فەرماندەیەکی پێشمەرگە: کاربەنووسراوێک ناکەین فەرمان بە کشانەوەی پێشمەرگە بکات

 فەرماندەیەکی پێشمەرگە: کاربەنووسراوێک ناکەین فەرمان بە کشانەوەی پێشمەرگە بکات
فەرماندەیەکی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە ئەوان کار بە نووسراوێک ناکەن، کە فەرمانی کشانەوەی پێشمەرگە لە نـاوچە کوردستانییەکانی پارێزگای نەینەوا بکات.

حەمید ئەفەندی، فەرماندەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە محیوەری باشیک رایگەیاند، بە بەھێزی بازگە و سەنگەری خۆمان لێ دەدەین و ئەوە شوێنەی سنووری خۆمان بێت لێی دەمێننەوە.

حەمید ئەفەندی ئاماژەی بە رەزامەندیی سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ کشانەوەی پێشمەرگە و پاراستنی سنووری پارێزگای نەینەوا وەک پێش ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی عێراق لە 2003 کرد و رایگەیاند، ھەر نووسراوێک لەسەرۆکایەتی کۆمار و وەزیرانی عێراق و ھەرلایەنێکی دیکە ”بیەوێت بمان گەرێنێتەوە، قبوڵکراو نییە، چونکە ئێمە خاکی کەسمان داگیر نەکردووە و لە سنووری کوردستان بەبەھێزی پارێزگاری لە خۆمان دەکەین".

ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە هەروەها راگەیاند، کە ناکرێت پێشمەرگە خوێن بڕێژێت و خەڵکانێکی دیکە بریار لە چارەنووسیان بدەن، ”چارەنووسی پێشمەرگە بەندە بە ئیرادەی خەڵکی کوردستانەوە“.

پێشتر پەرلەمانی عێراق پرۆژەیاسایەکی پەسەند کرد، کە تێیدا بڕیاری گەڕاندنەوەی سنووری ئیداریی پارێزگای نەینەوا وەک پێش ساڵی 2003 و دواتریش فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆماری عێراق واژۆی لەسەر بڕیارەکە کرد.

بەپێی بڕیارەکە، پێویستە هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچە کوردستانییەکانی مەخموور، دیبەگە، شنگال، سنوونێ، خازر و باشیک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی پارێزگای نەینەوا بکشێنەوە و ناوچەکان رادەستی حکوومەت و سوپای عێراق بکەنەوە.













باسنیوز
Top