40 ساڵ تێپه‌ڕ ده‌بێت به‌سه‌ر دابڕانی خورماتوو له پارێزگای كه‌ركووك
له ساڵی 1976 ڕژێمی به‌عس به مه‌رسوومێكی كۆماری، به‌هۆی سیاسه‌تى به‌عه‌ره‌بكردنه‌وه، قه‌زاى خورماتووى له پارێزگاى كه‌ركووك دابڕی و خستییه سه‌ر پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دین و ئێستاش دواى 40 ساڵ هێشتا نه‌توانراوه قه‌زاكه بگه‌ڕێندرێته‌وه سه‌ر پارێزگاى كه‌ركووك، دانیشتووانى قه‌زاكه‌ش به كورد و توركمان و عه‌ره‌به‌وه له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ى خورماتوون بۆ سه‌ر پارێزگاى كه‌ركووك و كۆتایی به‌و بڕیاره بهێنرێت كه له سه‌رده‌مانێكدا ڕ‌ژێمى به‌عس سیاسه‌تى بهعهرهبكردنى له كه‌ركووك ده‌ست پێكردبوو و هه‌ڵسا به دابڕانی چه‌مچه‌ماڵ له كه‌ركووك و خستییه سه‌ر پارێزگاى سلێمانى و كفریشی له كه‌ركووك دابڕی و خستییه سه‌ر پارێزگای دیاله و كهلاریشی له كه‌ركووك و دابڕی و خستییه سه‌ر پارێزگاى سلێمانى و پێشتریش خورماتووى له پارێزگاكه دابڕیبوو، پاشان هه‌زاران ماڵباتی له ناوه‌ڕاست و باشوورى عێراقه‌وه هێنایه كه‌ركووك و سیاسه‌تى بهعهرهبكردنى چڕ كرده‌وه و ئێستاش دواى چوار ده‌یه هێشتا سیاسه‌تى به‌عه‌ره‌بكردن له پارێزگاى كه‌ركووك درێژه‌ى هه‌یه.
خورماتوو، له ساڵی 1924 بووه‌ته ناحییه و ماوه‌یه‌ك سه‌ر به قه‌زاى كفری بووه و ماوه‌یه‌كى تریش سه‌ر به قه‌زاى داقوق بووه، له ساڵی 1951 بووه‌ته قه‌زا و یه‌كه‌م قایمقامیشی ناوى عه‌بدولڕه‌حمان نه‌قیب بووه و له‌و كاته‌دا سه‌ر به ویلایه‌تى كه‌ركووك بووه و تا ساڵی 1976 سه‌ر به كه‌ركووك بووه، له ڕووى مه‌ودای دووریى ناوه‌ندى هه‌ر دوو پارێزگاى كه‌ركووك و سه‌ڵاحه‌دین، خورماتوو به دووریى 60 كیلۆ مه‌تر ده‌كه‌وێته باشوورى كه‌ركووكه‌وه، به‌ڵام به دووریى 100 كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته ڕۆژهه‌ڵاتى شارى تكریتى ناوه‌ندى پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دین.
به‌پێی زانیارییه‌كانى هه‌فته‌نامه‌ى (باس)، تاكه قه‌زا كه له لایه‌ن حكوومه‌تى خۆجێیی سه‌ڵاحه‌دینه‌وه له سه‌رده‌مى به‌عسدا، له كۆی هه‌شت قه‌زاى سه‌ر به‌و پارێزگایه فه‌رامۆش كرابێت، خورماتوو بووه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى خورماتوو تاكه قه‌زایه سه‌ر به‌و پارێزگایه بێت له زۆرینه‌ى نه‌ته‌وه‌ى كورد و نه‌ته‌وه‌ى توركمان و ئینجا عه‌ره‌ب و له هه‌مان كاتدا هه‌ر دوو مه‌زهه‌بی سوننه و شیعه‌ى تێدایه، جگه له‌وه‌ش ژماره‌یه‌ك له ماڵباتی كوردانى كاكه‌یی بوونیان هه‌یه، ئه‌مه‌ش بووبووه هۆی ئه‌وه‌ى كه ده‌سه‌ڵاتدارانى سه‌ڵاحه‌دین ئه‌و مۆزایكهى كه له خورماتوو هه‌بووه پێ قبووڵ نه‌كرێت و كه‌مترین خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش به قه‌زاكه نه‌كرێت و هه‌میشه به‌عس ئه‌شكه‌نجه و ئازارى خه‌ڵكى خورماتووى داوه، له شاڵاوى ئه‌نفالى گه‌رمیانیشدا خورماتوو له سنوورى گه‌رمیان زۆرترین ئه‌نفالی دا.
هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كانى (باس)، له‌دواى ساڵی 2003شه‌وه جارێكى تر حكوومه‌تى خۆجێیی سه‌ڵاحه‌دین خورماتووى له زۆربه‌ى ڕووه‌كانه‌وه به‌تایبه‌ت ئاوه‌دانكردنه‌وه و دامه‌زراندنى ده‌رچووانه‌وه له‌چاو قه‌زاكانى دیكه‌ى پارێزگاكه فه‌رامۆش كردووه، هه‌رچه‌نده پێشتر كورد ژماره‌یه‌ك نوێنه‌رى هه‌بووه له ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دین و ئێستاش یه‌ك نوێنه‌رى هه‌یه، به‌ڵام هه‌میشه دژایه‌تیى خورماتوویان كردووه و چه‌ند ساڵێكیشه بودجه‌ى گه‌شه‌پێدانى هه‌رێمایه‌تییان بۆ خورماتوو نه‌ناردووه و قه‌زاكه له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانى پارێزگاكه‌وه به ته‌واوه‌تى پشتگوێ خراوه.
پارێزه‌ر ئه‌حمه‌د حه‌مید، دانیشتووى خورماتوو و شاره‌زا له مێژووى خورماتوو، تایبه‌ت بۆ هه‌فته‌نامه‌ى (باس) ڕای گه‌یاند: "قه‌زاى خورماتوو یه‌كێكه له قه‌زا ستراتیژییه‌كانى كوردستانى باشوور، له باشوورى قه‌زاكه‌وه به دوورى 40 كیلۆمه‌تر چیای حه‌مرین دێت، كه دوا سنوورى كوردستانه له‌گه‌ڵ عێراقی عه‌ره‌بیدا و خورماتوو له ساڵی 1976 ڕ‌ژێمى به‌عس له پارێزگاى كه‌ركووك دای ده‌بڕێنێت و ده‌یخاته سه‌ر پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دین، له ڕووى كارگێڕییه‌وه و تا ڕووخاندنى ڕ‌ژێمى به‌عس، دواتر ئۆمێد زۆر بوو به گه‌ڕانه‌وه‌ى قه‌زاكه بۆ سه‌ر پارێزگاى كه‌ركووك، كه به مادده‌یه‌كى ده‌ستووریش یه‌كێك له بڕگه‌كانى چاره‌سه‌رى ئه‌و گرفته ده‌كات، كه ئه‌ویش گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌و ناوچانه‌یه بۆ سه‌ر پارێزگا پێشووه‌كانیان، به‌ڵام ئه‌و مادده‌یه جێبه‌جێ نه‌كرا و ئێستاش تاكه ئومێدمان مابێت سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه".
ئه‌و پارێزه‌ره گوتیشی: "له ڕووى كۆمهڵاتى و هاتوچۆ و كارى ڕۆژانه‌مانه‌وه له كه‌ركووك دانهبڕواین و سه‌ر به كه‌ركووكین، به‌ڵام له ڕووى كارگێڕییه‌وه سه‌ر به سه‌ڵاحه‌دینین و هاووڵاتییان بۆ ڕایی كردنى مامه‌ڵه‌كانیان زۆر جار پێویست ده‌كات سه‌ردانى تكریت بكه‌ن، ئێستا و پێشتریش ڕێگاكه مه‌ترسیدار بوو، ئێستاش ڕێگاى نێوان خورماتوو- تكریت داخراوه، هه‌ر هاووڵاتییه‌ك له خورماتووه‌وه بیه‌وێت سه‌ردانى تكریت بكات، پێویسته بڕوات بۆ ئه‌ودیو ناحیه‌ى عوزێم و له‌وێوه ڕێگایه‌كى خۆڵاوى بوونى هه‌یه كه زیاتر له 3 كاتژمێر ده‌بێت به ئۆتۆمبێل بڕۆیت، ئه‌وكاته ده‌گه‌یته تكریت".
ئاشكراشی كرد، ڕێژه‌ى دانیشتووانى خورماتوو 200000 كه‌سه و جگه له ناوه‌ندى قه‌زاكه، ژماره‌یه‌ك ناحیه بوونیان هه‌یه كه ئه‌وانیش بریتین له ناحییه‌كانى ئامرلی و سلێمان به‌گ و یه‌نگیجه و پێشتریش ناحییه‌ى نه‌وجول، به‌ڵام ڕ‌ژێمى به‌عس له ساڵی 1988 ناحیه‌كه‌ى ڕووخاند و دانیشتوانه‌كه‌ى ئه‌نفال كرد.
شێخ سائیر به‌یاتى، نوێنه‌رى سه‌رۆك هۆزه عه‌ره‌به‌كانى خورماتوو بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "داواكارین خورماتوو له ڕووى كارگێڕییه‌وه بگه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ر پارێزگاى كه‌ركووك، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئێستا شیعه‌كان له ڕێگاى حه‌شدى شه‌عبی و به پاڵپشتیی ئێران ده‌یانه‌وێت دیموگرافیای ناوچه‌كه بگۆڕن و كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ن بۆ داهاتوو خورماتوو بكه‌ن به پارێزگایه‌كى شیعه‌نشین، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش تاكه ڕێگامان بۆ ڕێگرییه‌كانى ئه‌و پیلانه، پێویسته خورماتوو به‌زووترین كات بگه‌ڕێنرێته‌وه بۆ سه‌ر پارێزگاى كه‌ركووك".
نوێنه‌رى سه‌رۆك هۆزه عه‌ره‌به‌كانى خورماتوو گوتیشی: "ئێستا به‌شی هه‌ره‌زۆری عه‌ره‌به‌كانى خورماتوو و به‌شێك له كورده‌كان و به‌شێك له توركمانه سوننه‌كانیش، به‌هۆی ڕفتاره تیرۆریستییه‌كانى چه‌كدارانی حه‌شدى شه‌عبییه‌وه، ئاواره‌ى شارى كه‌ركووك بوونه و ناشتوانن بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ناوچه‌كه‌ى خۆیان، ئێمه داوامان كردووه كارى جدیى بكرێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى قه‌زاى خورماتوو بۆ سه‌ر پارێزگاى كه‌ركووك، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى پێشتریش سه‌ر به‌و پارێزگایه بووه و هاوكات له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه بۆ دانیشتووانى ناوچه‌كه باشه".
نه‌بیل سه‌ڵاح، نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسی توركمانى، بۆ هه‌فته‌نامه‌ى (باس) ڕای گه‌یاند: "هه‌موو پێكهاته‌كانى خورماتوو له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ى خورماتوون بۆ سه‌ر كه‌ركووك، له ساڵی 2004 گه‌وره‌ترین خۆپیشاندان به به‌شداریى سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌كانى خورماتوو ئه‌نجامدرا و خۆپیشانده‌ران داوایان كرد به‌زووترین كات خورماتوو بگه‌ڕێنرێته‌وه بۆ سه‌ر پارێزگاى كه‌ركووك، به‌ڵام له‌وكاته‌وه و تا ئێستاش نه‌توانراوه ئه‌و داخوازییه‌ى خه‌ڵكى ناوچه‌كه جێبه‌جێ بكرێت و ئێستاش كاتیه‌تى كه بڕیارێكی له باره‌وه بده‌ن".
گوتیشی: "هاووڵاتییه‌كى خورماتوو ئه‌گه‌ر كارێكى به شارى تكریت بكه‌وێت، ئه‌وا زۆر ئه‌سته‌مه بتوانێت بڕوات و كاره‌كه‌ى له‌وێ جێبه‌جێ بكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ڕێگاكه ڕێگایه‌كى مهرگئاسایه، ناو شاره‌كه‌ش له ڕووى ته‌ناهییه‌وه زۆر خراپه، واتا به هاووڵاتییه‌كى خورماتوویی بڵێ بڕۆ بۆ به‌سڕه ڕه‌نگه لاى ئاسایی بێت له‌وه‌ى پێی بڵێت بڕۆ بۆ تكریت، ئه‌مه‌ش ساڵانێكى زۆره خه‌ڵكه‌كه ماندوو ده‌كرێت له‌و ڕێگایه و به ده‌یان هاووڵاتى خورماتوو له ڕێگاى نێوان خورماتوو- تكریت له لایه‌ن گرووپه تیرۆریستییه‌كانه‌وه شه‌هید و بریندار كراون، یاخود ڕفێنراون".
bas news-
