خۆپیشاندانی پێشمەرگە لە دژی لێدوانەکەی سروە عەبدولواحید دەستی پێ کرد

 خۆپیشاندانی پێشمەرگە لە دژی لێدوانەکەی سروە عەبدولواحید دەستی پێ کرد
لەبەردەم دادگای هەولێر، پێشمەرگەکانی یەکە جیاوازەکان، لەدژی لێدوانەکەی پەرلەمانتارێکی گۆڕان کە بە ”سووکایەتی“ لە قەڵەمی دەدەن، دەستیان بە خۆپیشاندان کرد.



پەیامنێری (باسنیوز) لەنێو پێشمەرگە ناڕازییەکانەوە ئاماژەی بەوە کرد کە کەمێک لەمەوبەر، بە مەبەستی ناڕەزایی دەربڕین لە دژی قسەکانی سروە عەبدولواحید، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان کە کەسوکاری شەهیدانی پێشمەرگەی بە ”خۆفرۆش“ ناوبردبوو، کەژاوەیەکیان ڕێک خستووە و ئێستا لەبەردەم دادگای هەولێر ناڕەزایی دەردەبڕن.



ئەوەشی ڕوون کردەوە کە پێشمەرگەکانی سەرجەم یەکە و لیواکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکەدا کردووە و داوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر بەو پەرلەمانتارەی گۆڕان دەکەن.



ئەمە لە کاتێکدایە کە بزووتنەوەی گۆڕان هەوڵەکانی بۆ کپکردنەوەی ئەو ناڕەزاییانە خستووەتە گەڕ و بە جۆرەها شێوە کار بۆ داخستنی دۆسیەی ئەو لێدوانە دەکات کە دیارترینیان، هەڕەشەکەی شەوی ڕابردووی عەبدوڵای کوێخا موبارەک، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕانە کە هەڕەشەی ئەوەی کردبوو، ئەگەر ئەم ناڕەزایەتییانە کۆتاییان پێ نەهێندرێت، ئەوا گواستنەوەی گازی سرووشتیی چەمچەماڵ بۆ هەولێر و دهۆک ڕادەگرن.







باسنیوز
Top