جەبار یاوەر: پێشمەرگە هەڕەشە لە هیچ کەس و لایەنێک قەبووڵ ناکات

   	 	 جەبار یاوەر: پێشمەرگە هەڕەشە لە هیچ کەس و لایەنێک قەبووڵ ناکات
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشكرای كرد، هێزی پێشمەرگە بەرگری لە خاکی خۆیدا دەکات و هەڕەشەش لە هیچ کەس و لایەنیک ناکات و هەڕەشەشیان لێ قەبووڵ ناکات.



(جەبار یاوەر)، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، تا ئێستا هیچ كێشەیەكی ئەوتۆمان لەگەڵ حەشدی شەعبی و فەرماندەكانی نییە، ئێمە هیچ کەسێک لە حەشدی شەعبی بە دوژمنی خۆمان نازانین، خۆمان بە هێزێکی هاوکاری هێزەکانی عێراقی فیدراڵ زانیوە، بەڵام ئەو جۆرە لێدوانانەی کە کەسانێک وەک هەڕەشە بۆسەر هەرێمی کوردستان دەیدەن، پێشمەرگە رەتیدەکاتەوە، چونکە ئێمە وەک خەڵکی کوردستان شەڕی تیرۆریستانمان کردووە و هێزی پێشمەرگەش سەرکەوتنی بەرچاوی تۆمار کردووە.



دەشڵێ، ئەمانە با باشبزانن کە پێشمەرگە لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی و هاریکار لەگەڵ هێزەکانی عێراق شەڕی داعش دەکات، بەتایبەت لە پڕۆسەی ئازادکردنی مووسڵدا، بۆیە ئەو جۆرە لێدوانانەی کە وەک هەڕەشەئامێز بەرانبەر بە کورد و پێشمەرگە دەدرێن لەگەڵ واقعی ئەو هەماهەنگییەی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی دیکەی عێراق گونجاو نییە.



(جەبار یاوەر) جەختی کردەوە کە پێشمەرگە خاکی خۆی دەپارێزێ، بۆیە پارێزگاری لە خاکی خۆمان دەکەین و هەڕەشەیش قەبووڵ ناکەین، چونکە ئێمە هەڕەشەمان لەکەس نەکردووە و خۆشمان بە دوژمنی عێراق نەزانیوە و قسەکانی ئەو فەرماندەیەی عەسائیب ئەهلوحەقیش رەت دەکەینەوە.

kdp-
Top