ھەڵگورد حیکمەت: پێشمەرگە لە تەواوی ئەو سووکایەتییانە نیگەرانە کە لە ڕابردوودا پێی کراوە

 ھەڵگورد حیکمەت: پێشمەرگە لە تەواوی ئەو سووکایەتییانە نیگەرانە کە لە ڕابردوودا پێی کراوە
بەڕێوەبەری ھۆشیاری و ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کە لە هەموو ئەو لێدوان و سووکایەتییانە نیگەرانن، کە لە رابردوودا بە پێشمەرگە کراون.



عەمید هەڵگورد حیکمەت، بەڕێوەبەری ھۆشیاری و ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە لە نێو خۆپیشاندانی پێشمەرگە ئەوەی ئاشکرا کرد، کە فەرمانگەی یاسایی وەزارەتەکەی لەمڕۆوە دەست بە ڕێوشوێنە یاساییەکان لەبەرامبەر پەرلەمانتارەکەی بزووتنەوەی گۆڕان دەکات.



رۆژی سێشەممە 13ـی کانوونی یەکەمی 2016، بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگە لەبەردەم داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر دژی ”سووکایەتیکردن“ بە پێشمەرگە و خانەوادەی شەهیدان لەلایەن سروە عەبدولواحید، پەرلەمانتاری گۆڕان، خۆپیشاندانیان ئەنجام دا.



عەمید هەڵگورد حیکمەت ئاماژەی بەوەش دا، کە خۆپیشاندانەکە تەنها دژی لێدوانەکەی سروە عەبدولواحید نییە، بەڵکو دژی هەموو ئەو تۆمەت، سووکایەتی و تەشهیرانەیە، کە لە رابردووشدا بە پێشمەرگە کراون و بە میلیشیا ناوهێنراون، کە پێشمەرگە ”بەھیچ یاسا و میساقێکی نێودەوڵەتی میلیشیا نییە“ و زۆر بە سەرکەوتوویی شەڕی دڕندەترین گرووپی جیهان دەکات، کە رێکخراوی توندڕەوی داعشە.



ئەمە لە کاتێکدایە کە ژمارەیەک لە پەرلەمانتار و بەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕان، لە کات و شوێنی جیاوازدا، پێشمەرگەیان بە میلیشیا وەسف کردووە و کەسوکاری پێشمەرگەیان بە "خۆفرۆشتن" تۆمەتبار کردووە کە بەهۆیەوە نیگەرانییەکی زۆر لەنێو پێشمەرگە و کەسوکاری شەهیدان دروست بووە.






باسنیوز
Top