پەرلەمانتارێکی پارتی: کۆبوونەوەی حکوومەت و فراکسیۆنەکان ھیچ ئەنجامێکی نابێت
ئەشواق جاف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "کۆبوونەوەی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق، لەسەر یاسای بودجەی ساڵی 2017ی عێراق ھیچ ئەنجامێکی نابێت، چونکە ھەندێک پێیانوایە یاساکە لە دژی کوردە و ھەندێکیش پێیانوایە لە بەرژەوەندی کورددایە".
گوتیشی: "کلیلی چارەسەری کێشەکانی ھەرێمی کوردستان لای ھێزە سیاسییەکانە، پێویستە سەرجەم ھێزە سیاسییەکانە لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆببنەوە و پێکەوە کێشەکان چارەسەر بکەن، بۆئەوەی ھاووڵاتیان، پێشمەرگە و مامۆستایانیش، لەو دۆخەی تێی کەوتوون، ڕزگاریان بێت".
ئەوەشی ڕوون کردەوە: "ئەگەر دانیشتنەکەش کرا، پێشنیار دەکەم بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەخش بکرێت بۆ ھاووڵاتیان، ژمارەیەک شارەزای بێلایەنی نێودەوڵەتی لە بواری سەربازی، دارایی و نەوت بانگھێشت بکرێن، بۆ ئەوەی لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی یاساکە بخەنەڕوو".
بڕیارە ڕۆژی 21/12/2016 کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق لەسەر یاسای بودجەی 2017 بەڕێوەبچێت.
k24 -
