نێچیرڤان بارزانی: قەیرانی دارایی تێدەپەڕێنین

 نێچیرڤان بارزانی: قەیرانی دارایی تێدەپەڕێنین
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2016 -12- 15 لە شاری دهۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەمیانەی دیبەتێکدا لە کۆنفرانسی (سەربەخۆیی کوردستان.. دەرفەت و ئاستەنگ)، گوتی: ئێمە وەک کورد هەموو شتێکمان کرد تا عێراق ببێتە عێراق.

نێچیرڤان بارزانی لە سەرەتای قسەکانیدا ڕایگەیەند: "لە ساڵی ٢٠٠٣ بە دواوە دۆخی ئابووریمان پێشوەچوونێکی نائاسایی بەخۆوە بینی و چەند هۆکارێکی سەرەکی هەن کە وایانکرد دۆخی ئێمە خراپ بێت:"

١- بابەتی شەڕی داعشە.

٢- بوونی ملیۆنەها ئاوارە.

٣- سێیەم و گرنگترین هۆکار، نرخی نەوتە.

جگە لەوەی لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بەغدا بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی. ئەوکاتە بیانوویان ئەوەبوو کە نەوتمان دەرهێناوە، بەڵام ڕاست نەبوو و ئێمە نەوتمان دەرنەهێنابوو. ئەوان بڕیاری خۆیان دابوو و بودجەی ئێمەی پچڕاند.

لە درێژەدا گوتیشی "هەندێک هەڵەی ئێمەش هەیە، وەک زیادبوونی ژمارەی فەرمانبەر و پێشمەرگە کە ئەوانەش هۆکارێکی گرنگن بۆ خراپبوونی دۆخی ئابووریمان. ئێمە پێویستە خۆمان وادابنێین کە نە نەوت و نە گازمان هەیە. ئەو هەڕەشەیەی هەیە سادە نییە. بە باوەڕی من، ئێمە ئەو قەیرانە تێدەپەڕێنین، بە ئاسانی نییە. "

ئەو کاتەی بەغدا بودجەی ئێمەی بڕی، پرسیارمان کرد، بۆچی بودجەمان بڕاوە؟ گوتیان فەرمانی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقە، ئەم عەقڵیەتە هەڵەیە.

ئێمە وەک کورد هەموو شتێکمان کرد تا عێراق ببێتە عێراق.

ئاماژەی بەوەش کرد "ئێمە لە ٢٠٠٤ گەڕاینەوە بەغدا وەک هیوا و ئایندە بۆ عێراق و داهاتووی خۆشمان. بەڵام ئێستا دوای ١٢ ساڵ، پرسیار لەخۆمان دەکەین، ئێمە چیمان کرد؟ لە کوێین؟

هەم بارزانی و تاڵەبانی ئەوەی بۆیان کرا بۆ عێراقیان کرد، پێشمەرگەی خۆمان بۆ دڵنیابوونەوە لە ئاسایشی بەغدا نارد."

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی "پەنابەران ساڵانە ملیارێک و 200 ملیۆن دۆلار خەرجی ئاوارە لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان ناکات بەو حیسابەی کە کوردستان بەشێک لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نییە، لەگەڵ بەغدا مامەڵە دەکات، بەغداش وەک پێویست مامەڵە لەگەڵ کوردستان ناکات و خۆی لە ئاوارەکانی کوردستان ناکاتە خاوەن."

٢٩٪ی هاووڵاتییانی کوردستان بەهۆی ئاوارەکانەوە زیادبوون. ئەوانە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بەپێی پێویست هاوکاریی ئاوارەکانیان نەکردووە کە باری سیاسی دێت، بۆ زۆر شت کە پێویست ناکات، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و (یوو ئێن) لۆمەی ئێمە دەکەن، بەڵام کە دێتە سەر سوپاسکردن، سوپاسی بەغدا دەکەن.

ئێمە دوو جۆرە ڕیفۆرممان هەیە، ئێستە لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی سەرقاڵی ڕیفۆرمێکین لە ٨ سێکتەری بنەڕەتی لە هەرێمی کوردستان. ئێمە تەنیا لایەنین کە داوامان لە بانکی نێودەوڵەتی کردووە، هاوکاری ئێمە بکەن لەم بوارەدا."

باسی لەوەش کرد "لە سێکتەری داراییدا ڕیفۆرمێکی تەواومان کردووە و لایەنی نێودەوڵەتیی زۆر هاوکاریمان دەکەن لەمبارەیەوە. وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پلاندانان و نووسینگەی جێگری سەرۆک وەزیران کار لەسەر ڕیفۆرم دەکەن."
Top