بە خستنەڕووی چەند پێشنیاز و راسپادەیەک کۆتایی بە کۆنفرانسی لێبوردەیی و پێکەوەژیان ھات
لە دوەم رۆژی کۆنفرانسی لێوردەیی و پێکەوەژیان بەپێشکەشکردنی چەند پانێڵێک و خستنەڕوی چەند پێشنیاز و ڕاسپاردەیەک کۆتایی بەکۆنفرانسەکە.
لە کۆنفرانسی لێبوردەیی و پێکەوەژیاندا، کە بەدروشمی (لێبوردەیی، ژیان: ھەڕەشەی تێرۆر و ئەزمونی پیکەوەژیان لە ھەرێمی کوردستان) لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەھاوبەشی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان ڕیکخرابو، بەئامادەبونی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و، سەرۆکی زانکۆکان و توێژەران و مامۆستایانی زانکۆ و ڕوناکبیران و بیرمەندان، ئەمڕۆ چوارەشەممە، ڕێکەوتی (١٤/١٢/٢٠١٦) لە ھۆڵەکانی سەعد عەبدوڵلا لەشاری ھەولێر درێژەی بەکارەکانی خۆیدا.
ڕۆڵی ئایین و پەروەردە لە ڕووبەڕووبونەوەی تێرۆردا
لەو چوارچێوەیەدا و، لە پانێڵی یەکەم لە دوەم ڕۆژی کۆنفرانسدا، لەبەر ڕۆشنایی ناونیشانی (ڕۆڵی ئاین و پەروەردە لە ڕوبەروبونەوەی تێرۆردا) سێ بابەت لەلایەن( م. بەھمەن تاھیر نەریمان، ھاوژین مەلا ئەمین، عەبدولسەلام مەدەنی و د. محەمەد شاکر) پێشکەشکرا.
بۆ ئەوەش سەرەتا (بەھمەن تاھیر) لە خستنەڕوی باسەکەیدا وتی: خەونی خەڵکی کوردستان؛ دروستکردنی مۆدێلێکی تایبەتە لە دەوڵەتی سەربەخۆ، لە دروستکردنی دەوڵەتی مۆدێرندا سیستمی پەروەردە قورساییەکی گەورەی دەکەوێتە سەر شانی بۆ دروستکردنی ھاونیشتمانییەک ، کە ئینتمای قوڵی بۆ ئەم دەوڵەتە ھەبێت، سیستمی پەروەردە ھەر لە باخچەی ساوایانەوە تا دەگات بە ئامادەکردنی خوێندکار بۆ ناو زانکۆ دەگرێتەوە، وتیشی فەلسەفەی پەروەردە بەتەواوی دەیەوێت سیستمی بەھاکان و پەیوەندییەکان وا دابڕێژێتەوە، کە دەیەوێت ئایندەی ئەم دەوڵەتە دواتر بسپێریت بەم نەوانەی خۆی سیستمەکەی تێداچاندون.
بۆ ھەرێمی کوردستانیش (بەھمەن تاھیر) وتی: پاش ڕاپەڕین خەڵکی کوردستان وا بۆ نزیکەی (٢٥) ساڵە ھەرێمێکی شێوە سەربەخۆیان ھەیە، سیستمی پەروەردەیەکەی بەشێوەیەکی زۆر سەربەخۆ لە بەغداد کاری کردوە، بۆیە لێرەدا دەپرسین ئایا وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان خاوەنی سیستمێکی پەروەردەیی پلان بۆ داڕێژراو بوە بۆ پەروەردەکردنی ھاونیشتمانییەک، کە خۆی دەیوێت؟ کۆی ئەو کتێب (Curriculum)انەی کردونی بەبەشێک لە پڕۆگرام دەیەوێت چ مۆدێلێک لە ھاونیشتمانی دروست بکات؟ دیمۆکراسیخواز و ئازادیخواز و بڕوابو بە دیالۆگ یان نادیمۆکراس و ملکەچ و گوێڕایەڵ؟، نەتەوەخواز یان نیشتمانخواز (نیشتمانی کوردستانییەکان نەک بەتەنھا کوردەکان)؟، ئایا سیستمی بەھاکان سەرچاوەکەی سیستمێکی دینییە یان سیستمێکی دنیایی، جیھانبینی تاک دینیانە پەروەردەدەکرێن یان دونیاییانە؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانەش پشتی بە تێزەکانی (پاولۆ فرێری)، فەیلەسوفی بواری پەروەردە بەست، ھەروەھا، کتێبەکانی(وانەی کوردی، عەرەبی، پەروەردەی ئیسلامی، کۆمەڵایەتی، مێژوو) لە دوازدە قۆناخی بنەڕەتی و ئامادەیی وەک سەرچاوەی زیندو لەبەردەم تێزەکانی ئەم فەیلەسوفەی پەروەردە خوێندنەوەیان بۆ کرد و وەڵامەکانی دایەوە.
لە بەشێکی دیکەی ئەو پانێڵەدا ھاوژینی مەلا ئەمین باسێکی پێشکەش کرد، لە خستنەڕوی باسەکەشیدا وتی: پەروەردە و زانستی مرۆیی و گەردونی بەدەرن لە ھەر بارگەیەکی ئاینیی و ھەر دەمارگیریی و حوکمێکی پێشەوەخت، ھەربۆیە پێویستە کایەی پەروەردە و خوێندنی باڵا ـ وەک ئەوەی کە بە سروشتی خۆیان ھەن ـ سکولاریزە بکرێنەوە. ھاوژینی مەلا ئەمین وتی: لەسەر ئاستی پەروەردە، دەبێت بە بێ ھیچ جیاوازیی و ھەڵاواردنێک، شانبەشانی یەک، وەک بەشێک لە ڕۆشنبیریی کەلتوریی و کۆمەڵایەتی، ھەمو یان دیارترین ئایین و ڕێباوەڕەکان، بخوێندرێن و، جەخت لە سەر لایەنە مێژویی و کەلتوریی و ھاوبەشەکانی ھەمو ئایینەکان پێکەوە و بەیەکسانی بکرێتەوە، ئەوەشی ڕاگەیاند: وانەی ئایین دەبێ بکرێتە وانەیەکی فرە ڕەنگ و ڕێگە خۆشکەر بۆ تێگەشتن لە جیاوازیی و فرەیی ئاینیی و، دواجار ئەم وانەیە تەواوکار بێت، بەشێوەیەک بەتەواویی بە بەھا مرۆڤایەتییەکان و وانەی مافەکانی مرۆڤ و کۆمەڵێک بەھا و بنەمای ئاکاریی موتوربەکراو بێت، کە ھاوشانیی و یەکسانی و یەکدەنگی ئایینەکان لە سەر زۆر لە بابەتە ئاکاری و مرۆڤایەتییەکان دووپاتدەکەنەوە، وتیشی پێویستە پەروەردەی ئیسلامی بۆ پەروەردەی ئاینیی بگۆڕدرێت.
لە بواری خوێندنی باڵا-شدا ھاوژینی مەلا ئەمین وتی: لە بریی بە ئەکادیمیکردنی خوێندنی شەریعەت، پێویستە لە ڕوانگەی فەلسەفە و زانستە کۆمەڵایەتییەکانەوە، وەک بابەت نەک سەرچاوەی مەعریفەی زانستیی سەیری ئایین و ئاینداری بکرێت و، بکرێنە بوار و بابەتی توێژینەوەی زانستی، بۆ ئەو مەبەستەش دەبێ کۆلێژ و بەشەکانی ئاینناسی ھەبێ.
عەبدولسەلام مەدەنی بەخستنەڕوی بابەتێک درێژەی بەپانێڵەکەدا وتی: توندوتیژی توندڕەوانە ھەمەلایەنترە لە تیرۆریزم. لەم سەردەمی بە جیھانیبونەدا، کە بەھۆی ھۆکارەکانی پەیوەندیکردنەوە ھاتۆتە ئاراوە، زۆرێک لە دیاردەکانی جیھانیش ڕەھەندێکی جیھانیان وەرگرتوە، لە نێویاندا توندوتیژی توندڕەوانە. بۆ ئەوەش وتی: لە سەرەتادا، چاوەڕێمان دەکرد ئەم بە جیھانیبونە سەربکێشێت بۆ پەیوەندییەکی قوڵتر و بەھێزتر لە نێوانماندا، بەڵام بەشێوەیەکی سەیر ھەڵکشانی توندوتیژی توندڕەوانەمان بەدیکرد. لە سەدەی بیستدا، زیادبونی ئاستی توندوتیژی توندڕەوانەمان بینی، کە بە ناوی ئایینەوە، بە تایبەتی ئیسلامەوە، ئەنجامدرا.
مەدەنی وتیشی: لە مێژودا ئایین یەکێکە لە بزوێنەرە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەی مرۆیی، لە کاتێکدا بۆی ھەیە ئایین سەربکێشێت بۆ لێبوردەیی و گەشەپێدان و ڕابون، بەڵام دەکرێت ببێتە تلیاکی گەلان و ھۆکارێک بۆ دوبەرەکی و خوێنرێژی، بۆ ئەوەش وتی: ئەگەر ھاتو ئاین ئەو ڕۆڵە تێکدەرەی دواییانی بینی، ئەوا مەترسییەکی لە ڕادەبەدەر دەخوڵقێنێت، لەو چوارچێوەیەشدا نمونەی بەوتەیەکی (جۆن دێوەی)ی ھێنایەوە، کە باس لەوە دەکات کە پەروەردە پڕۆسەیەکی بەردەوامە بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی، ڕونیشیکردەوە لە کۆمەڵگەکانی ئێمەدا، ئایین بۆتە بەشێک لە پرۆگرامەکانی قوتابخانەکان، بۆ ئەوەش وتی: دەبێ جەخت لەسەر ئەم پرسانەی خوارەوە بکەینەوە:-
١. پێداگیریی لەسەر پرسی پێکەوەژیان لە نێوان پێکھاتە جیاوازەکاندا ( ئایینی، تایەفەگەری، نەتەوەیی، ھتد).
٢. زاڵبون بەسەر دەمارگیری ئاینیدا.
٣. ڕەخساندنی کەشێکی لەبار بۆ گفتوگۆی پیشەگەرانە.
٤. کۆدەنگی لەسەر ھەمو ئەو بەھایانەی کە ڕیشەیەکی قوڵ و بەربڵاویان لە نێو مرۆڤایەتیدا و سەرجەم ئاینەکان بەشداربوونە لە پتەوکردن و چەسپاندنیاندا ھەیە.
لە کۆتایی ئەو پانێڵەشدا د.محمد شاکر محمد باسێکی لەبارەی ڕیفۆرم لە بواری خوێندنی ئایینی لە زانکۆکانی کوردستان خستەڕو، بۆ ئەوەش وتی: لەسەر ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی چەندین پرسیار سەبارەت بە خوێندنی ئیسلامی بەگشتی بونەتە بابەتی گەرمی ئێستا، بەتایبەت لە دوای ڕوداوەکانی (١١ سێپتێمبەری ساڵی ٢٠٠١) و، پاشان لە دوای دەرکەوتنی گروپی تێرۆرستی داعش، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی، ھەڵسەنگاندنی پڕۆسەی فێرکردن و ڕیفۆرم لە بواری پرۆگرامی خوێندن و خوێندنی ئایینی بەتایبەتی یەکێک بوە لە ھەنگاوە گرنگەکان بۆ ئەوەی پڕۆسەی خوێندن و فێرکردن لەسەر ڕێڕەوێکی ڕاست و تەندروست بڕوات، لە مێژوشدا وتی: غەزالی پڕۆژەی ساخکردنەوەی زانستە ئایینیەکان (إحیاء علوم الدین)ی وروژادوە و (ئیبن خەلدون)یش لە (مقدمە)کەی خۆی بە قوڵی تاوتۆی شێوازەکانی فێرکردنی ئایینی کردوە و، چەندین پێشنیازی پێشکەش کردوە، ھەروەک لە دو سەدەی ڕابردوشدا (محمد عەبدە) پڕۆژەیەکی بۆ چاکسازی لە بواری خوێندن لە ئەزھەر پێشکەشکرد و خەباتی لە پێناوی کرد، بەھەمان شێوە (محمد الگاھر بن عاشور) پڕۆژەیەکی پێشکەش کرد بۆ ئەنجامدانی ڕیفۆرم لە خوێندنی زەیتونە لە تونس و چەندین ھەوڵی تر، بۆ ئەوەش وتی: لە ھەرێمی کوردستانیش وتی: دەست خۆشی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانسی و حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین بۆ بایەخدان و ھەوڵ و کۆششیان لە پێناو ئەنجامدانی ڕیفۆرم و پێداچونەوە بە پرۆگرامەکانی خوێندن لە زانکۆکانی کوردستان و دوبارە داڕشتنەوەیان بە شێوازێک کە کێشەکان چارەسەربکەن و، لەگەڵ سەردەمی ئێستا بگونجێن و لە ئاستی پێویست دابن. چونکە فێرکردن لە بواری خوێندنی ئاییی ئەگەر بەشێوازێکی ئەکادیمی و زانستی رَاست و دروست پەیڕەو نەکرێت، دەبێتە ھۆکارێکی سەرەکی بۆ بەرھەمھێنانی بیری توندڕەویی و ئەقلیەتی چەقبەستو و دواکەوتو.
ھەرێمی کوردستان لە دوای شەڕی داعش
لە پانێڵی دوەمیشدا لەبەر ڕۆشنایی ناونیشانی (ھەرێمی کوردستان لە دوای شەڕی داعش ) سێ بابەت لەلایەن(د.عەبدولحەکیم خەسرەو، فەرید ئەسەسەرد، د. ئومێد ڕەفیق) پێشکەشکرا.
لەسەرەتای پانێڵەکەدا، د. عەبدولحەکیم خەسرەو باسێکی بەناونیشانی (ئاساییش وسەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان دوای شەڕی داعش) پێشکەشکرد، بۆ ئەوەش وتی: ھەرێمی کوردستان دوای داعش لەبەرەی دژی تیرۆر لەبەر ئەوەی مەترسیەکانی تیرۆر بەردەوام دەبیت، بۆیە لەمانەوەی ئەو بەرەیە بەردەوام دەبێت، بۆ ئەوەش باسی لە پێویستی بەرنامەیەکی درێژخایەن لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەرکردنی ھۆکارەکانی دروستبونی داعش کرد، کە گرنگترینیان شەڕی تائیفی و مەزھەبیە لە ئێراق و سوریا، لەوەشدا چەند خاڵێکی خستەڕو، کە بریتبون لە:
١. بەشیک لەو پلانانە سەربازین و پەیوەندییان بە بەردەوامبونی ھێزی ئەمریکایە لە ئێراق ھەیە، ھەروەک پەیوەندی بە دوبارەنەکردنەوەی ھەڵەی کشانەوەی ھێز لە کۆتایی (٢٠١١)ەوە ھەیە، بۆیە بەردەوامبونی پێشمەرگە و ھەریمی کوردستان وەک بەشێکی سەرەکی ھاپەیمانێتیەکە و،دروستکردنی بنکەی سەربازی ھەمیشەیی بەبونی ئەگەرێکی ئارا لە قەڵەمدا.
٢. دەستپێکردنی دانوستنانی نیوان ھەرێم و بەغداد لەسەر بابەتی سەربەخۆیی، یان دانانی شێوازێکی دیکەی پەیوەندی و یەکلاکردنەوەی پرسی سنوری ھەریمی کوردستان، کە ئێستا زۆربەی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ھەریم لە ژێر کۆنترۆڵی ھەرێمی کوردستانە، بۆ ئەم مەبەستەش پرسی پێکھاتەکانی ناوچە کوردستانیەکان بە باسێکی گرنگ وەسفکرد.
لە کۆتاییشدا ئەوەی ڕاگەیاند: کە بابەتی ئاسایشی ھاوبەش و سەربەخۆیی کوردستان دەبنە گرنگترین تەوەرەکانی سیاسەتی ھەرێمی کوردستان لە دوای داعش، ئەوەش کاریگەری لەسەر ئایندەی ھەرێم دەبیت.
ھەر لەو پانێڵەدا فەرید ئەسەسەرد وتی: دەبێت تێکشاندنی داعش بە ڕوداوێکی وا دابنێنین کە دوو قۆناغ لێک جیادەکاتەوە، لەو وڵاتانەی بە قۆناغی دوای شەڕ تێپەریون(قۆناغی پێش شەر و قۆناغی دوای شەڕ)، قۆناغی لێک جیاواز دەبن، ھەندێکیان لە قۆناغی دوای شەڕ سودمەند دەبن، ھەندێکی تر زیانی لێ دەکەن، وتیشی ئەوەی کە پەیوەندی بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە، ئەوەیە کە ھەرێمی کوردستان پاش داعش ناتوانێت لە سەر ئەم بارودۆخەی ئێستا بەردەوام بێت، بەڵکو پێویستی بە پێداچونەوەیەکی ڕیشەیی بە سیاسەتە ناوخۆی و دەرەکیەکانی ھەیە و، دەبێ ستراتیژێکی ڕونی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پەیوەندییە سیاسیەکانی لە ناوخۆ و لەگەڵ حکومەتی ناوەند و دەوڵەتانی ناوچەکە و زلھێزەکانی جیھاندا ھەبێت.
لەبەشێکی دیکەی پانێڵەکەدا د. ئۆمێد ڕەفیق فەتاح درێژەی بەباسەکانی ناونیشانەکەدا و وتی: کۆتایی شەری داعش دەبێتە خاڵی یەکلاکەرەوە بۆ کردنەوەی دەرگەی بونیادنانی ئێراقێکی تازە، یاخود پەیوەندی پیکھاتەکان و بەڕێوەبردنی ئەو شارە چۆن دەبێت؟ دۆخی ھەرێم و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێراق بەرەو کوێ دەچێت؟ پێش دەستپێکردنی پرۆسەی سەربازی ئەبێت دانوستاندن و گفتوگۆی تەواو لەسەر دۆسیەی کارگێڕی و بەڕێوەبردنی نەینەوا بکرێ ، چونکە ئەم پرۆسەیە تەنھا پرۆسەیەکی سەربازی نیە، ئەگەر نەینەوا بەتەواوەتی لە ڕوی سەربازییەوە ئازاد بکرێ، ئەوا لە ڕوی سەربازییەوە ئیدارەدانی لە دوای شەر بە بێ ڕێکەوتنی پێش وەختە قورسترە لە پێش ڕزگارکردنی . بۆ ئەوەی وێنەکە ڕونتر بێتەوە بە تێروانینی من چوار پرۆژە ھەیە بۆ دوای شەری ئازادکردنەوەی موێڵ ئەوانیش بریتین لە:
١. پڕۆژەی سونی ـ تورکی ـ سعودی
٢. پڕۆژەی کوردی ئەمریکی.
٣. پرۆژەی شیعی ـ ئێرانی.
٤. پڕۆژەی شیعی ـ سەربازی.
د.ئومێد درێژەی زیاتری بەباسەکەیدا و وتی: نەبونی لێکتێنەگەیشتنی ھاوبەش بۆ موێڵ لەلایەن ئێراقیەکان و تێکەڵاوبونی ھاوکێشە ھەرێمیەکان ،کە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان ھەیە، شەڕی موێڵ بۆ زۆرێک لەلایەنەکان لە بەکرێدانێکی ئاشکرا دەچێت ، سوننەکان کە خاوەنی شارەکەن لە ئێستادا لایەنی بێھێزی ئەم ھاوکێشەیەن، کوردستان کە خاوەنی وانەیەکی ئەمنییەو لە%٩٠ ی ئەو پێگە سەربازییانەی کە دەکرێت بۆ گرتنەوەی موێڵ یەکلاکەرەوە بن لە دەستی پێشمەرگەدایە.ئەوەی بۆ کوردستان گرنگەو دەبێت گەڕانەوە بێت بۆ کۆدەنگی نیشتمانی ناوخۆیی و مامەڵەی بەرپرسانە لەگەڵ دۆسیە سیاسی وئابورییەکان و، راگرتنی باڵانسی سیاسی لەگەڵ دۆسیەی سیاسەتی دەرەوە و، دەبێت بەشێوەیەکی ھاوسەنگ لەگەڵ سیاسەتی ھەرێمی مامەڵە بکات.
پاشان د. چنار سەعد عەبدوڵلا درێژەی بە پانێڵکە داو لە چوارچێوەی زانستی کۆمەڵناسی خوێندنەوەی بۆ بابەتەکە کرد و وتی: لەبەر ئەوەی جەنگەکان لە کۆن و ئێستادا بۆ مەبەستی فراوانخوازی و دەستکەوتی ئابوری و سیاسی ھەڵگیرسێنراون، لە میانەی ھەڵسەنگاندنی دەرئەنجامی شەڕەکاندا و قۆناغی دوای شەڕەکاندا پتر گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتانە دەکرێن کە پەیوەستن بە چوارچێوە سیاسیەکەی و بە چارەسەرکردنی ململانێ ئابوری و سیاسیەکان ھتد. بەڵام، ھەمیشە بابەتێکی زۆر گرنگ فەرامۆش دەکرێت، کە ئەویش بریتیە لە چارەنوسی کۆمەڵگە لە دوای شەڕ، واتە ئایا بونیادە کۆمەڵایەتیەکە چی بەسەردێت؟، نۆرم و بەھاکان، جوڵەی دانیشتوان، شێوازی ژیان، ستانداردی پەروەردەیی و پێداویستی قوربانییەکان؟ چیان لێ دێ؟.
چنار سەعد وتی: لە دەرئەنجامی شەڕدا، دیموگرافیای (پێکھاتەی دانیشتوان) کوردستان گۆڕانکاری بەسەردا ھاتوە. شەڕ بۆتە ھۆی ئەوەی لە ناو دانیشتواندا دیاردەی چەک ھەڵگرتن بڵاوبێتەوە، ھاوشانی ئەوەش ڕێژەی جۆرەکانی تاوان زیاد دەکەن.
پەیوەست بەدۆخی کۆمەڵگەی کوردی دوای نەمانی داعش، چنار سەعد وتی: ئەم شەڕە ئاکامی کۆمەڵایەتی درێژخایەنی لێدەکەوێتەوە، بۆیە بەرپرسیارێتی دامەزراوە فەرمی و تایبەتمەندەکانی ھەرێمی کوردستانە پلانیان بۆ دوبارە بونیاتنانی سەرخانی کۆمەڵایەتی لە دوای لەناوبردنی داعش ھەبێت، تا بتوانن چارەسەری سەرجەم ئەو بەربەست و گۆڕانکاریانە بن، کە بەھۆی شەڕی داعشەوە ھاتونەتە ئاراوە.
گرفتەکانی وتاری ئاینی لە ھەرێمی کوردستان
لە بەشی دوەمی، دوەم ڕۆژی کۆنفرانسەکەدا لەبەر ڕۆشنایی (گرفتەکانی وتاری ئاینی لە ھەرێمی کوردستان) چەند بابەتێک لەلایەن شارەزاییانەوە کە بریتیبون لە (د. سەباح بەرزنجی، عەبدولرەحمان سدیق، نوێنەری وەزارەتی ئەوقاف) پێشکەش کرا.
لەسەرەتادا د.سەباح بەرزنجی وتی: وتاری ئاینیی بریتیە لەو دەربڕینەی ھەڵگری پەیامی ئاینیە بەمەبەستی کارکردن لە سەر خەلک و ئاڕاستەکردنی بیر و ھەڵسوکەوتیان، لەوەشدا وتاری ئاینی چوار پایەی ھەیە (دەربڕ ، وەرگر ، پەیام و داڕشتن)، وتاربێژیش بەناوی خودا و بەناوی پیرۆزییەکانەوە قسان دەکات، وتیشی وتاری ئاینی ڕێتمی ھاندان و تۆقاندنی پێوەیە، چونکە ئامانجەکانی وتاری ئاینی ڕەنگرێژکردنی ژیانە بە ڕەنگیکی ئاینی.
د.سەباح بەرزنجی لەگەڵ ئاماژەکردن بەگرفتەکانی وتاری ئاینی لە ھەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەڕێگەچارەکانیش کرد، بەتایبەت بەھیزکردنی ئەزموونی سیاسی و، دانانی ستراتیژێکی نیشتمانیی بۆ وتاریی ئاینی، ھەروەک پێشخستن و گۆڕانکاریی لە وتاری ئاینی بەپێویست زانی ، لەھەمان کاتدا کرانەوەی وتاری ئاینی بەڕوی ئەزمونەکانی دیکەی جیھاندا بەخاڵێکی دیکەی گرنگ زانی، ھەر لەو چوارچێوەیەدا وتی: دەبێ پەیوەندی نیوان دامەزراوەیی ئاینی و دامەزراوە پەروەردەی و فێرکارییەکان کارابکرێت .
پاشان عەبدولڕەحمان سدیق ڕونکردنەوەی زیاتری لەبارەی کێشەکانی وتاری ئاینی خستەڕو وتی: بەشێوەیەکی گشتی ئەگەر وتار ئاڕاستەکردنی قسەو پەیام بێت بۆ ئەوانی دی، یان قسەو پەیامی ئاڕاستەکراو بێت بۆئەوانی دی بۆھەمان مەبەست، ئەوا لێرەوە دەردەکەوێت کە وتار کۆی بەرھەمە فیکرییە پەسەندکراوەکانە لەلایەن زۆرینەوە لەڕێی دامەزراوەکانیەوەو، لەسەردەمێک و قۆناغێکی مێژووییداو، لەلایەن دەستەبژێرو بەرپرسانییەوە. لێرەوە وتار جیادەبێتەوە لەو پرۆژانەی کەتاک بەرھەمی دێنێت و قسەی لەسەر دەکات، چونکە وتار بەرھەمێکی کەڵەکەبوی دەستە جەمعیی قۆناغێکە بۆ بەرامبەر قسەدەکات نەک بۆ خۆی. کەواتە سروشتی وتار دەشێت نوسین یان قسە بێت و، ئەرکی وتاریش تێگەیاندن و قەناعەت دروستکردنە، میکانیزمی وتاریش کارلێککردن و بەیەکگەیشتنە.
لە کۆتاییشدا عەبدولڕەحمان سدیق بە دوو خاڵ وەڵامی ئەو پرسیارەی دایەوە، کە چی بکرێ بۆ پێداچونەوەو چاکسازیی لەوتاری ئایینیدا؟، وەڵامەکەشی بەم شێوەیە بو:
١. بایەخدان بەخوێندنەوەی زیاترو خۆڕۆشنبیرکردن بەئاراستەی ھاوچەرخی و سەردەمیبون.
٢. بایەخدان بەسەرچاوەی خۆماڵی و دورکەوتنەوە لەئەزمونی ھاوردەکراو ی کۆپیکراو و، تێپەڕکردنی ئەزمون و نوسینە دەرەکییەکان بەفلتەری کوردەواریدا.
د.ئیبراھیم محمد بەرزنج-یش وەک مامۆستایەکی ئاینی و نوێنەری وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی بەشداری ئەو پانێڵەی کرد و وتی: ھاوشێوەی وتارە سیاسی و لایەنەکانی دیکەی ژیان، وتاری ئاینیش پێویستی بەچاکسازی و نوێگەری ھەیە، بەڵام لەسەر تێگەیشتنێکی تازە، چونکە یەکێک لە گرفتەکانی وتار ئەوەیە وتاربێژەکان وەک دەوڵەت مامەڵە لەگەڵ وتارەکانیاندا دەکەن، لەھەمان کاتدا دەمارگیری و گۆمڕایی زۆر بۆ ئاین دەکرێ، زۆرێک لە وتاربێژەکان تەنھا وتار بۆ شوێنەکەوتوانی خۆیان پێشکەش دەکەن، ھەربۆیە سەرەنجڕاکیشیان و جۆراو جۆریان تێدا نیە. د.ئیبراھیم محمد بەرزنجی ڕونیکردەوە بەپێی دواین ئامار تا ئێستا (٥٤٧٧) مزگەوت لە ھەرێمی کوردستان ھەیە، لەو ژمارەیەشدا لە (٣٤٠٠) مزگەوتیان وتاری ئاینی پێشکەش دەکرێ، بەڵام جگە لە مینەرەکانی مزگەوت، دامەزراوەکانی ڕاگەیاندنیش ھۆکارێکن بۆ بڵاوکردنەوەی وتاری ئاینی، ئەوەش گرفتێکەو وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی ناتوانێ کۆنتڕۆڵێیان بکات، بەڵکو پێویستی بە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانە بۆ ڕێکخستنەوەیان، لە کۆتایشدا نەبونی ستراتیژی وتاری ئاینی بەیەکێکی دیکە لە گرفتەکان وتاری ئاینی لە کوردستان دەستنیشان کرد.
کۆتایی کۆنفرانس
لە کۆتایی کۆنفرانسەکەشدا دوای خوێندنەوەی پوختەی کۆنفرانس، لە ئەنجامدا چەند ڕاسپاردەو پێشنیازێک بۆ لایەنە پەیوەندارەکان گەڵاڵەکران بۆ ئەوەی بیکەنە کارنامەی داھاتوی خۆیان بۆ چۆنیەتی ڕوبەڕوبونەوەی بیری توندڕەوی و پتەوکردنی گیانی لێبوردەیی و پێکەوەژیان لە ھەرێمی کوردستان، بەوەش کۆتایی بەکۆنفرانسەکە ھات.
payamner -
