فینلەندا فریای ئاوارەكانی موسڵ دەكەوێ

فینلەندا فریای ئاوارەكانی موسڵ دەكەوێ



ئەمڕۆ سێشەممە حكومەتی فینلەندا كاروانێك هاوكاری گەیاندە ئاوارەكانی شاری موسڵ، كە لە 268 خێوەت و سەدان دۆشەك و بەتانی و پێداویستی منداڵی ساوا پێك هاتبوو. بەتایبەتییش چەندین پارچە دیاری بۆ ئەو ژنانە تێدابوو كە تازە منداڵیان بووە.


بەپێی ڕۆژنامەی (kansalainen)ی فینلەندی، یەكێ لەو هاوكارییانەی حكومەتی هێلسینكی بۆ ئاوارەكانی موسڵی ناردووە، بریتیە لە 1000 جانتای پڕ لە شمەك، كە هەر دایكێكی فینلەندا لە كاتی منداڵبووندا پێشكەشی دەكرێت، ئەو جانتایە تەواوی پێداویستییەكانی منداڵێكی تازە لەدایكبووی لە جلوبەرگ و خواردن و هۆیەكانی پاكردنەوە و داپۆشینی لە كەشوهەوایەكی زۆر سارد لەخۆگرتووە و ماوەی 80 ساڵە لەو وڵاتە بەبێ بڕانەوە ئەو خزمەتگوزارییە بەردەوامە و بەخۆڕایی هەر دایكێك وەریدەگرێت.


ماوەی دوو مانگ و هەفتەیەكەی شەڕی ڕزگاركردنەوەی موسڵ لە دەست داعش دەستی پێكردووە، كە هێزەكانی عێراق بەهاوكاری پێشمەرگەی كوردستان و بۆردومانە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانان ئەنجامی دەدەن.


ماوەی زیاتر لە ساڵێكە حكومەتی فینلەندا 50 سەربازی ڕەوانەی هەرێمی كوردستان كردووە بۆ ڕاهێنانی هێزەكانی پێشمەرگە. لە ماوەكانی رابردووشدا شاندێكی پێشمەرگەی كوردستان سەردانی هێلسینكیی پایتەختیان كرد بەمەبەستی بەدەستهێنانی هاوكاریی زیاتر لەلایەن ئەو حكومەتە ئەسكەندەناڤیەوە.
bas news-
Top