سۆران.. بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی ھۆشداری دەدات
بەھۆی ئەوەی ئەمساڵ ژمارەیەکی زۆر لە ھاووڵاتیانی شارۆچکە و گوندەکانی دەڤەری سۆران، پەنایان بۆ دانانی سوپای دار بردووە، بەرگری شارستانی سۆرانیش، لە ئەگەری سووتانی ماڵەکانیان ھۆشداری دەدات.
عەمید عیماد کەنعان، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "ئەمساڵ بەشێک ھاووڵاتیانی شارۆچکە و گوندەکانی دەڤەری سۆران، بەھۆکاری نەبوونی نەوت وەک پێویست، لە ماڵەکانیاندا سۆپای داریان داناوە، کەچی بەھۆی بێباکی و شێوازی دانانی سۆپا لەماڵەکانیان، بەتایبەتی ئەو خانوانەی سەریان بەدار و حەسیر داپۆشراوە، لەو بۆڕیەی لە خانووەکە چووەتە دەرەوە، ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی لێکەوتۆتەوە، ئەمەش جگەلەزیانی ماددی مەترسی لەسەر گیانی ھاووڵاتیانیش دروست دەکات".
بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران، گوتیشی: " لە ھاووڵاتیان داواکارم، ھۆشیار بن و ئەو بابەتە بە ھەند وەربگرن، لەشێوازی دانانی سۆپاو ڕێکخستنیان، چونکە ئەوە مەترسی ھەیە لەسەر سەرو ماڵ و گیانیان".
bas news -
