کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان له شاری کەلار خۆپێشاندانێکیان دژی پەرلەمانتاری گۆڕان سازکرد

کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان له شاری کەلار خۆپێشاندانێکیان دژی پەرلەمانتاری گۆڕان سازکرد



"ڕێبوار مستەفا" سەرۆکی دەستەی باڵای بەڕێوەبردنی ناڕازیەتیەکان به ئاژانسی زاگرۆسی راگەیاند: "ئەمڕۆ لە شاری کەلار لەبەردەم قوتابخانەی لەیلا قاسم، بە ئامادەبوونی کەسی و کاری شەھیدان و ئەنفالکراوان و خێزان و دایکی شەھید و پێشمەرگە قارەمانانەکان به جۆش و خرۆش ھاوڵاتیانی ناوچەکە خۆپیشاندانێکمان ئەنجام دا لە دژی پەرلەمانتارێکی عێراق لەسەر لیستی گۆڕان که بەرامبەر بە کورد و خێزانی پێشمەرگە و کەس و کاری شەھیدان بە وشەکانی ناخیانی سوتاند و برینەکانیانی نوێ کردنەوە."



رێبوار مستەفا گوتی: "ئەو پەرلەمانتارە لەمیانەی بەرنامەیەکی تەلەفزیونی کەناڵێکی عێراقی چەند سووکایەتیەکی بەرامبەر بنەماڵە و کەس و کاری شەھیدان و حکومەتی ھەرێم کرد، تا بچوکترین و سوکترین ئاست خۆی دابەزاند و قسەی خوار و خێچ و بێ مانای کرد، بەپێویستمان زانی وەڵامی توندی بەچەند خاڵێک بدەینەوە و پێشنیارمان خستەڕوو."



راشیگەیاند: "ئەو پەلەمانتارەی گۆڕان کە لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دەڵێ، خێزانی پێشمەرگە شەھیدەکان بۆ دابینکردنی شیری منداڵەکانیان پەنا بۆ لەشفرۆشی دەبەن، لەسەر ئەم قسە نابەجێیانەی داوامان کرد دەستبەجێ وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفال کراوەکان داوای یاسایی لەسەر ئەو پەرلەمانتارە تۆمار بکەن و ڕوبەڕووی دادگای بکەنەوە، چونکە ئەم قسە بێ بنەمانە، بەھیچ شێوەیەک قابیلی قبوڵکردن نییە، چونکە دایک و خێزانی پێشمەرگە پیرۆزی ئەم وڵاتەن."



مستەفا روونی کردەوه: "لەبارەی گوتنی ئەو پەلەمانتارە که حکومەتی فیدراڵ مووچەی پێشمەرگە نەداتە حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەڵکو لای خۆی موچەی پێشمەرگە بدات و ژمارەی حسابی بۆ بکاتەوە، ئەم بابەتە بەھیچ شێوەیەک خزمەت بە پێشمەرگە و ھەرێمی کوردستان ناکات، بەڵکو ھەنگاوێکی دیکەیە بۆ دڵخۆش کردنی عەرەبی شۆڤینی و نەیارەکانی کورد، بەتایبەت مووچەبڕەکەی کوردستان کە نوری مالیکی‌یە."



هەروەها گوتی: "ئەم ووشانەی ناوبراو ناکرێت ھەروا بە ساکاری تێپەڕن و وەکو جاری جاران، ھەر پەرلەمانتارێک بۆ ھەر مەرامێکی خۆی یان حزبەکەی ئەم ھەڵانە دوبارەی بکاتەوە."



رێبوار مستەفا ئاماژەی دا: "داوامان لە ڕای گشتی و سەرجەم ڕێکخراوەکان و پیاوانی ئاینی و مامۆستایان و ڕۆشنبیران و نووسەران کرد، بێدەنگ نەبن لە ئاست ئەم بێ‌ڕێزیانە و رێگری بکەن لەو ھەڕاج‌فرۆشیە و ووشە ناشیرینانەی کە ھەر کەسێک لەژێر ھەر ناونیشانێک بێت کە دەیکات بۆ جێ‌بەجێ کردنی مەرامی تایبەتی و حزبی، بە تایبەتیش بەرامبەر بە کەس و کاری سەربەرزی شە ھیدان."



گوتی: "بۆیە ئێمە وەکو ڕێکخراوەکان و چالاکوانانی گەرمیان ئیدانەی ھەر سووکایەتیەک دەکەین بەرامبەر ھەر تاکێکی کوردی بکرێت چجا پیرۆزەکانی ھەرێم بێت و تایبەت بە خێزان و شەرەفمەندی پێشمەرگە، بە لەش‌فرۆش ناوزەند بکرێن."



روونیشی کردەو: "ئەم لێدوانەی پەلەمانتارەکەی گۆڕان لە بەغدا، ئاڵۆزی و دڵتەنگی لەنێو ماڵ و شەقامی کوردی و بەتایبەت ئەوانەی لە خەمی شەرەف و ناوبانگی کوردستان و کەس و کاری شەھیدان و تاکی کوردی بەدوای خۆیدا ھێنا تا ئەوەتا ھاتنە سەرشەقام و قسەیان ھەبوو، بێگومان ئەمە تەنیا سووکایەتی بە لایەنێکی دیاری کراو نیە لەم ھەرێمە، بەڵکو سووکایەتیەکە بۆ تەواوی کوردستان و لەدەستدانی ناوبانگی کورد و خودی پێشمەرگە."



هەروەها گوتی: "لەکۆتایدا سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی دەزگای ئەمنیەکان دەکەین بەتایبەت بەڕێوەبەری ئاسایشی کەلار کە ڕۆڵی سەرەکی ھەبوو. دڵگرانی و گلەی خۆمان ئاراستە بەڕێز قائمقامی کەلار دەکەین کە لەسەرەتاوە تاکۆتایی دژمان بوو، لە خۆپیشاندانەکەدا، لەکاتێک ڕۆژانە تەبیعی لایەنە سیاسیەکان خۆپێشاندان دەکەن و ھیچ بەربەستێکـیان بۆ دروست ناکەن، بەڵام ئەمڕۆ بەداخەوە بەڕێزیان بێ‌لایەنی خۆیان لەدەستەدا."
payamner-
Top