حەشدی شەعبی لە تاران: ڕێنوێنییەکانی ئێران زۆر یارمەتیدەرمان بوون
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی (تەسنیم)ی نزیکە لە سوپای پاسداران، ئەو کۆنفرانسە پێشنوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 2016 -12- 14ڕۆژنامەنووسیە بۆ "ئەحمەد ئەلئەسەدی" پەرلەمانتاری عێراق و گوتەبێژی حەشدی شەعبی لەناو بارەگای ماڵپەڕی تەسنیم ساز کرابوو.
ئەو کۆنفرانسە ڕۆژنامەنووسییە تایبەت بە کار و چالاکییەکانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و بەتایبەت بەشدارییان لە ئۆپراسیۆنی ئازادکردنی مووسڵ تەرخان کرابوو.
ئەحمەد ئەلئەسەدی گوتی "بە یارمەتیی سوپای عێراق و پاڵپشتی و ڕێنوێنیی ئێران توانیومانە زۆر سەرکەوتن بەدەست بێنن و موژدەی ئەوە بە هەموو لایەک دەدەین کە ئێمە ڕیشەی تیرۆر لە عێراق بنبڕ دەکەین."
ئاماژەی بەوەش کرد "دوو ساڵ و نیو لەمەوبەر دەستمان پێکرد و ئامانجمان پیرۆزی و گەڕاندننەوەی کەرامەت بوو بۆ عێراق و ئێستا تیرۆرسیتان 400 کیلۆمەتر لە بەغدا دوور کەوتوونەتەوە."
ڕاشیگەیاند "ئێمە لە بەرەی گرنگ و ڕۆژئاوای مووسڵەوە چالاکین و توانیومانە 4 هەزار کیلۆمەتری ناوچەکە ئازاد بکەین و بەرەکانی باشوور، ڕۆژهەڵات و باکووری مووسڵ بە سوپا، پۆلیس و پێشمەرگە سپێردراوە."
لە کۆتاییدا گوتی "دەبێ بڵێن کە موژدەی پیرۆزی و سەرکەوتنی کۆتایی زۆر نزیکە و بەمزوانە رایدەگەیەنی کە عێراق بە یەکجاری لە تیرۆریزم پاک دەکرێتەوە."
دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی زۆربەی شارەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنبار لە مانگی حوزەیرانی 2014 لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە، عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق فەتوای دروستکردنی میلیشیای حەشدی شەعبی دا، تاوەکوو شوێنی سوپای عێراق بگرێتەوە.
لە مانگی ڕابردوودا پەرلەمانی عێراق بە فەرمی پڕۆژە یاسای بە فەرمی ناساندی حەشدی شەعبی وەک هیزیکی چەکداری عێراق ناساند و لەمەوبەدوا هەموو مووچە و بوودجەیان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە دەدرێت.
ئەمە لە کاتێک دایە کە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا و هەندێ لایەنی دیکە لە ناوچە حەشدی شەعبی وەکوو هێزێکی چەکداری میلیشیای شیعە و دروستکراوی ئێران دەزانن کە زۆر لەژێر کاریگەریی سوپای قودس و سوپای پاسداران دایە.
هەفتەی ڕابردوو عەمار حەکیم، سەرۆکی ئەنجومونی باڵای ئیسلامیی عێراق و هاوپەیمانیی نیشتمانیی عێراق سەردانی تارانی کرد و لە دیدارێکدا لەگەڵ خامەنیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، باس لە حەشدی شەعبی کرا و خامنەیی زۆر وەسفی حەشدی کرد و وەکوو دەسکەوتێکی گرنگ بۆ عراقی لەقەڵەم دا.
باسنيوز
