بۆکان.. شەش گەنجی کورد دەستگیر کران

 بۆکان.. شەش گەنجی کورد دەستگیر کران
لە ڕۆژانی ڕابردوودا هێزە ئەمنییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات 6 لاوی دانیشتووی گوندێکی سەر بە شاری بۆکانیان دەستبەسەر کردووە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی (کوردپا) سەرەتای ئەم هەفتەیە مەئموورانی ئیتلاعاتی شاری بۆکان هێرشیان کردە سەر گوندی "قەرەگۆل" لە بەخشی سیمینە و سێ هاووڵاتیان دەستبەسەر کرد و لەگەڵ خۆیان بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستنەوە.

شوناسی یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکان بە ناوی "هیوا قادری‌ئەقدەم" ڕاگەیەنراوە.

بەپێی هەمان سەرچاوە هێزە ئەمنییەکانی شاری بۆکان ماڵی ئەو سێ لاوەیان پشکنیوە و دەستیان گرتووە بەسەر هێندێک کەرەستە و وەسائیلی شەخسی ئەو سێ لاوە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

ناسنامەی ئەو دوو هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوەکەی دیکە ناڕوونە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، کۆتاییەکانی مانگی یەکەمی پاییزی ئەمساڵ سێ هاووڵاتیی خەڵکی ئەو گوندە کە برا بوون بە ناوەکانی "حوسێن، سابیر و هێمن هەمزەپوور" لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرابوون.

ئەو سێ برایە بۆ ماوەی 40 ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسی ڕاگیرابوون.

لەو سێ برا دەستبەسەر کراوە، حوسێن هەمزەپوور هەتا ئێستا لە زیندان دایە، بەڵام سابیر و هێمن بەدانی بەڵێننامە بە سوپا، بە شێوەی کاتی ئازاد کراون.

سەرچاوەکانی هەواڵی کوردپا، کە لە بارودۆخی گوندی قەرەگۆل ئاگادارن، ڕایانگەیاندووە کە؛ "دۆخی ئەو گوندە بە تەواوەتی پۆلیسیە" هەر حاڵەتێکی هاتوچۆی هاووڵاتیان لە گوندەکە و بە پێچەوانەوە، لەگەڵ "ڕێوشوێنی ئەمنیەتی" بەرەوڕوو دەبێتەوە.

سەبارەت بە دۆخی پێکهاتوو، دەگوترێ؛ لە شەش مانگی ڕابردوودا، چەندین لاوی ئەو گوندە پەیوەست بە ڕیزی حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بوون و ئەمەش نیگەرانیی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی لێکەوتووەتەوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ئاژانسی کوردپا، لە وەرزی هاوینی ئەمساڵەوە زیاتر لە 60 هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات لە کوردستان دەستبەسەر کراون، کە لە چارەنووسی زۆربەی ئەو دەستبەسەرکراوانە زانیاری ورد لەبەردەستدا نییە.

















باسنيوز
Top