پێشمەرگەیەک: شەهیدبوونی 2 برام هێندەی بێ رێزییەکانی ئەم دواییەی بەرپرسانی گۆڕان خەمباری نەکردووم
یەکێک لەو پێشمەرگانەی بەشداریی خۆپیشاندانی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانی لە دژی سووکایەتیکردن بە پێشمەرگە و کەسوکاری شەهیدان کرد، بە کەناڵی (کوردستان 24)ی راگەیاند، ئەوان بێ رێزیکردن بە پێشمەرگە و شەهیدان قبووڵ ناکەن.
ئەو پێشمەرگەیە داوای کرد سروە عەبدولواحید، پەرلەمانتاری گۆڕان و ئەوانەی سووکایەتی بە پێشمەرگە دەکەن، ”توندترین سزا“ی یاسایی بدرێت، چونکە پێشمەرگە پاریزەری گەلی کوردستانە و نابێت سووکایەتی بە خۆی و کەسوکاری بکرێت.
هەروەک ئەو پێشمەرگەیە رایگەیاند، دوو برای شەهید بووە لە پێناوی بەرزیی ئاڵا و سەربەخۆیی کوردستان، کەچی هێندەی ”بێ ریزی و سووکایەتییەکەی سروە بە پێشمەرگە و کەساکری شەهیدان“، خەمباری نەکردووە و ئامادەیی خۆیشی دەربڕی بۆ شەهیدبوون لەپێناو خاکی کوردستان.
رۆژی سێشەممە 13ـی کانوونی یەکەمی 2016، بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگە لەبەردەم داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر دژی ”سووکایەتیکردن“ بە پێشمەرگە و خانەوادەی شەهیدان لەلایەن بەرپرسانی گۆڕانەوە خۆپیشاندانیان ئەنجام دا.
باسنیوز
