گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێم: ئەوانەی بیانەوێ کوردستان داگیر بکەن چارەنووسێکی باشتر لە داعشیان نابێت
دەقی لێدوانێك لە گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان:
(قەیس خەزعەلی) سەرۆكی گرووپی چەكداریی عەسائیب ئەهلی هەق لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنی لەگەڵ كەناڵی ئەلڕەشید هەندێ بۆچوونی نابەجێی لەبارەی كوردستان و پێشمەرگە و بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان و قۆناغی دوای داعش خستووەتەڕوو و پێیوایە دوای داعش گەورەترین كێشەی عێراق كوردە.
ئەمە جاری یەكەم نییە ئەم كابرایە قسەی لەمشێوەیە و هەڕەشەئامێز بەرانبەر بە گەلی كوردستان دەكات. هیوادارین ئەم وتە نابەجێیانەی تەنیا بۆچوونی خۆی و چەكدارەكانی بێت و لەو بڕوایەیش نین كە ئەو نوێنەرایەتیی حەشدی شەعبی بكات. داوایش لە سەركردایەتیی حەشدی شەعبی دەكەین هەڵوێستی خۆیان لەسەر وتەكانی (خەزعەلی) دەرببڕن.
گەلی كوردستان و پێشمەرگە چاویان لە خاكی كەس نییە و هەرگیز نەچوونەتە سەر ماڵی كەس. ئەوەی هاتبێتە سەر ماڵی خەڵكی كوردستان و نیازی داگیركردنی خاكی گەلی كوردستانی هەبێت لە كۆتاییدا بە تیاچوونی خۆی تەواو بووە.
بە دڵنیاییەوە (خەزعەلی) و هاوشێوەكانی كە بیانەوێ كوردستان داگیر بكەن چارەنووسێكی باشتر لە داعشیان نابێت و نایشتوانێ داعشئاسا بێت و لە كوردستان خەڵك لەسەر ناسنامە و مەزهەب سەر ببڕێ.
kdp-
