پەرلەمانتارێکی شیعە بۆ ئاڵا تاڵەبانی: دەستم دەبڕم و دەنگ بە بڕگەی تایبەت بە پێشمەرگە نادەم

پەرلەمانتارێکی شیعە بۆ ئاڵا تاڵەبانی: دەستم دەبڕم و دەنگ بە بڕگەی تایبەت بە پێشمەرگە نادەم
ئاڵا تاڵەبانی کە ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتییە و سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتییە لە پەرلەمانی بەغدا، بەسەرپەرشتی ئەو فراکسیۆنەکانی یەکێتی و گۆڕان و کۆمەل و یەکگرتوو دەنگیان بە یاسای حەشدی شەعبی داو کە ماوەی ساڵێکە دامەزراوە لە ١٠٠٪ بە سوپای شیعە ناسراوەو زۆرجار هەلوێستی توندیان بەرامبەر پێشمەرگە و کورد هەبووەو بەفەرمی بە سوپای عێراقیان ناساندو بە مووچەیەکی زۆر، لەهەمان کاتدا دەنگیان بە پێشمەرگە نەدا کە پارێزگاری لە ئازادی و پێکەوەژیان و هەموو مرۆڤایەتی دەکات.

بەپێی تۆمارێکی ڤیدۆیی، لە میانی بەرنامەیەکی کەناڵی (دیجلە)ی سەر بە مالیکی، ئاڵا تاڵەبانی، نزیکترین کەس لە مالیکی، دانی بەوەدا ناوە کە هەرچەندە خۆی و پەرلەمانتارانی یەکێتی، دەنگیان بە یاسای حەشدی شەعبی داوە، بەڵام پەرلەمانتارێکی شیعە کە ئاڵا تاڵەبانی بە ”یەکێک لە پشتیوانانی یاسای حەشدی شەعبی“ ناساندوویەتی، چووەتە لای و پێی گوتووە: ”دەستم دەبڕم و دەنگ بە بڕگەی تایبەت بە پێشمەرگە نادەم لە یاسای بودجەی گشتیی 2017ی عێراقدا“.

ئاڵا تاڵەبانی کە ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتییە بە پەرلەمانتارە شیعەکەی گوتووە: ”وا مەکە پەشیمان ببمەوە و بڵێم دەنگەکەم بۆ حەشدی شەعبی بە بەلاش دا“....

ئەوەش ناشارێتەوە کە پاش دەنگدانی بە یاسای حەشدی شەعبی، لەلایەن عەممار حەکیم، سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعەکان و ئەبومەهدی موهەندیس، کەسی دووەمی نێو حەشدی شەعبییەوە، پەیوەندی پێوە کراوە و سوپاسی تایبەتی کراوە. دەشڵێت: ”هەموویان پەیوەندییان کرد و سوپاسیان کردم“.

ئەمە لە کاتێک دایە کە پێشتر هەفتەنامەی (باس) ئەوەی ئاشکرا کردبوو، لە لایەن باڵێکی یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان و مالیکیدا، ڕێککەوتنێک بۆ تێپەڕاندنی یاسای بودجەی 2017ی عێراق کراوە. هەیسەم جبووری، پەرلەمانتاری عێراقیش ئەوەی ڕاگەیاندبوو کە ڕێککەوتنێکی لەم جۆرە لەئارا دایە، بەڵام یەکەمجارە دوای تێپەڕاندنی یاساکە، فێڵکردنی پەرلەمانتارانی شیعە و پاشگەزبوونەوەیان لە ڕێککەوتنەکە ئاشکرا دەبێت کە بەهۆیەوە دواتر گۆڕانکارییان لە بڕگەی تایبەت بە پێشمەرگە لە یاسای بودجەدا کرد.

هەر لەمبارەیەوە، ڕۆژی یەکشەممە 11\12\2016، سەرچاوەیەک لەنێو مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، ڕێککەوتنی تایبەت بە بودجەی گشتیی عێراق، بە شێوەیەکی تاکلایەنە لەنێوان گرووپێک لە پەرلەمانتارانی یەکێتی و گرووپێک لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەگەڵ گۆڕان و لایەنەکانی دیکەدا کراوە و ”هەندێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لێی ئاگادار نین“.




باس
Top