پانێڵێک بۆ چارەسەرکردنی دۆخی سوریا لە وارشۆ ڕێکخرا
پانێڵێکی وتووێژ لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی سوریا و نوسینی ڕاسپاردەیەک بۆ حکومەتی پۆڵۆنی لەسەر دەستپێشخەری دەزگای Instrat و ڕۆژنامەی ناوداری پۆڵۆنیا "کۆمار – Rzeczpospolita” بەھاوکاری لەگەڵ ھەریەک لە ڕێکخراوی خێرخوازی Polish Humanitarian Action و دەزگای Adenauer ڕێکخرا. لە بۆنەکەدا نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی پۆڵۆنیا و ڕێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی و دەزگا ستراتیژییەکان و پەیوەندی نێودەوڵەتی و بەڕێوەبەری „Polska Debatuje – پۆڵۆنیا وتووێژ دەکات" ئامادە بوون.
مەبەست لە وتووێژەکە گفتوگۆکردن بوو لەسەر دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ قەیرانی سوریا و نوسینی ئامۆژگاری بۆ حکومەتی پۆڵۆنیا کە چۆن ھەڵس و کەوت بکات لەسەر قەزیەی سوریا.
پێشتر داواکرابوو لە پسپۆران و شارەزایان لەوانە "زیاد ڕەئوف" نوێنەری حکومەتی ھەرێم لە پۆڵۆنیا، ھەریەکێک ڕاپۆرتێک ئامادەبکات وەکو پێشنیاری چارەسەری بۆ حکومەتی پۆڵۆنیا بەناوی "پەرتووکی سپی" کە چاپ کرابوو و دابەش کرا بەسەر ئامادە بووان.
سەرەتا ڕێکخەرانی وتووێژەکە بەخێرھاتنی میوانەکانیان کرد و باسی ھۆکاری ئەو دانیشتنەیان کرد. پاشان زیاد ڕەئوف نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا وتارێکی پێشکەش کرد، تیایدا باسی بارودۆخی سوریا و ھۆکاری سەرھەڵدانی کێشەکانی کرد. ئاماژەی بەو سنورە دەسکردە دا کە لە ئەنجامی دابەش کردنی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھاتۆتە ئاراوە لە ڕێکەوتننامەی سایکس-پیکۆ، کە ناکرێ ئیتر بەردەوام بێت چونکە ویست و خواستی میللەتانی ناوچەکەی لەبەرچاو نەگرتووە بەڵکو تەنھا بەرژەوەندی وڵاتانی داگیرکار و کۆلۆنیاڵی لەبەر چاو گرتووە.
بەبڕوای زیاد ڕەئوف چارەسەری سەرەکی بارودۆخی ناوچەکە بریتیە لە دووبارە دانانی سیستەمێکی نوێ و داڕشتنەوەی سنورەکانی ناوچەکە کە ئیرادەی میللەتانی ناوچەکەی تێدا بێت، لەوانە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان کە بێگومان دەبێتە ھۆی سەقامگیری ناوچەکە. کوردستانی عێڕاق ئیسپاتی کرد کە دەبێتە ھۆکاری ئاشتەوایی لەناوچەکە وەکو وڵاتێک کە ھەموو نەتەوە و ئایینی جیاوازی تێدا جێ دەبێتەوە و لە ھەمان کاتدا دەبێتە ھاوپەیمانێکی جێ متمانە بۆ ڕۆژئاوا و جیھان.
دواتر ئاماژەی دا کە چارەسەری کێشەی سوریا دەبێ بە لێکتێگەیشتنی نێوان زلھێزە جیھانییەکان و زلھێزانی ناوچەکە و لێکتێگەیشتنی نەتەوەکانی ناوچەکە بێت.
لە بەشێکی تری وتارەکە نوێنەری حکومەت باسی دۆخی ھەرێمی کوردستانی کرد، کە ھەرێمێکی بچوکی وەکو کوردستانی عێڕاق ژمارەیەکی زۆری ئاوارەی لەخۆگرتووە، ھەروەھا ھێزی پێشمەرگەی کوردستان کە لەگەڵ ھەبوونی ئەو ھەموو کەم و کوڕییە لە چەک و جبەخانە، بەڵام توانیویەتی ئیسپاتی بکات کە کاریگەرترین ھێزی ناوچەکەیە لە جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعش. لەوەوە داوای کرد پشتیوانی و ھاوکاری زۆر بکرێت بۆ پێشمەرگە لە ھەموو ڕوویەکەوە و پشتیوانی سەربەخۆیی کوردستان بکرێ لە لایەن یەکێتی ئەوڕوپا و وڵاتانی زلھێز.
دوای ئەوە وتووێژێک دەستی پێکرد بە بەشداری چەند ڕۆژنامەنوسێک و پسپۆرێک لەسەر دۆخی سوریا. ھەریەک لە ڕوانگەی خۆیەوە بابەتەکەی خستەڕوو. یەکێک لە نوسەرانی ڕاپۆرتەکە خاتوو ماگدالێنا ئەلغەماری باسی جەنگی پێنج ساڵەی سوریای کرد و ئاماژەی دا بەو قوربانی و ژمارەی کوژراوان و برینداران و دەربەدەربووان. دواتر باسی ئاڵۆزیی جەنگەکە و پەرت و بڵاویی ھێزە شەڕکەرەکانی سوریای کرد. ئەلغەماری پێشنیاری چارەسەری سیاسی دەکات بۆ سوریا بەڵام بە مەرجێک دەبێ ئیرادەیەک ھەبێت بۆ ئاشتی لە نێوان لایەنە زلھێزەکان. ھەروەھا لە لایەنی ئابووریەوە پارە و سامانی گڕوپە توندڕەوەکان بپچڕێندرێت. جگە لەوانەش ھاوکاری مرۆیی دەستەبەر بکرێ و ھێزی ئاشتی پارێز ڕەوانە بکرێت تەنھا بۆ مانەوە نەوەک بۆ دەستوەردان لە وڵاتەکە. دوای ئەویش جێگری سەرنوسەری ڕۆژنامەی کۆمار پیۆتر لوکاشێڤیچ Piotr Łukaszewicz ئاماژەی دا بە ھەوڵی سیاسی پۆڵۆنیا کە ببێتە ھۆی کەم کردنەوەی کردە سەربازییەکان. ھەروەھا لە ڕووی سەربازییەوە دەبێت لەچوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئامادەیی خۆی زۆرتر بکات لە کەم کردنەوەی قەیرانەکە و ڕاھێنان کردن بە ھێزەکانی عێڕاق و سوریا. جیالەوەش ھاوکاری کردنی زیاتری مرۆیی و وەرگرتنی ژمارەیەک ئاوارە لە چوارچێوەی چارەسەرکردنی قەیرانەکە. دواتر ڤیتۆڵد ڕێپێتۆڤیچ Witold Repetowicz ڕۆژنامەنوسی سەربەخۆی پۆڵۆنیا کە تازە لە کوردستان گەڕاوەتەوە، باسی دۆخەکەی بەشێوازێکی تر کرد، تیایدا تیشکی زۆری خستە سەر کێشەکە لە ڕوانگەی کورد و ھێزی پێشـمەرگەی کوردستان وەکو ھێزێکی کاریگەری زەمینی لە جەنگی دژ بە داعش. ناوبراو لە ڕاپۆرتەکەیدا باسی ھاوکاری مرۆیی زۆرتر دەکات بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و دووبارە بونیاد نانەوەی ناوچەکە، بۆ ئەوەی ھاوڵاتیان بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و ئەوڕوپاش لە کێشەی ئاوارەکان ڕزگاری دەبێت. بە گوێرەی قسەی جۆرج یەعقوب کوردەکان دەتوانن ببنە لایەنێکی گرنگی پرسەکە کە لێیەوە ناسنامەیەکی نوێ دروست بکرێت، ناسنامەیەک کە نە ئیسلامی بێت نە عەرەبی. ناوبراو ئاماژەی دا کە سوریای نوێ دەبێ ناسیۆنالیزمی عەرەبی و رادیکالیزمی ئیسلامی فڕێ بدات، وە وڵاتانی عەرەبی دەبێ ھەرچی زووە پردی پەیوەندی لەگەڵ کوردەکان دروست بکەن. لە ھەمان کاتدا دکتۆر جۆرج یەعقوب گۆمانی خۆی نیشان دا لە سەرکەوتنی پڕۆژەی فیدڕالی لە کوردستانی ڕۆژئاوا بە ھۆی دووبەرەکی دەسەڵاتدارانی کوردی و کۆمەڵگای مەدەنی و نەبوونی یەکگرتوویی لە نێوان خەلکانی ڕۆژئاوا.
ھەروەھا یەکێکی تر لە نوسەرانی ڕاپۆرتەکە بەناوی ماگدالێنا ڕۆزێنێک Magdalena Rozenek پێی وایە دەبێ ئامانجی سەرەکی حکومەتی پۆڵۆنیا بریتی بێت لە پارێزگاری لە یەکگرتوویی خاکی سوریا، واتە پاراستنی لە پارچەبوون و کارکردن لە پێناوی یەکگرتوویی کۆمەڵگای سوریا.
دواتر ھەموو ئامادەبووان توانیان پرسیارەکانیان ئاڕاستەبکەن و وتووێژەکە بەردەوام بوو. دواتر خوانێکی سادە ئامادە کرابوو کە تیایدا گفتوگۆکان بەردەوام بوون.
لە کۆتاییشدا کۆمەکی خێرخوازی کۆکرایەوە بۆ ڕێکخراوی ھەڵمەتی مرۆیی پۆڵۆنیا کە لە ساڵی ٢٠١٣ ەوە ھاوکاری مرۆیی پێشکەشی ھاوڵاتیانی لێقەوماوی سوریا دەکات.
payamner-
