نەوزاد هادی: بەهۆی شەڕی مووسڵەوە فشارێکی زۆر لەسەر نەخۆشخانەکانی هەولێر هەیە

 نەوزاد هادی: بەهۆی شەڕی مووسڵەوە فشارێکی زۆر لەسەر نەخۆشخانەکانی هەولێر هەیە
پارێزگاری هەولێر ئاشکرای کرد، بەهۆی شەڕی مووسڵەوە، ژمارەیەکی یەکجار زۆر نەخۆش و بریندار هێنراونەتە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر و پێداویستییە پزیشکییەکان و دەرمانیش کەم بوونەتەوە.

نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر، ڕایگەیاند: “هەرچی بریندار و نەخۆش و ئاوارە هەیە لە شەڕی مووسڵ، لە نێو سڤیل و سەربازییەکانیشدا، دەهێندرێنە نەخۆشخانەکانی هەولێر، لە زۆربەی نەخۆشخانەکانی هەولێر تیمار دەکرێن، بۆیە پێداوستیی پزیشکی و دەرمان یەکجار کەمبووەتەوە، چونکە ئەوەی بەغدا ناردوویەتی، کەمە”.

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە نەخۆشانەکانی هەولێر 24 کاتژمێر دەرگایان بۆ ئەو بریندار و نەخۆشخانەی پارێزگای مووسڵ کراوەتەوە، جا سەربازی بن یان مەدەنی. گوتیشی: “ئێستا وەک پارێزگاری هەولێر، بە فەرمی داوامان لە بەغدا کردووە، پێداویستیی پزیشکی و دەرمانمان بۆ بنێرن، چونکە شەڕی مووسڵ بەردەوامە و درێژە دەکێشێت".

پارێزگاری هەولێر ئەوەی دووپاتکردەوە کە فشارێکی زۆر بەهۆی شەڕی مووسڵەوە لەسەر نەخۆشخانەکانی هەولێر هەیە.












باسنیوز
Top