لێدوانێک لە گوتەبێژی فەرمیی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان

لێدوانێک لە گوتەبێژی فەرمیی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان
"قەیس خەزعەلی سەرۆکی گرووپی چەکداریی عەسائیب ئەھلی ھەق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی لەگەڵ کەناڵی ئەلڕەشید ھەندێ بۆچوونی نابەجێی لەبارەی کوردستان و پێشمەرگە و بەڕێز سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و قۆناغی دوای داعش خستووەتەڕوو و پێیوایە دوای داعش گەورەترین کێشەی عێراق کوردە.



ئەمە جاری یەکەم نییە ئەم کابرایە قسەی لەمشێوەیە و ھەڕەشەئامێز بەرانبەر بە گەلی کوردستان دەکات. ھیوادارین ئەم وتە نابەجێیانەی تەنیا بۆچوونی خۆی و چەکدارەکانی بێت و لەو بڕوایەیش نین کە ئەو نوێنەرایەتیی حەشدی شەعبی بکات. داوایش لە سەرکردایەتیی حەشدی شەعبی دەکەین ھەڵوێستی خۆیان لەسەر وتەکانی خەزعەلی دەرببڕن.



گەلی کوردستان و پێشمەرگە چاویان لە خاکی کەس نییە و ھەرگیز نەچوونەتە سەر ماڵی کەس. ئەوەی ھاتبێتە سەر ماڵی خەڵکی کوردستان و نیازی داگیرکردنی خاکی گەلی کوردستانی ھەبێت لە کۆتاییدا بە تیاچوونی خۆی تەواو بووە.



بە دڵنیاییەوە خەزعەلی و ھاوشێوەکانی کە بیانەوێ کوردستان داگیر بکەن چارەنووسێکی باشتر لە داعشیان نابێت و نایشتوانێ داعشئاسا بێت و لە کوردستان خەڵک لەسەر ناسنامە و مەزھەب سەر ببڕێ."
payamner -
Top