لەنێو باڵی دەستڕۆیشتوودا دەنگی ناڕەزایی دژی بنەماڵەی ئیبراھیم ئەحمەد بەرز دەبێتەوە
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە سەرچاوەیەکی نزیک لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕاگەیاند، نەوشیروان مستەفا، نایەوێت کۆبوونەوەی گۆڕان و یەکێتی لەگەڵ پارتی ئەنجام بدرێت. ئەوەشی نەشاردەوە کە ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد داوای لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کردووە، نابێت بەبێ یەکلاییکردنەوەی کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی، کۆبوونەوەیەکی ئاسایی لەگەڵ شاندی پارتی ئەنجام بدرێت.
سەرچاوەکە ئەوەی ڕوون کردەوە کە نەوشیروان مستەفا و ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد ھاوڕان لەسەر ئەوەی، ئەگەر گۆڕان و یەکێتی لەگەڵ شاندی پارتی “تەنانەت بۆ چەند خولەکێکیش” کۆ ببنەوە، ئەوە دەبێتە داننان بە شەرعیەتی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کە ماوەیەکە گۆڕان و بەشێک لە یەکێتی ڕەتی دەکەنەوە، بەو ھۆیەوە زنجیرە کۆبوونەوەکە لەسەر داوا و پێشنیازی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەستی پێ کردووە.
دوای ئەوەی لە ٢٠\١١\٢٠١٦، بارزانی پەیامەکەی بڵاو کردەوە و تێیدا داوای لە لایەنەکان کرد، کۆبوونەوە ئەنجام بدەن و لەسەر گۆڕانکارییەکان لە ھەرسێ (سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان) ڕێک بکەون. بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک، بارودۆخی سیاسیی نێوان لایەنەکانی کوردستان ھێوربوونەوەی بەخۆوە بینی، بەڵام لەو ماوەیەدا لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕان و باڵێکی یەکێتییەوە، چەند ھەوڵێک ھەبوون کە چاودێران پێیانوایە، بەشێکن لەو ھەوڵانەی بە مەبەستی دروستکردنی ئاستەنگ بۆ کۆبوونەوەی نێوان لایەنەکان دراون. لەو چوارچێوەیەدا، شاندێکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ نووری مالیکی، سەرۆکی حزبی دەعوەی ئیسلامی کۆ بووەوە و دواتر لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، دەنگیان بە یاسای حەشدی شەعبی دا و بڕگەیەکیشیان لە بودجەی گشتیی ٢٠١٧ی عێراق بە پێچەوانەی خواستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چەسپاند.
لەمبارەیەوە سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە میانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی فەرمیی یەکێتی کە لە ١١\١٢\٢٠١٦دا بڵاو کراوەتەوە، دانی بەوەدا ناوە: “لەم چەند ڕۆژەی دوایی، ھەندێک گفتوگۆی ساردوسڕی ھەبوو لەسەر مەسەلەی بودجەی عێراق و چۆنیەتیی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی خەڵکی کوردستان” لە نێوان ھەردوو پارتەکە.
سەرچاوە نزیکەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئەوەشی ئاشکرا کرد کە جگە لەو ناڕەزاییەی باڵی ناوەندی بڕیاری یەکێتی لە بەرامبەر بۆچوونەکانی ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی پارتی ھەیەتی، پێیشی وایە ئەو بۆچوونە ئاستەنگە لەبەردەم چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەرێمی کوردستان. تەنانەت ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیش، دژی بۆچوونەکەی ھێرۆ برایم ئەحمەدن و پێیانوایە کە دانیشتنی نێوان یەکێتی و پارتی، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەریمی کوردستان سەرەتایەکی باش دەبێت.
بەپێی زانیارییەکانی ھەمان سەرچاوە، ھەرچەندە پاڤێڵ تاڵەبانی نوێنەرایەتیی ھێرۆ خانی دایکی دەکات لە ھەوڵەکان بۆ بەستنی کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی یەکێتی، بەڵام بەھۆی ئەوەی ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد لەوە دڵنیایە کە لە سەرکردایەتیی یەکێتیدا کۆدەنگی لەسەر گفتوگۆکردن لەگەڵ پارتی ھەیە، بۆیە لەسەر داوای پاڤێڵ تاڵەبانی، کۆبوونەوەکەی دواخستووە.
لەم دواییەدا، جگە لەو ناکۆکییانەی لەنێوان ھەردوو باڵەکەی یەکێتیدا ھەبوون، کێشەیەکی نوێ لەنێو خودی باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەری ھەڵداوە و لەو چوارچێوەیەشدا مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی یەکێتی، لەگەڵ شاناز ئیبراھیم ئەحمەد، بەرپرسی ڕێکخستنەکانی دەرەوەی یەکێتی، لە میدیاکانەوە بە شێوەی جیاواز وەڵامی یەکتریان داوەتەوە و ھێرشیان کردووەتە سەر یەکتر.
سەرچاوە نزیکەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەبارەی ئەو کێشەیەوە بۆ (باس)ی ئاشکرا کرد: “تەقینەوەی کێشەی نێوان مەلا بەختیار و شاناز ئیبراھیم ئەحمەد، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە چەند مانگێکە مەلا بەختیار ھەڵوێستی گۆڕاوە و مل بۆ بڕیارەکانی ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد نادات”.
ئەوەشی نەشاردەوە کە ھۆکاری سەرەکیی تەقینەوەی کێشەکانی نێوان ئەو دوو سەرکردە دیارەی باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی، ئەوەیە کە مەلا بەختیار پێداگری لەوە دەکات، یەکێتی پێشوازی لە ھەوڵەکانی پارتی بکات و کۆبوونەوە وەک ھەوێنێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدات.
سەرەڕای ئەوەی بە گوتەی سەرچاوەکە، ماوەی چەند مانگێکە، مەلا بەختیار ھەوڵی باوەڕھێنان بە ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد دەدات، تاوەکوو لەگەڵ ناوەندی بڕیاری یەکێتی نەرمی بنوێنێت، بەڵام ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد بە توندی ئەمەی ڕەت کردووەتەوە و لە ھەڵوێستەکەی مەلابەختیار تووڕە بووە.
گوتیشی: “ھێرۆ ئیبراھیم پێی وایە کە دەبێت لە ململانێی نێوان باڵەکەی و ناوەندی بڕیاری یەکێتیدا، لایەنگر و داکۆکیکاری باڵی دەستڕۆیشتوو بێت، نەک ڕۆڵی نێوەندگیر بگێڕێت”.
ئەم بارودۆخە تازەیەی لەنێو باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتیدا دروست بووە، ئەوە دەردەخات کە ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکانی یەکێتی لە ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد نیگەرانن و دوور کەوتوونەتەوە لێی.
باسنیوز
