نێچیرڤان بارزانی: مەحاڵە جارێکی دیکە بۆ مۆدێلێکی فاشیل لە عێراق بگەڕێینەوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2016 -12- 15 لە شاری دهۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەمیانەی دیبەتێکدا لە کۆنفرانسی (سەربەخۆیی کوردستان.. دەرفەت و ئاستەنگ)، گوتی: بابەتی سەربەخۆبوونی کوردستان مافێکی ئاسایی و ڕەوای ئێمەیە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیەند " ئێمە وەک کوردستان، لە هیچ بەرەیەکی سوننە و شیعەدا نین، لە بەرەی خۆمانداین. بەرژەوەندیی کورد لە کام بەرەدا بێت، ئێمە لەو بەرەیەینە. هەرێمی کوردستان ئەوە چەندین ساڵە بۆ دەرەوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیمان سەلماندووە کە فاکتەرێکی سەرەکین لە ناوچەکەدا. ڕاستە ئێمە ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان نین و ئاڵامان لەوێ نییە، بەڵام لەساڵانی ڕابردوو کورد سەلماندوویانە کە هۆکاری سەقامگیرییە لە ناوچەکە و وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکەش دەتوانن پشتی پێ ببەستن."
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی "ساڵی ٢٠٠٣، کاتێک ئێمە بۆ بەغدا گەڕاینەوە، ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان نەبووین، بەڵام هەموو شتێکی خۆمان هەبوو، بۆ ئەوە گەڕاینەوە کە هیوامان بە وڵاتە تازەکە هەبوو. ڕاستە ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان نین، بەڵام یاریکەری سەرەکین لە ناوچەکە و جێی ڕێزین. لە شەڕ و سەقامگیری و دیموکراسیشدا ئێمە لە ڕیزی پێشەوەین. ڕاستە کێشەمان هەیە."
ڕێککەوتن و پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ تورکیا، ڕێککەوتنێکی ئابوورییە. هیچ شتێکی نهێنی تێدا نییە کە بشاردرێتەوە. تورکیا دراوسێی مەیە و ڕێگەمانە بۆ دەرەوە. لە چەندین ساڵی ڕابردوودا هاوکاری کردووین. پێش دوو هەفتەش من لە تورکیا و بەرپرسانی تورکیا یەکدیمان گۆڕی، هیچ شتێکم نەبینی کە هەست بکرێ ئەو سیاسەتە گۆڕدرابێت، بگرە لەو چوارچێوەیەی کە ئێمە هۆکاری سەقامگیرینە لە ناوچەکە، هەوڵمانداوە پەیوەندی لە نێوان ئەنقەرە و بەغداش باشتر بکەین."
جەختی لەوەش کردەوە "بابەتی سەربەخۆبوونی کوردستان مافێکی ئاسایی ئێمە، لە ناوچەکەدا هەموو شتێکمان جیاوازە، بۆیە کە باسی سەربەخۆبوون دەکەین، باسی کوردستانی عێراق دەکەین، بەو ئامانجەشمان نییە کە کێشە بۆ عێراق دروست بکەین، بەڵکوو دەمانەوێت چارەسەرێک بۆ بابەتەکە بدۆزینەوە. "
لە درێژەدا ڕاشیگەیاند "ئێستا باشترین کاتە بۆ سەربەخۆیی، ئەو هۆکارانەی ئێستا بۆ ئێمە هەیە، پێویستە لەگەڵ بەغدا بە جددی ئەم بابەتە باس بکەین. من کە چوومە بەغدا و دواتر سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش چوو، باسی سەربەخۆیی کوردستانمان کرد، بینیمان بەغدا لێکتێگەیشتنی هەیە و دەڵێن ئێمە ئامادەین ئەم بابەتە باس بکەین. و سەربەخۆیی یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانمان لەگەڵ بەغدا."
ئاماژەی بەوەش دا "مەحاڵە جارێکی دیکە بۆ مۆدێلێکی فاشیل لە عێراق بگەڕێینەوە کە ١١ ساڵ ئەو سیستەمە لە عێراقدا بە شکستخواردوویی بەڕێوە چووە."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە درێژەی ئەو دیبیەتەدا ئاماژەی بە چەند پرسی دیکە کرد و گوتی "ئێمە لەگەڵ عێراق ڕێککەوتنێکمان کردووە، ئەو شوێنانەی کە پێش ١٧\١٠\٢٠١٦ کە ئۆپەراسیۆنی مووسڵ دەستی پێ کردووە، ئێمە لەو جێگایانە دەکشێنینەوە، بەڵام دەبێت لەوە دڵنیابین کە بابەتی ئاسایشی ئەو ناوچانە بپارێزرێت. واتە دەبێت ڕێککەوتنێک لەنێوان ئێمە و بەغدا هەبێت کە چۆن ئاسایشی ئەو ناوچانە دەپارێزرێت، ئەوکاتە پێویستە نە سوپای عێراقی تێدابێت و نە پێشمەرگە."
ئەوەشی خستەڕوو"لە ساڵی ٢٠٠٣ ئێمە هاوکاریی خەڵکی دەشتی نەینەوامان کرد، بەڵام ئەوان ئاسایشی خۆیان دەپاراست. مەسیحی و ئێزدی تووشی گەورەترین کارەسات بوون لە عێراقدا، هەر کارێک بۆ دڵنیاکردنەوەی ئەوانە بکرێت، پێویستە بکرێت، ئەوەی تاوانی بەرامبەریان کرد، داعش نەبوون، دراوسێی خۆیان بوون، ئەو عەرەبانە بوون کە دەیان ساڵە دراوسێیان بوون."
لەبارەی شنگالەوە گوتی "شنگال بۆ ئێمە یەکجار زۆر گرنگە، ئەوەی بەسەر کوردانی ئێمەی ئێزدی هاتووە لە شنگال، شتێکی مەزنە، پاش ئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لێ دەکردەوە کە خۆی فەرماندەیی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شنگال دەکات، بۆ ئەوەی بوو کە یەکەمجار دەبێت خەڵکی شنگال خۆیان بڕیار لەسەر ناوچەکەیان بدەن. دووەم، ئەو هێزانەی کە ئێستا لە شنگالن، دەبێن نەمێنن و پەکەکە دەبێت لە شنگال دەربچێت. زۆر دەیانگوت ئێمە شنگالمان هێڵایەوە، بەڵام ئەوە ڕاست نییە، شنگال لە دورگەیەکدایە کە ١٧ کیلۆمەتربووە و ئێمە لە هیچ شوێنێکی ئەوێدا نەبووین. سوپاسی برایانی خۆمان کوردانی سووریا دەکەین کە زۆر هاوکار بوون، بەڵام ئەمڕۆ پەکەکە دەبێت لە شنگال نەمێنێت و یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەوەی کە شنگال ئاوەدان نابێتەوە، ئەوەیە کە پەکەکە لە شنگالە و پێویستە بگەڕێتەوە."
لەبارەی پرۆسەی سیاسیی ڕۆژئاوای کوردستان رایگەیاند "لە ڕۆژئاوا، ئەوەی دەکرێت بەرامبەر بە کوردان، بەشار ئەسەد نەیکردووە، ڕێ بە هیچ حزبەکان نادەن و ڕێ بە خەڵکی و ئازادییەکانیان نادەن. ئەو دەسەڵاتەی ئێستا لە ڕۆژئاوای کوردستان هەیە، دیکتاتۆرانەیە و بووەتە ئەسیری دەستی سیاسەتی هەڵەی پەکەکە. تاوەکوو خۆیان لەژێر دەستی پەکەکە دەرنەهێنن، بە دڵنیاییەوە هیچ داهاتووێکیان لە عێراقدا نییە.
کێشە ئەوەیە کە پەکەکە دەیەوێت شەرعیەتی خۆی لە ڕێی کوردانی ڕۆژئاوا وەربگرێت، ئەمە وادەکات کە دەستکەوتی کورد لە ڕۆژئاواش بەپێی سیاسەتی هەڵەی پەکەکە نەمێنێت."
"ڕۆژئاوا تا سیاسەتی یەکێتیی ئەورووپی ئەوە بێت کە یەکپارچە بێت، ئەنجامی نابێت، سیاسەتێکی فاشیل و ناواقیعییە. چ هاوکارییەکی پێشمەرگە کراوە؟ لەسەر چ بنەمایەک کراوە؟ گوایە ئەوان دەیانەوێت یەکێتیی عێراق بپارێزن، بەڵام لە بنەڕەتدا ئەو شتە نییە و هیچ وجوودی نییە. پێویستە مامەڵە لەگەڵ واقیعدا بکرێت، ئەگەر وابکەن، ناوچەکە سەقامگیر دەبێت. ئەگەر سەقامگیرییان دەوێت، ئەوا دەبێت بزانن کە ئەو سیاسەتەی ڕۆژئاوا و ئەمریکا لە عێراق پەیڕەوی دەکەن، شکستخواردووە."
لە درێژەی دیبەیتەکەدا و لە وەڵامی چەند بەشداربوویەکدا چەند پرسێکی دیکەش خرانە بەرباس و لە وەڵامی پرسیارێکی ڤیان دەخیل پەرلەمانتاری کورد لە بەغەدا کە گوتی "بەغدا پشتیوانیی پەکەکە دەکات، ئایا ئێوە لەگەڵ بەغدا گفتوگۆتان کردووە؟
نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند "بەڵێ لەگەڵ بەغدا گفتوگۆمان کردووە، بە ڕاشکاوی پێمان گوتوون کە ئەوەی لەگەڵ پەکەکە دەیکەن هەڵەیە، بەغدا هاوکاریی پەکەکە دەکات، بەڵام نە لە بەرژەوەندی بەغدا و کوردستانە، نە لە بەرژەوەندیی پەکەکەشە."
ڕاستە ماوەیەک لەمەوبەر سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو لە دەستپێکردنی گفتوگۆ لە نێوان تورکیا و ئۆجەلان، بەڵام ئەوەی من هەستم پێکرد، باوەڕ ناکەم لەم کاتەدا بارودۆخ گونجاو بێت بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان لە نێوان کورد و تورکیا."
لەبارەی پێکهاتە ئایینەکانی دەشی نەینەوا گوتی "خەڵکی دەشتی نەینەوا وا تێگەیشتوون کە دابەشکارییەکی سیاسی و سەربازی کراوە، بەڵام ئەوە بە هیچ شێوەیەک نەکراوە، دابەشکارییەکە تەنیا بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی هەبووە. هەرگیز دابەشکاریی سیاسی لەو سنوورەدا ناکەین و هەرگیز ناوچەکان لە یەکتر جیا ناکەینەوە. ئێمە وەک هەرێمی کوردستان، هەموو هەوڵێک دەدەین، فۆرمێک بدۆزینەوە بەبێ ئەوەی هیچ شوێنێک لە شوێنێکی دیکە جیا بکەینەوە.
ياسنيوز
