"پێویستە عەبادی لەسەر هەڕەشەی حەشدی شەعبی بێتە دەنگ"
(د.عەبدولحەكیم خەسرۆ) سەرۆكی بەشی زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سەلاحەددین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، "میلیشاكانی حەشدی شەعبی بە یاسا رێك خراون و نابێت لەمەودوا رێگە بە سەركردەكانی بدرێت لێدوان دژ بە هەرێمی كوردستان یان پێكهاتەیەكی سەرەكی وەك كورد لە عێراقدا بدرێت، دەكرێت لە ڕووی یاسایەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت، چونكە بۆیان نییە لێدوانی لەمجۆرە بدەن. پێویستە پابەندی یاسا عێراقییەكان بن، كاتێك كە هێزێكی عێراقی هەڕەشەیەكی وەها جیددی لە پێكهاتەیەكی عێراق دەكات، حكوومەتی بهغدا دهبێ هەڵوێستی هەبێت، بەتایبەت فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق كە خۆی سەرۆكوەزیرانی عێراقە، بەرپرسیارەتییەكەی دەكەوێتە ئەستۆ.''
سەرۆكی بەشی زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سەلاحەددین گوتیشی، ''هەڕەشەكانی ئەو سەركردەیەی حەشدی شەعبی كەموكورتییەکی دیكەی كوتلە كوردستانییەكانە ئەوانەی لە پەرلەمانی عێراق بەرگرییان لە یاسای حەشدی شەعبی كرد، تەنانەت لە كاتی دەنگدان پشتگیرییان لە بەیاساییكردنی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كرد، جا بۆیه پێویستە فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان هەڵوێستی خۆیان ئاشكرا بكەن، ئایا كاتی خۆی كە پشتگیرییان لە حەشدی شەعبی كرد، پێشبینیی ئەو هەڕەشەنانەیان نەدەكرد مەترسییەكان دیاری بكەن؟.''
(د.عەبدولحەكیم خەسرۆ) ئاماژەیشی دا، هەڵوێستی هەرێمی كوردستان ئاشكرایە، هەماهەنگییەكی باش لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە، رێككەوتن هەیە لە نێوانی پێشمەرگە و ئەمەریكا و عێراق سەبارەت بە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو ناوچانەی رزگار كراون، هەرێمی كوردستان پابەندە بەوەی هێزی چەكداری دژ بە هیچ پێكهاتەیەكی عێراق بەكار ناهێنێت، بەڵكو تەنیا لە سەنگەری هاوبەشە دژی گرووپە تیرۆریستییەكان، گلەیی لە سەركردەكانی حەشدی شەعبی ناكرێت، بەڵام پێویستە فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق بە ئەركی یاساییی خۆی هەستێت بۆ لێپرسینەوە لەو پرسە.
kdp-
