ئەنجومەنی وەزیران: یاسای بودجەی گشتیی عیراق بە ھیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستاندا نییە
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا "عەبدولسەتار مەجید" وەزیری کشتوکاڵ و ئاودێری، پوختەیەکی دەربارەی سەردانێکی خۆی و شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا پێشکەش کرد بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆنفرانسێکدا دەربارەی دەرفەتەکانی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش لە بواری کشتوکاڵدا. ئاماژەی بەوەش دا لەو سەردانەدا لەگەڵ زۆرێک لە وەبەرھێنەران دیدار و کۆبوونەوەیان ئەنجام داوە و داوایان لێکردوون بۆ وەبەرھێنان بێنە ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتی کە لە ڕووی سەقامگیری و ئارامییەوە دۆخێکی باش و لەبارەی ھەیە. ھەروەھا باسی لەوە کرد کە شاندێکی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بۆ ھەمان مەبەست سەرەدانی ھەرێمی کوردستانی کردووە.
لای خۆیەوە سەرۆک وەزیران دەستخۆشی لێکردن و دووپاتی کردەوە کە دەبێ حکوومەت بەردەوام لە ھەوڵدا بێت بۆ ئەوەی جگە لە نەوت و گاز، سەرچاوەی دیکەی داھات بدۆزێتەوە، کشتوکاڵیش یەکێک لەو کەرتانەیە کە دەبێ کاری لەسەر بکرێت. باسی لەوەش کرد کە دوو کێشە ھەیە لەبەردەم کشتوکاڵدا یەکەمیان یاساکان و دووەمیشیان نەبوونی تەکنەلۆژیای نوێ بۆ پێشخستنی کشتوکاڵ. ھەروەھا داوای لە بەڕێز وەزیری کشتوکاڵ و ئاودێری کرد کە دەبێ بەدواداچوونی بەردەوام بۆ ئەم بابەتە بکرێت و ھەوڵ بدرێت وەبەرھێنەرانی بیانی بۆ وەبەرھێنان لە بواری کشتوکاڵدا ھان بدرێن بێنە کوردستان.
دوای ئەوە "ڕابەر سدیق" بریکاری وەزارەتی دارایی و ئابووری بەوەکالەت، ڕاپۆرتێکی دەربارەی کەموکوڕی و خاڵە نەرێنییەکانی یاسای بودجەی گشتیی عیراقی فیدرالبۆ ساڵی ٢٠١٧ خستە ڕوو کە بە ھیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا نییە.ھەروەھا دووپاتی کردەوە کە ئەو بودجانەی بۆ ھەرێمی کوردستان تەرخان کراون، ھەمیشە کەموکورتی تیادا بووە و حکوومەتی فیدرالی عیراق ھەمیشە بە ویستی خۆی و بۆ مەرامی سیاسی دەستکاریی یاساکانی تایبەت بە بودجەی ھەرێمی کوردستانی کردووە.ڕوونیشی کردەوە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، مانگانە بە ملیۆنەھا دۆلار بۆ کەرتەکانی پەروەردە و تەندروستی و کارەبا خەرج کردووە.
ئینجا سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە ئەو بڕگانەی سەبارەت بە بودجەی ھەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی گشتیی عیراقی فیدرالدا ھاتوون، ھیچ ڕوون نین و دیار نییە چۆنە و چەندە؟!. ھەروەھا ڕایگەیاند ئەنجومەنی وەزیران پێیخۆش بوو فراکسیۆنە کوردستانییەکان ئامادەی کۆبوونەوە ببوونایە بۆ ئەوەی کەموکورتییەکانی بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بودجەی گشتی عیراقدا، ڕوون بکرێتەوە.
"قوباد تاڵەبانی" جێگری سەرۆک وەزیرانیش وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە یاساکە، دووپاتی کردەوە کە دەبێ کۆبوونەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان ئەنجام بدرێت و تێبینییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیان لەسەر یاسای بودجەی گشتیی بۆ ڕوون بکرێتەوە، ھەروەھا جەختی لەوە کردەوە کە ئەم بابەتە لەنێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرالی عیراقدا چارەسەر بکرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا ھەریەکە لە وەزیرانی حزبە بەشدارەکانی حکوومەت، پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یەگکرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان نیگەرانی و ناڕەزاییی خۆیان لە یاسای بودجەی گشتیی عیراق دەربڕی و ھەموویان دووپاتیان کردەوە کە یاساکە بە ھیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستاندا نییە.
لە کۆتاییدا ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە بۆ ڕوونکردنەوەی تێبینییەکانی خۆی لەسەر یاسای بودجەی گشتیی عیراقی فیدرال بۆ ساڵی ٢٠١٧، لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ھەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی عیراقی فیدرال کۆببێتەوە.
payamner -
