پسپۆڕێکی ئابووری: با پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا چاوەڕێی بودجە نەبن
هەولێر-KDP.info- پسپۆڕێكی ئابووری باوەڕی وایە، ئەگەر لە نێو بودجەی گشتیی عێراقدا بە ژمارە پشكی هەرێمی كوردستان دیاری نەكرابێت ئەوا هەرگیز بەغدا بەشی هێزی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان نانێرێ..دەشڵێ، با پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدادا چاوەڕێی هاتنی پشكی هەرێم نەكەن، چونكە نایەت.
پڕۆفیسۆر( كاوە قەرەداخی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، بودجە پلانێكی داڕێژراوی بە ژمارەیە ئەگەر بەشی هەرێمی كوردستان لەنێو بودجەی عێراقدا بە ژمارە دیاریكرابێت ئەوكات دەتوانین بڕیاری خۆمان بدەین، دەشتوانین بزانین كەمە یان زۆرە ئەوکات دانوستان لەگەڵ بەغدا بكەین، بەڵام ئەگەر بە رستە نووسرابێت لە نێو بودجەی هێزی وشكانی عێراقدا پشكی ١٧%ـی بۆ هێزی پێشمەرگە بێت، ئێمە نازانین بودجەی هێزی وشكانی چەندە، ئەوكات مافی پێشمەرگە نادرێ ئەمە لەكاتێكدایە پێشمەرگە هێزێكی شەڕكەر و دەستوەشێنە لە تیرۆر لە عێراق و ناوچەکەدا کەچی بێبەش دەكرێت لە شایستە دارایەكانی؛ عێراق بەهیچ شێوەیەك مافی پێشمەرگە دابین ناكات، نە لەڕووی دابینكردنی مووچە نە لەڕووی پرچەكکردن، ئەگەر بەژمارە ئاماژە بە هێزی پێشمەرگە نەكرابێت لیستی وەزارەتی پێشمەرگە نەبێت ئەوا هەڵەیە كردوویانە لە بەغدا، وەزارەتی بەرگری عێراق مافی پێشمەرگە نادات و ئەوكات دەڵێن بودجەمان بەش ناكات.
(قەرەداخی) باوەڕیشی وایە، حكوومەتی عێراق یاسای بودجە جێبەجێ بكات، هیچ كات بەغدا نایەتە ژێر باری داخوازییەكانی هەرێمی كوردستان و پێشتر ئەزموونمان هەبووە لەگەڵ بەغدا، هیچ كات بەغدا پشكی ١٧%ی نادات بە هەرێمی كوردستان و هیچ كاتیش ئەو بودجەیەی نەداوە، زیاتر ئەوان بە چاوی مەبەستەوە سەیری هەرێمی كوردستان دەكەن، رووی قسەكانم لە پەرلەمانتارانی كوردیش لە بەغدایە، چاوەڕی نەبن بەغدا بودجەتان بۆ بنێرێ.
kdp-
