پەرلەمانتارێکی پارتی: کۆبوونەوەی حکوومەت و فراکسیۆنەکان ھیچ ئەنجامێکی نابێت

پەرلەمانتارێکی پارتی: کۆبوونەوەی حکوومەت و فراکسیۆنەکان ھیچ ئەنجامێکی نابێت
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق، لە فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت کە کۆبوونەوەی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و فراکسیۆنە کوردستانییەکان، لەسەر یاسای بودجەی 2017ی عێراق ھیچ ئەنجامێکی نابێت و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەرێمی کوردستان، پێویستە سەرجەم ھێزە سیاسییەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆببنەوە و کێشەکان چارەسەر بکەن.

ئەشواق جاف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "کۆبوونەوەی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق، لەسەر یاسای بودجەی ساڵی 2017ی عێراق ھیچ ئەنجامێکی نابێت، چونکە ھەندێک پێیانوایە یاساکە لە دژی کوردە و ھەندێکیش پێیانوایە لە بەرژەوەندی کورددایە".


گوتیشی: "کلیلی چارەسەری کێشەکانی ھەرێمی کوردستان لای ھێزە سیاسییەکانە، پێویستە سەرجەم ھێزە سیاسییەکانە لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆببنەوە و پێکەوە کێشەکان چارەسەر بکەن، بۆئەوەی ھاووڵاتیان، پێشمەرگە و مامۆستایانیش، لەو دۆخەی تێی کەوتوون، ڕزگاریان بێت".


ئەوەشی ڕوون کردەوە: "ئەگەر دانیشتنەکەش کرا، پێشنیار دەکەم بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەخش بکرێت بۆ ھاووڵاتیان، ژمارەیەک شارەزای بێلایەنی نێودەوڵەتی لە بواری سەربازی، دارایی و نەوت بانگھێشت بکرێن، بۆ ئەوەی لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی یاساکە بخەنەڕوو".



بڕیارە ڕۆژی 21/12/2016 کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق لەسەر یاسای بودجەی 2017 بەڕێوەبچێت.
k24 -
Top