پەرلەمانتارێک: حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مەرجێک نەوت ڕادەستی بەغدا دەکات
دڵشاد شەعبان، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی کۆبوونەوەی حکوومەت و فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “فراکسیۆنەکانی (گۆڕان، یەکێتی، یەکگرتوو و کۆمەڵ) باش دەزانن لە بەغدا چییان کردووە، پڕۆژەیەکی وایان پێشکەش کردووە کە هیچ سوودێکی نەبووە، نە چارەسەری کێشەی مووچەی فەرمانەبەرانی تێدایە، نە چارەسەری کێشەی پێشمەرگەی تێدایە، جگە لە موزایەداتی سیاسی، هیچ دیکەی تێدا نییە، تەنیا مەبەستیان ئەوەبوو کە ئەم کارە بکەن بۆ ئەوەی پارتی تۆمەتبار بکەن”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: “ئەو فراکسیۆنانە تاکتیکیان بەکار هێنا، بۆ ئەوەی بە خەڵکی بڵێن ئێمە پڕۆژەیەکمان خستەڕوو، بەڵام پارتی ڕێگە نادات نەوتی کوردستان بە بەغدا بدرێت، لە کاتێکدا پێشووتر ڕێککەوتن کراوە، هەرێمی کوردستان هەموو نەوتی خۆی ڕادەستی بەغدا کردووە، بەڵام دواتر لایەنە سیاسییەکان کەوتنە ئەو بڕوایەی کە بەغدا پارە و مووچەی کوردستان نانێرێت، بۆیە حکوومەتیان سەرپشک کرد، نەوت و گازی خۆی بفرۆشێت، ئیتر ئەم سووڕانەوە لە قسەی خۆیان چییە؟".
ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی پارتی بە چوار فراکسیۆنەکە دەڵێت: “ئەگەر موزایەدەی سیاسی ناکەن، فەرموون لە حکوومەت بکشێنەوە، یەکێتی پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەیە، کۆمەڵ و یەکگرتوو بەهەمان شێوە، بۆیە دەبێت خەڵکی کوردستان ئەو پرسیارە بکات، ئەمانە لە مانگی 6ی 2015 پێکەوە بڕیاریان دا کە بەغدا چیتر پارە نانێرێت، دەبێت نەوتی خۆمان بفرۆشین، ئێستا بۆ پەشیمان بوونەتەوە؟".
بە گوتەی دڵشاد شەعبان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆچوونی وایە کە هەرێمی کوردستان ئامادەیە هەموو نەوتی خۆی ڕادەستی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بکات، بەڵام بە مەرجێک، “ئەو پارەی لە فرۆشتنی نەوتەوە دەست دەکەوێت، عێراق شتێک زیاتر بە کوردستان بدات، ئەگەر ئەوە نەکات، بۆچی نەوتی خۆمان بدەینە عێراق، ئەمە بۆچوونی پارتی دیموکراتیی کوردستانیشە”.
باسنيوز
