گوتاری سەرۆکی حکومەت لە کۆنفرانسی لێبوردەیی و پێکەوە ژیان

گوتاری سەرۆکی حکومەت لە کۆنفرانسی لێبوردەیی و پێکەوە ژیان

سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە کۆنفرانسی لێبوردەیی و پێکەوە ژیان کە لە شاری ھەولێری پایتەخت بەڕێوەدەچێت گوتارێکی پێشکەشکرد.

لە سەرەتای گوتارەکەیدا ئاماژەی بەو پێکەوە ژیان و لێبوردەییە کرد کە لە ھەرێمی کوردستان لە نێوان پێکھاتەکانیدا ھەیە و پێویستە ھەمووان پێکەوە ئەو پەیامە گرنگە بگەیەنن کە رێگە بە تێکدانی ئەو ئاشتەواییە نەدرێت.

نێچیرڤان بارزانی ھەروەھا ھاتە سەر باسی پرۆسەی ئازادکردنی موسڵ و لەو بارەیەوە رایگەیاند: پێویستە رێککەوتنێکی سیاسی بۆ قۆناغی دوای کۆنترۆڵکردنی شاری موسڵ بکرێت کە ھەموو لایەن و پێکھاتە جیاوازەکان بەشداربن تێدا،چونکە ئەو قوناغە لە قۆناغی رزگارکردنی شارەکە گرنگترە و بە داخەوە تا ئێستا ئەو نییەت و ھەنگاوە نابینرێت.

سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی ئاماژەی بەو مەترسییە گەورەیەش کرد کە لە شەڕی دەستەویەخەی داعش مەترسیدارتر و گوتی"ئەو شەڕە شەڕی ئەو بیرە تاریکەیە کە پێشتر قاعیدە و چەندین گروپی تیرۆریستی دیکە و دواتر داعشی دروست کرد،ئامانجی ئەو بیرە تاریکەش تێکدانی ئەو پێکەوە ژیان و ئاشتەواییھیە کە لە نێوان پێکھاتەکاندا ھەیە".

سەرۆکی حکومەت ھەروەھا رووی دەمی کردە پیاوانی ئایینی داوای لێکردن بەشداربن لە بنبڕکردنی ئەو بیرە تاریک و توندڕەوە و لە ھەموو ئاستەکاندا بەرەنگاری ببنەوە بۆ ئەوەی پێکەوە ژیان و ئاشتەوایی نێوان پێکھاتە ئاینی و نەتەوەییەکان پارێزراوبێت و رێگە نەدرێت کۆمەڵگاکەمان بکرێتە قوربانی و زیاتر پەرە بە کلتووری پێکەوە ژیان بدرێت
payamner-
Top