سەرکردەیەکی یەکێتی: رێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی تەنها لە ڕاگەیاندندا ماوە
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، کە نەیویست ناوی بڵاو بکەینەوە و دەنگەکەی پارێزراوە، رایگەیاند، گۆڕان و یەکێتی بیر و بۆچوونی زۆر جیاوازیان لە نێواندا ھەیە و ”رێککەوتنی نێوانیان نەماوە، ئەوەی ھەیە بابەتێکی ڕووکەش کراوە".
ئەو سەرکردەیەی یەکێتی ئاماژەی بەوەش دا، رێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی تەنها لە راگەیاندنەوە باس دەکرێت، ”ئەگەرنا لە ئەرزی واقیع شتێکی وانییە، ئەم سەرکردانە ناتوانن بەیەکەوە کۆببنەوە و تازە جیاوازی نێوان گۆڕان و یەکێتی زۆر فراوانتر بووە لەوەی بیری لێ دەکرێتەوە".
بە گوتەی ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، کێشە لەوە دایە، کە ”فەرمان و ھەڵوێست وەرگرتن لە ئاستی سەرکردایەتی نەماوە و ئێستا کەس و شەخس فەرمان و ئاراستەی حزبی دەردەکات".
رۆژی سێشەممە 17ـی ئایاری 2016، بە ئامادەبوونی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، کۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتیی گۆڕان رێککەوتننامەی هاوبەشیان لەنێوان حزبەکانیان واژۆ کرد.
باسنیوز
