وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: دەبێت پەکەکە شنگال چۆڵبکات

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: دەبێت پەکەکە شنگال چۆڵبکات
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، دەبێت پەکەکە شەنگال چۆڵبکات، چونکە پەکەکە هیچ شوێنێکی لە شنگال نییە.

جۆن کێربی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند" دەبێت پەکەکە شنگال چۆڵبکات، چونکە دەبێتە بەربەستێک بۆ گەڕانەوەی خەڵکی شنگال".

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی "لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵداین بۆ گەڕانەوەی خەڵکی شنگال".

هاوکات رۆژی پێنجشەممە 15-12-2016 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسی سەربەخۆیی کوردستان لە دهۆک لەبارەی پەکەکە لە شنگال رایگەیاند "پێویستە پەکەکە لە شنگال بچێتە دەرەوە، ئەمڕۆ بوونی پەکەکە لە شنگال ناسەقامگیرییەک لە ناوچەکە دروست دەکات".

نێچیرڤان بارزانی هەروەها گوتی "ئەمڕۆ بوونی پەکەکە لە شنگال ناسەقامگیرییەک لە ناوچەکە دروست دەکات، یەکێکیش لەو هۆکارانەی کە شنگال ئاوەدان نابێتەوە بوونی پەکەکەیە تێیدا و ئەمەش راستییەکەیە، چونکە خەڵک لە داهاتووی خۆیان دڵنیانین، بۆیە ناگەڕێنەوە ناوچەکە، دەبێت پەکەکە لەمە تێبگات و لەپێناو خێری خەڵکی ناوچەکە لەو ناوچەیە بچنە دەرەوە".

رۆژی 3-8-2014 شنگال کەوتە دەستی داعش، لە مانگی دیسەمبەری هەمان ساڵدا بەشێکی ناوچەکان لەدەستی داعش دەرهێندرانەوە، بەڵام سەنتەری شنگال و گوندەکانی دەوروبەری تاوەکو مانگی نۆڤەمبەری 2015 هەر لەدەستی داعشدا بوون، کاتێک پلانێک لەلایەن مەسعود بارزانی، فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان بۆ گرتنەوەی شارەکە دانرا و کۆنترۆڵکرایەوە.




رووداو
Top