھەیە و تەنیا چوار دەوری خۆمان بەپێی پێویستی خۆمان پاک دەکەینەوە و تا ئێستە حکومەت ھیچ ھاوکارییەکی ئەو کەسانەی نەکردووە، بەڵام ئەوان ئۆتۆمبێلەکانیان لەوێ بەجێ ھێشتووە و لە رێگەی ئەتروشەوە گەراونەتە خوارەوە و رێگای سەرەکی کە دەکەوێتە شارەدیێ چەمانکێ پەکی کەوتووە و ھاتوچۆی پێدا ناکرێت".
bas news =
