سەرەڕای پشتیوانییەکانی گۆڕان هەندێک لە هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەکە لە سروە عەبدولواحید نیگەرانن
سەرەڕای پشتیوانیکردنی گۆڕان لە لێدوانەکەی سروە عەبدولواحید، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق کە کەسوکاری شەهیدانی پێشمەرگەی بە “خۆفرۆش” وەسف کردبوو، ژمارەیەک لە هەڵسووڕاوانی گۆڕان لە قسەکانی ئەو پەرلەمانتارە نیگەرانن و هەڵسووڕاوێکیش ئەوە ئاشکرا دەکات کە ئاگاداریان کردووەتەوە.
پاش قسەکانی سروە عەبدولواحید، پەرلەمانتاری گۆڕان لە میانی بەرنامەی (بە ڕاشکاوی)ی کەناڵی ئاسمانیی (دیجلە)ی سەر بە نووری مالیکی، لە کوردستاندا کاردانەوەیەکی بەهێز بەرامبەر بەو پەرلەمانتارە و بێڕێزیکردنەکانی پێشووتری بەرپرسانی گۆڕان بە پێشمەرگە و کەسوکاری شەهیدان دروست بوو، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر پشتیوانیکردنی بۆچوونەکە و پەرلەمانتارانی بەردەوام بوو.
لە بەرامبەردا، بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز)، بەشێک لە هەڵسووڕاوانی گۆڕان، لە لێدوانەکانی سروە عەبدولواحید نیگەرانن و داوای ڕوونکردنەوەی لێ دەکەن. لەمبارەیەشەوە مام ڕۆستەم، هەڵسووڕاوی گۆڕان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “پەیوەندیمان بە سروە عەبدولواحید، پەرلەمانتاری خۆمان کردووە، لەسەر پرسی ئەو قسانەی کردوویەتی، ئەو ڕوونکردنەوەی خۆی بە ئێمە ڕاگەیاندووە”. ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لەسەر ئەو لێدوانانە ئاگادارمان کردووەتەوە.
پێشتریش ئامینە زکری، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاندبوو: “هەندێک لەو کەسانەی لەنێو گۆڕاندا کە هەست بە بەرپرسیارێتیی نیشتمانی دەکەن، پەیوەندییان پێوە کردووین و لەسەر قسەکانی پەرلەمانتارەکەیان، نیگەران بوون و داوای لێبووردنیان کردووە”.
دوێنێ سێشەممە 13\12\2016، کاروان ساڵح، پەرلەمانتاری پێشووی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “ئەو قسانەی پەرلەمانتار و بەرپرسانی گۆڕان بەرامبەر بە پێشمەرگە و کەسوکاری شەهیدان دەیکەن و بێڕێزییان پێ دەکەن، لە قوتابخانەی نەوشیروان مستەفای ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەکەوە هەڵقووڵاون”.
bas news-
