داعش كاره‌باى دوو شاره‌دێى كوردستان ده‌پچڕێنێت

 داعش كاره‌باى دوو شاره‌دێى كوردستان ده‌پچڕێنێت
ڕێكخراوى داعش له‌ ڕێگه‌ى بۆمبڕێژكردنى ژماره‌یه‌ك تاوه‌رى كاره‌با و ته‌قاندنه‌وه‌یانه‌وه‌، كاره‌باى نیشتمانى هه‌ردوو شاره‌دێى قه‌ره‌ته‌په‌ و جه‌له‌ولا و گونده‌كانیان ده‌پچڕێنێت و ئه‌ندامێكى ئه‌نجومه‌نى شاره‌وانى شاره‌دێى قه‌ره‌ته‌په‌ش ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، له‌ ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌كدا ئه‌مه‌ دووه‌مین جاره‌ تاوه‌ره‌كانى كاره‌با له‌لایه‌ن چه‌كدارانى ئه‌و ڕێكخراوه‌وه‌ ده‌ته‌قێنرێنه‌وه‌.

سه‌ڵاحه‌دین بابان ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى شاره‌وانى شاره‌دێى قه‌ره‌ته‌په‌ ڕاىگه‌یاند "كاتژمێر 12 ى شه‌وى ڕابردوو ، له‌ نزیك گوندى جومێله‌ى سه‌ر به‌ شاره‌دێى جه‌له‌ولا، له‌لایه‌ن چه‌كدارانى ڕێكخراوى داعشه‌وه‌ 3 تاوه‌رى گواستنه‌وه‌ى كاره‌باى نیشتمانى له‌ شاره‌دێى جه‌له‌ولاوه‌ بۆ شاره‌دێى قه‌ره‌ته‌په‌ بۆمبڕێژكراون و ته‌قێنراونه‌ته‌وه‌، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ كاره‌باى هه‌ردوو شاره‌دێكه‌ و گونده‌كانى ده‌ورووبه‌ریان پچڕاوه‌".

گوتیشی "له‌ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌كدا ئه‌مه‌ دووه‌مینجاره‌ چه‌كدارانى ڕێكخراوى داعش، تاوه‌ره‌كانى كاره‌باى نیشتمانى ده‌ته‌قێننه‌وه‌".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌ "ژماره‌یه‌ك چه‌كدارى داعش له‌ سنوورى حه‌وزى حه‌مرین ماون و ناوبه‌ناو دێنه‌ سنووره‌كه‌وه‌ و كارى تیرۆریسی ئه‌نجام ده‌ده‌ن".





باسنیوز
Top