مەکگۆرک وادەی رزگارکردنەوەی تەواوەتیی مووسڵ ئاشکرا دەکات
برێت مەکگۆرک، نوێنەری تایبەتیی باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا لە کۆشکی سپی، رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ بەپێی پلانی بۆ داڕێژراو بەڕێوە دەچێت.
برێت مەکگۆرک ئاماژەی بەوە کرد، کە چەکدارانی داعش لە مووسڵ بە تەواوی گەمارۆ دراون و هیچ پەیوەندییەکیان بە چەکدارانی رێکخراوەکەوە لە سووریا نەماوە.
نوێنەری تایبەتی باراک ئۆباما لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش هەروەها رایگەیاندووە، چاوەڕێ دەکەن شاری مووسڵ لە سەرەتای ساڵی داهاتوو بە تەواوی رزگار بکرێتەوە.
لە میانەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان هەموو ناوچە کوردستانییە مەسیحینشینەکانی پارێزگای نەینەوایان رزگار کردووەتەوە و هێزە عێراقییەکانیش زیاتر لە 35 گەڕەکی بەری رۆژهەڵات (چەپ)ی شارەکەیان رزگار کردووەتەوە.
لە رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
باسنیوز
