نێچیرڤان بارزانی: پێکەوەژیان لە کوردستان، ھەزاران ساڵ لە بیرە تاریکەکان کۆنترە

نێچیرڤان بارزانی: پێکەوەژیان لە کوردستان، ھەزاران ساڵ لە بیرە تاریکەکان کۆنترە



سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە ١٣/١٢/٢٠١٦ بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران و ژمارەیەک لە وەزیر و پەرلەمانتارە بەڕێزەکانی ھەرێمی کوردستان و کونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی و مامۆستایانی زانکۆ و ئایینی، لە شاری ھەولێر ڕێوڕەسمی دەستپێکردنی کۆنفرانسی لێبوردەیی و ژیان، ھەڕەشەی تیرۆر و ئەزموونی پێکەوەژیان لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو کە لەلایەن ھەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ڕۆشنبیری ھەرێمی کوردستانەوە ڕێکخراوە.



لە رێوڕەسمەکەدا دوای پێشکەشکردنی وتەی بەخێرھێنان و چەند وتەیەکی دیکە لەلایەن ئامادەکاران و میوانانی کۆنفرانسەکەوە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا جیا لە بەخێرھێنانی میوان و بەشدارانی کۆنفرانس و دەستخۆشی کردن لە ھەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ڕۆشنبیری ھەرێمی کوردستان و ھاوکارەکانیان بۆ سازدانی ئەم کۆنفرانسە، بابەتی کۆنفرانسەکەی بە زۆر گرنگ وەسف کرد و ھیوای خواست بە ئەنجامێکی باش و ڕاسپاردەی سوودبەخش بۆ پتەوکردنی پێکەوەژیان و فرەییی نەتەوەیی و ئایینی و لێبوردەیی لە ھەرێمی کوردستان و، چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕەوی و نەھێشتنی بیری داعشیانە، لە کۆنفرانسەکەیان دەربچن. ھەروەھا سڵاو و دروودی بۆ گیانی پیرۆزی شەھیدانی پێشمەرگە و ھێزەکانی ئاسایش و خۆبەخش نارد کە بۆ بەرگریکردن لە کوردستان و پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان و پاراستنی کەلتووری پێکەوەژیان و لێبوردەیی گیانی خۆیان کردە قوربانی و سەرەخۆشی لە خێزان و کەسوکاریان کرد و ھیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ برینداران ‌خواست. ئاماژەی بەوەش دا کە کوردستان لە کۆندا زێدی پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایین و ئاینزا و لێبوردەیی بووە و سەرەڕای ھەموو ئەو شەڕ و ماڵوێرانی و داگیرکاریانەی بە درێژاییی مێژوو بە سەر‌یدا سەپێنراون، ئەم خەسڵەتە جوانەی خۆی لە دەست نەداوە و وەک وڵاتی ھەموو ئایین و نەتەوەکان ماوەتەوە و بۆتە یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی کەلتووری لە کوردستان و نموونەیەکی کەموێنە لە جیھاندا.



ھەر سەبارەت بە کاریگەرییە ئەرێنییەکانی پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەی، سەرۆک وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە ئەم کەلتوورە بۆتە ھۆکارێک کۆمەڵگەی کوردستان لە ڕووی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەوە ببێتە خاوەن خێزانێکی ناوازە و جوان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا و وای کردووە ھەموو نەتەوە و ئاینە جیاوازەکان، کوردستان بە ماڵی خۆیان بزانن و ھەر ئەمەش ھۆکار بووە ئەوانەی لە شوێنەکانی دیکە عیراقە بەھۆی جیاوازیی ئایینی یان نەتەوەیییەوە، تووشی شاڵاوی ڕاگوێزان و توندوتیژی بوونەتەوە، ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەن و لەسەر ئاستی جیھانیش بۆتە جێگای باس و سەرنجڕاکێشانی جیھان و ڕەنگدانەوەی لە زۆرێک لە ناوەندەکانی میدیا و سەنتەرەکانی لێکۆڵینەوە، ھەروەک پشتگیری و بەرگریکردن و پاراستنی کوردستانیش لەلایەن ھاوپەیمانان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، بۆ ئەم کەلتوورە گەڕاندەوە. ئاشکراشیکرد کە توندوتیژی، فراونبوونی بیری تەسک و تاریکی تیرۆر، توندڕەوی، تاوانە تیرۆرستییەکان و ئەو جینۆسایدەی بەسەر پێکھاتە ئایینیی و نەتەوەییەکانی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە، بەتایبەتیش ئەو تاوانانەی بەرامبەر ئێزدی و مەسیحییەکان ئەنجامدران، کاریگەریگەری نەرێنی لەسەر ئەم ئەزموونە ‌کردووە و ھەڕەشەیەکی جددییان لە کەلتووری پێکەوژیان لە ھەرێمی کوردستان کردووە، بۆیە دووپاتی کردەوە کە دەبێ ئەو برایەتییەی لەنێوان نەتەوە و ئاینەکانی کوردستاندا ھەیە، پتەوتر بکرێت و لە بوارەکانی سیاسی، کارگێڕی، پەروەردەیی و کۆمەڵایەتیدا، کارێکی ھەمەلایەنەی زۆر جددی بکرێت بۆ ئەوەی بڕوا و متمانە بگەڕێتەوە نێو پێکھاتەکانی کوردستان و ھەموو پێکھاتەکان، کوردستان بە لانە و ماڵ و زێدی خۆیان بزانن کە ڕەنجی تێکۆشان و ماندووبوونی ھەموو پێکھاتەکانی پێوە دیارە.



بەڕێزیان جەختی لەوەش کردەوە کە دەبێت حکوومەت و خەڵک و تەواوی پێکھاتەکانی کۆمەڵگا کارێکی وا بکەن پەیامێکی ڕوون و ئاشکرا بدەنە ئەوانەی لەژێر ناوی ئاین، یان نەتەوەی سەردەست، دەیانەوێت ئەزموونی ھەرێمی کوردستان بشێوێنن کە ھەرێمی کوردستان و پێکھاتەکانی، ڕێگە نادەن ئەو کەلتوورەی بشێوێت و،کۆتایی بە ئەزموونی ھەزاران ساڵەی پێکەوەژیان و لێبوردەیی بێت و بۆ ئەم مەبەستە و بۆ قۆناغی دوای ڕزگارکردنی مووسڵ، ڕێککەوتنێکی سیاسی لەنێوان ھەموو لایەنە عیراقییەکاندا، بە حکوومەت و لایەنە سیاسی و ئایینییەکانەوە، بە پێویست زانی. ڕاشیگەیاند کە تا ئێستا نیازێکی جددی و خوێندنەوەیەکی واقعیانە بۆ ئەم ڕاستییە بەدی ناکرێت و جۆرێک لە خۆدزینەوە و پشتگوێخستن ھەیە ، ھەروەھا دووپاتی کردەوە ‌گەر ھەموو لایەنەکان خەمخۆر نەبن، کەس ناتوانێت پێشبینیی دۆخێکی سەقامگیر و ئایندەیەکی ئارام بۆ ناوچەکە بکات.





سەبارەت بە بنبڕکردنی تیرۆریش، ئاماژەی بەوە دا کە ھەر لە سەرەتاوە گومانی تیادا نەبوو داعش وەک ھێزێکی سەربازی و دەسەڵاتێک کە بتوانێت جوگرافیایەک بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و ئەوەی ناوی ناوە دەوڵەتی ئیسلامی لەسەر دروست بکات، لە خەونێکی بەتاڵ زیاتر نەبوو و ھەرچەند درێژە بکێشێت ئەوان ھێز و دەسەڵاتێک نین بۆ مانەوە، چونکە ئەوان ڕێک پێچەوانەی ژیان و مانەوەن، بۆیە لەناوبردن و نەمانیان، تەنیا مەسەلەی کاتە. تیشکی خستە سەر ئەوەش کە داعش تەنیا بە چەک و بارووت لەناو ناچێت، بەڵکو بیر و ھزری ڕەش و تاریکی داعش و داعشییەکانە، کە زۆر لە تاوان و کردەوە قێزەونەکانی مەترسیدارترە چونکە لە داھاتوودا بە ناوێکی دیکە و بەرگێکی دیکە دەردەکەون و بە پێویستی زانی ھەرێمی کوردستان، عیراق، ناوچەکەش بەگشتی بە ھاوکاری و پشتگیریی جیھانی ئازاد ھەڵمەتێکی جددی بەرەنگاربوونەوەی ئەو بیرە مەترسیدارە دەست پێبکەن.



بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھزر و بیری توندڕەو و داعشییەکانیش دووپاتی کردەوە کە دوای دابینکردنی دۆخێکی سیاسیی لەبار، بەر لە ھەمووان مامۆستایان و پیاوانی ئاینی ھەموو ئایین و ئاینزاکان یەکەم بەرپرسیارییان دەکەوێتە سەر شان کە بەردەوام ھۆشیاری بڵاو بکەنەوە و ڕێگە نەدەن ئایین لە پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و خوای گەورەوە، بکرێتە ئامێرێک بۆ ڕەتکردنەوەی خەڵک و بیروباوەڕ و پێکھاتەکانی دیکە. ھەر لەم بارەیەوە کاریگەریی دەزگا و دامەزراوە پەروەردەییەکان، ڕۆشنبیران، دامەزراوە ھزری و کولتوورییەکان و میدیای دووپات کردەوە. ھیواشی خواست یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام حەزرەتی موحەممەد درووی خوای لێبێت و لە ١٢ ڕۆژی داھاتووشدا یادی لەدایکبوونی حەزرەتی عیسای مەسیح سڵاوی خوای لێبێت و ھەموو بۆنە و جەژنە ئایینییەکان ببنە ھەوێنی پتەوکردن و قووڵکردنەوەی زیاتری تەبایی و پێکەوەژیان و لێبوردەیی.



لە کۆتایی وتارەکەیدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان دووبارە ھیوای سەرکەوتنی بۆ کۆنفرانسەکە ‌خواست، ئومێدەوار بوو ئەنجامی ئەو باس و لێکۆڵێنەوانەی تیایدا پێشکەش دەکرێن، ڕاسپاردە و پێشنیار و بیرۆکەی باشی بۆ چۆنیەتیی پاراستن و پەرەپێدانی کەلتووری پێکەوەژیان و لێبوردەیی لە کوردستان و عیراق و چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوەی بیری توندڕەوی و تیرۆر و مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی دوای ڕزگارکردنی مووسڵ لەڕووی سیاسی و کارگێڕی و ڕێکخستنییەوە،‌ بێنە ئاراوە و حکوومەت و لایەنە پەیوەندارەکان و خەڵکیش، بۆ سەرخستنی پێکەوەژیان و لێبوردەیی و بەرەنگاربوونەوە و بنبڕکردنی توندڕەوی و تیرۆر، سوودی لێ وەر‌گرن.



ھەروەھا بەخێرھاتنێکی تایبەتی نووسەر و بیرمەندی ناوداری تورکیا ئیسماعیل بەشیکچی کرد کە لە ڕێوڕەسمەکەدا بەشدار بوو و ئاماژەی بە خەبات و تێکۆشان و ماندووبوونی ئەو نووسەرە گەورەیە کرد بۆ بەرگریکردن لە بەھاکانی مافی مرۆڤ و مافەکانی کورد لە باکووری کوردستان کە تا ئێستاش لە خەبات و تێکۆشانەکانی بەردەوامە و ھیوای سەرکەوتن و تەمەندرێژی بۆ خواست.



دەقی وتەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان:

ئامادەبووانی بەڕێز،

بەیانیتان باش.. بەخێرھاتنێکی گەرمی ھەموو لایەکتان بۆ ئەم کۆنفرانسە دەکەم، کە لەسەر بابەتێکی زۆر گرنگ و ھەستیار بۆ ھەرێمی کوردستان ساز کراوە. دەستخۆشی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی ڕۆشنبیری و ھاوکارەکانیان دەکەم بۆ سازدانی ئەم کۆنفرانسە، ھیوادارم بە ئەنجامێکی باش و ڕاسپاردەی سوودبەخش بۆ پتەوکردنی پێکەوەژیان و فرەییی نەتەوەیی و ئایینی و لێبوردەیی لە ھەرێمی کوردستان و، چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕەوی و نەھێشتنی بیری داعشیانە، لە کۆنفرانسەکەیان دەربچن.

ھەر لەم بۆنەیەدا سڵاو و دروود بۆ گیانی پیرۆزی شەھیدانی پێشمەرگە و ھێزەکانی ئاسایش و خۆبەخشان و ھەموو ئەو قارەمانانە دەنێرم و، سەڕی ڕێز و نەوازش لەبەردەم گیانی پاکیاندا دادەنەوێنم، کە بۆ بەرگریکردن لە کوردستان و لە پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی کوردستان، بۆ پاراستنی کەلتووری پێکەوەژیان و لێبوردەیی و، لەپێناو مانەوەی کوردستان وەک ماڵی ھەموو پێکھاتەکان، گیانی پاکی خۆیان کردە قوربانی. سەرەخۆشی لە خێزان و کەسوکاری سەربەرزیان دەکەم، ھیوای زووچاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازم.

کوردستان کە لە بەرەبەیانی مێژووەوە زێدی پێکەوەژیان و لێبوردەیی و، لانکەی ئایین و ئاینزا و نەتەوە و پێکھاتە جیاوازەکانە، وێڕای ھەموو ئەو شەڕ و ماڵوێرانی و داگیرکاریانەی بە درێژاییی مێژوو بە سەر‌یدا سەپێنراون، ھەرگیز ئەم خەسڵەتە جوانەی خۆی لە دەست نەداوە و، ھەمیشە وەک وڵاتی ھەموو ئایین و نەتەوەکان ماوەتەوە. بۆیە ئەم خەسڵەتە بۆتە یەکێک لە بنەما ھەرە سەرەکییەکانی کەلتووری لە کوردستان، پەیوەندیی برایانەی نێوان پێکھاتەکانی کوردستان و پێکەوەژیان و پێکەوە ھەڵکردن و پێکەوە بنیاتنانی ئەم وڵاتە، نموونەیەکی کەموێنەیە لە جیھاندا.

ئەم پەیوەندییە درێژخایەن و مێژوویییە، بنەمایەکی پتەوە بۆ بەرپاکردنی ئاشتی و پێکەوەژیان لە کوردستان. ھەر لەم ڕوانگەیەوە کۆمەڵگەی کوردستان لە ڕووی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەوە بۆتە خاوەن خێزانێکی ناوازە و جوان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست. ئەم پێکەوەژیانەی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان و پێکھاتەکانی دیکە لە ھەرێمی کوردستان، وای کردووە ھەموو نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان، کوردستان بە ماڵی خۆیان بزانن. ھەر ئەمەشە بۆتە ھۆی ئەوەی ئەوانەی لە شوێنەکانی دیکەی عیراقەوە ‌بەھۆی جیاوازیی ئایینی یان نەتەوەیییەوە؛ تووشی شاڵاوی ڕاگوێزان و توندوتیژی بوونەتەوە، ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەن.

لەلایەکی دیکەوە ئەزموونی سەرکەوتووی پێکەوەژیان لە ھەرێمی کوردستان بۆتە جێگای باس و سەرنجڕاکێشانی جیھان و، لە زۆرێک لە ناوەندەکانی میدیا و سەنتەرەکانی لێکۆڵینەوە، ڕەنگی داوەتەوە. یەکێک لە ھۆکارە سەرەکییەکانی پشتگیری و بەرگریکردن و پاراستنی کوردستانیش لەلایەن ھاوپەیمانان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، ئەم کەلتوورە و ئەم پێکەوەژیانە بووە.

بەڕێزان..

کاتێک باس لە مێژوو و سەرکەوتنی ئەزموونی پێکەوەژیان لە کوردستان دەکەین، نابێت ئەو ڕاستییەش بشارینەوە کە توندوتیژی، فراونبوونی بیری تەسک و تاریکی تیرۆر، توندڕەوی، تاوانە تیرۆرستییەکان و ئەو جینۆسایدەی بەسەر پێکھاتە ئایینیی و نەتەوەییەکانی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە، بەتایبەتیش خوشک و برایانی ئێزدی و مەسیحی، ھیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئەم ئەزموونە نەکردووە!!. دەبێ ئەو ڕاستییە ببینین کە ھەموو ئەمانە کاریگەرییەکی خراپ، دڵەڕاوکێ، دوودڵی، بێمتمانەیی و برینێکی زۆر قووڵیان دروست کردووە. ھەڕەشەیەکی جددییان لە سەر کەلتووری پێکەوژیان لە ھەرێمی کوردستان و عێراق کردووە، بۆیە بە دڵنیاییەوە ئەرکێکی زۆر قورسمان لەپێشە.

لەسەردەمی ئاژاوە و ھەڕەشەی تیرۆردا، دەبێ ئەو برایەتییەی لەنێوان نەتەوە و ئایینەکانی کوردستاندا ھەیە پتەوتر بکرێت. دەبێ لە ھەموو ڕوویەکی، سیاسی، کارگێڕی، پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییەوە، کارێکی ھەمەلایەنەی زۆر جددی بکرێت بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بڕوا و متمانە بگەڕێتەوە نێو پێکھاتەکانی کوردستان و ھەموو پێکھاتەکان،کوردستان بە لانە و ماڵ و زێدی خۆیان بزانن. کوردستانێک کە ھی ھەموو کەسێکە تیایدا دەژیێت و ھەمووان ئازادن لەوەی خاوەن چ بیروباوەڕێکن؟، یان خاوەن چ ڕەگەزێکن؟!. ئەو کوردستانەی ڕەنجی تێکۆشان و ماندووبوونی ھەموو پێکھاتەکانی پێوە دیارە.

ھەموو لایەک بە حکوومەت و خەڵک و تەواوی پێکھاتەکانی کۆمەڵگاوە، دەبێ کارێکی وا بکەن کە پەیامێکی ڕوون و ئاشکرا بدەنە ئەوانەی لەژێر ناوی ئایین، یان لەژێر ناوی نەتەوە، دەیانەوێت ئەزموونی ھەرێمی کوردستان بشێوێنن. یان لەژێر ناوی ئایین و مەزھەبێکەوە، ئایینەکانی دیکە تیرۆر بکرێن و خەڵکەکەی بەکۆمەڵ زیندەبەچاڵ بکرێن، تووشی ڕاگوێزان و کوشتن بکرێن. دەبێ ئەو پەیامەیان پێ بگات و ئەو ڕاستییە ببینن کە ھەرێمی کوردستان و پێکھاتەکانی، ڕێگە نادەن ئەو کەلتوورەی بشێوێت و،کۆتایی بە ئەزموونی ھەزاران ساڵەی پێکەوەژیان و لێبوردەیی لەم وڵاتە بێت.

بەڕێزان..

بۆ ئەم مەبەستە و لەم دۆخەی ئێستادا، دووپاتی دەکەینەوە کە بۆ قۆناغی دوای ڕزگارکردنی مووسڵ ڕێککەوتنێکی سیاسی لەنێوان ھەموو لایەنە عیراقییەکاندا، بە حکوومەت و لایەنە سیاسی و ئایینییەکانەوە پێویستە،‌ بۆ چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی دوای ڕزگارکردنی مووسڵ. بەدڵنیاییەوە ڕزگارکردنی مووسڵ زۆر لە پرۆسەی بەڕێوەبردنی دۆخی دوای ڕزگارکردنی ئاسانترە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا نیازێکی جددی و خوێندنەوەیەکی واقعیانە بۆ ئەم ڕاستییە بەدی ناکرێت، بەپێچەوانەوە جۆرێک لە خۆدزینەوە و پشتگوێخستن ھەیە، کە ئەمەش وا دەکات مەترسیی دوای ڕزگارکردنی مووسڵ، ھیچی لە مەترسیی قۆناغی ھەبوونی داعش لە مووسڵ کەمتر نەبێت.

ڕێککەوتنێکی واقعیانە و دڵسۆزانەی نیشتمانیی بنیاتنراو لەسەر بنەمای واقعی سیاسی و کۆمەڵایەتی و جوگرافی و دیموگرافیی ناوچەکە لە مووسڵ و دەوروبەری کە ناوچەیەکی زۆر تایبەتە و لە ھەموو پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان پێکدێت، تاقە زامن و گەرەنتیی ئایندەیەکی ئارامە بۆ ھەموو پێکھاتەکان و، ڕێگرتنە لە کەوتنەوەی ئاگرێک کە لە چەندین لاوە بەپێی ئەجێندا ناوخۆیی و ناوچەیی و ھەرێمییەکان، ھەوڵی ھەڵگیرسانی دەدرێت. ئەگەر ھەموو لایەنەکان لە ئێستاوە خەمی ئەوە نەخۆن، کەس ناتوانێت پێشبینیی دۆخێکی سەقامگیر و ئایندەیەکی ئارام بۆ ئەو ناوچەیە بکات. دەبێ ھەمووان ھۆشیار بن کە ئەمە ھەڕەشەیەکی ڕاستەقینەی جددییە.

ئامادەبووانی بەڕێز..‌

شکاندن و نەھێشتن و بنبڕکردنی تیرۆر، تەنھا بە شکستپێھێنانی ھێزی سەربازیی تیرۆرستان نابێت، ھەر لە سەرەتاوە گومانی تیادا نەبووە کە داعش وەک ھێزێکی سەربازی و وەک دەسەڵاتێک کە بتوانێت جوگرافیایەک بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و، ئەوەی ناوی ناوە دەوڵەتی ئیسلامی لەسەری دروست بکات، لە خەونێکی بەتاڵ زیاتر نییە!‌. ھەرچەند درێژە بکێشێت، لە کۆتاییدا داعش و ھاوەڵان و ھاوبیرانی، ھێز و دەسەڵات و حوکمێک نین بۆ مانەوە.

داعشێک کە ڕێک پێچەوانەی ژیان و مانەوە بێت، بێگومانە کە ناتوانێت بژیت و بمێنێتەوە، بۆیە لەناوبردن و نەمانی، تەنیا مەسەلەی کاتە و ھیچی تر. بەڵام ئەوەی ترسناکە و بە چەک و بارووت لەناو ناچێت، بیر و ھزری ڕەش و تاریکی داعش و داعشییەکانە، کە زۆر لە تاوان و، لە کردەوە قێزەوەنەکانی مەترسیدارترە.

داعش دەڕوا و تەواو دەبێت، بەڵام ئەگەر بەرەنگاری بیر و ھزری داعشیانە نەبینەوە، ئەگەر ڕەگ و ڕیشەی ئەو بیرە تاریکانە لە بنەوە نەبڕین کە پێرێ قاعیدە و، دوێنێ ئەنسار و، ئەمڕۆش داعشیان بەرھەم ھێنا، ئەوە بنەبڕ نەکەین، ئەوا بێگومان سبەی ھەمان دەعبا بە ناوێکی دیکە و، دووسبەیش ھەمان بەڵا لە بەرگێکی دیکەدا دەردەکەون. بۆیە ھەرێمی کوردستان و عیراق و تەنانەت ناوچەکەش بەگشتی، بە ھاوکاری و پشتگیریی جیھانی ئازاد دەبێ ھەڵمەتێکی جددی بەرەنگاربوونەوەی ئەو بیرە مەترسیدارە بە زووترین کات دەست پێبکەن.

یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەو بیرە تاریکە، ڕێک لێدان و نەھێشتنی ئەو لێبوردەیی و پێکەوەژیانەیە کە لە کوردستان کەلتوورێکی ھەزاران ساڵەیە و تەمەنی ئەو کەلتوورە بە ھەزاران ساڵ لەو بیرە تاریکەی ئەوان کۆنترە. کەلتووری ژیان و یەکترقبووڵکردن و بنیاتنان و ئاوەدانی و ئازادی، ڕێک پێچەوانەی بیری ئەوان کە ژیان، ئازادی، مرۆڤ، مرۆڤایەتی، ئاوەدانی، پێشکەوتن، ھەموو جوانییەکان و ھەموو شتێک ئارامی ببەخشێت، ڕەتدەکاتەوە و ھەوڵی لەناوبردنی دەدات.

لە ئەرکی قورسی بەرەنگاربوونەوەی ئەم بیرە تاریکەدا، دوای دابینکردنی دۆخێکی سیاسیی لەبار و گێڕانەوەی متمانە بۆ پێکەوەژیان، بەر لە ھەمووان بەڕێزان مامۆستایان و پیاوانی ئایینی، بەتایبەتی مامۆستایانی ئایینی ئیسلام و پیاوانی ئایینی لە ھەموو ئایین و ئاینزاکانی دیکە، بە پلەی یەکەم بەرپرسیارییان دەکەوێتە ئەستۆ، کە بەردەوام ھۆشیاری بڵاو بکەنەوە و ڕێگە نەدەن ئایین لە پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و خوای گەورەوە، بکرێتە ئامێرێک بۆ ڕەتکردنەوەی خەڵک و بیروباوەڕ و پێکھاتەکانی دیکە.

ئینجا دامودەزگا و دامەزراوە پەروەردەییەکانیش دەبێ گرنگییەکی زیاتر بەو بوارە بدەن و مەوادی خوێندن و ھاندانی کەلتووری فرەڕەنگی و پێکەوەژیان و لێبوردەیی ھەر لە قۆناغەکانی باخچەی ساوایان و سەرەتاییەوە، تا ئامادەیی و قۆناغی زانکۆییش فراونتر بکەن. بێگومان ڕۆشنبیران و دامەزراوە ھزری و کەلتوورییەکان و میدیاش، دەتوانن لەمبارەیەوە ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕن. ئەگەر ئەمە نەکەین و لە بنج و بنەوانی بیر و ھزری تونڕەوی نەدەین و ڕێگەی لێنەگرین، بێگومان پێکەوژیان و لێبوردەیی و ئەو کەلتوورە دێرینەمان دەکەوێتە بەر مەترسیی ڕاستەقینەی لەناوچوون.

ھەر لێرە و لە کاتێکدا ئێمە یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام حەزرەتی موحەممەد دروودی خوای لێبێت بەڕێ دەکەین و،لە ١٢ ڕۆژی داھاتووشدا پێشوازی لە یادی لەدایکبوونی حەزرەتی عیسای مەسیح سڵاوی خوای لێبێت دەکەین، وێڕای پیرۆزکردنی ئەم دوو یادە، ھیوادارم ئەم یادانە و، ھەموو بۆنە و جەژنە ئایینییەکان ببنە ھەوێنی پتەوکردن و قووڵکردنەوەی زیاتری تەبایی و پێکەوەژیان و لێبوردەیی لە ھەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەش.

لە کۆتاییدا ھیوای سەرکەوتن بۆ کۆنفرانسەکەتان دەخوازم، ھیوادارم لە ئەنجامی ئەو باس و لێکۆڵێنەوانەی لێرەدا پێشکەش دەکرێن، ڕاسپاردە و پێشنیار و بیرۆکەی باش بۆ چۆنیەتیی پاراستن و پەرەپێدانی کەلتووری پێکەوەژیان و لێبوردەیی لە کوردستان و عیراق و، چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوەی بیری توندڕەوی و تیرۆر و، چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی دوای ڕزگارکردنی مووسڵ لەڕووی سیاسی و کارگێڕی و ڕێکخستنییەوە،‌ بێنە ئاراوە و، حکوومەت و لایەنە پەیوەندارەکان و خەڵکیش، بۆ سەرخستنی پێکەوەژیان و لێبوردەیی و بەرەنگاربوونەوە و بنبڕکردنی توندڕەوی و تیرۆر، سوودی لێ وەر‌بگرن.

جارێکی دیکە دەستخۆشی لە وەزیری خوێندنی باڵا و ھەروەھا وەزیری ڕۆشنبیری دەکەم، ھەروەھا دەستخۆشی لە ھەموو ئەو کەسانە دەکەم کە کارەیان لەگەڵ کردوون. بەڕێز د. یووسف گۆران و بەڕێز خالد دۆسکی و تیمەکانی ھاوکاریان، سوپاسی تایبەتیان دەکەم بۆ سازدانی ئەم کۆنفرانسە لەم کاتەدا کە پێموایە زۆر گرنگە.

دووبارە ھەموولایەکتان بەخێربێن بەسەر چاو. دەمەوێ بەخێرھاتنێکی گەرمی کاک ئیسماعیل بەشیکچی بکەم کە ئەمڕۆ تەشریفی ھێناوە، ئەم بەڕێزە بۆ ئەم بەھایانەی کە ئەمڕۆ ئێمە بەم کۆنفرانسەدا کۆبووینەتەوە، زۆر ھەوڵ و تێکۆشانی داوە لە تورکیا. بۆ بەرگریکردن لە مافەکان و ھەبوونی کورد لەم وڵاتەدا، زۆر زەحمەتی کێشاوە، زیندانی بینیوە و زۆر خەباتی کردووە و تا ئەم ساتانەش لەسەر خەباتی خۆی بەردەوامە، بەناوی ئەو بەڕێزانەی لێرە دانیشتوون بەتایبەتی بەخێرھاتنی دەکەین و شەڕەفێکی گەورەیە کە ئەمڕۆ ئەو لەگەڵمان بەشدارە و بەخێربێت سەرچاوان زۆر بەخێر بێت.
payamner-
Top