كه‌سوكاری شه‌هیدان ساكالایان له‌سه‌ر سروه‌ عه‌بدولواحید تۆماركرد

كه‌سوكاری شه‌هیدان ساكالایان له‌سه‌ر سروه‌ عه‌بدولواحید تۆماركرد

لەبەردەم دادگای هەولێر، گردبوونەوەی کەسوکاری شەهیدان دەستی پێ کرد و سکاڵاش لە دژی سروە عەبدولواحید، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق تۆمار کرا.

کەمێک پێش ئێستا (دووشەممە 12\12\2016)، ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسوکاری شەهیدان و هاووڵاتییانی شاری هەولێر، چوونە بەردەم دادگای هەولێر و سکاڵای یاساییان لە دژی لێدوانەکانی سروە عەبدولواحید، پەرلەمانتاری گۆڕان تۆمار کرد.

هەر لەو گردبوونەوەیەدا کە حاکم ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە وەکالەت تێیدا ئامادەبوو، یاداشتی کەسوکاری شەهیدان خوێندرایەوە و ئاماژە بەوە درا: ”پێویستە لە دادگای فیدڕاڵییەوە سکاڵا لە دژی سروە عەبدولواحید تۆمار بکرێت“.

لەو یاداشتەدا کەسوکاری شەهیدان ڕایان گەیاند: ”سروە عەبدولواحید، پەرلەمانتاری گۆڕان، لە ڕوانگەی خۆیەوە سەیری بنەماڵەی شەهیدان دەکات، بۆیە وەک بنەماڵەی شەهیدان، سکاڵا لەسەر سروە عەبدولواحید تۆمار دەکەین“.

پێشتر سروە عەبدولواحید، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، لە میانی بەرنامەی (بە ڕاشکاوی)ی کەناڵی ئاسمانیی (دیجلە)، ئاماژەی بەوە دابوو: ”کەسوکاری شەهیدان بۆ پەیداکردنی بژێویی منداڵەکانیان، خۆیان دەفرۆشن“، بەو هۆیەشەوە لەناوخۆی هەرێمی کوردستاندا کاردانەوەیەکی یەکجار زۆر دروست بوو و فراکسیۆنی پارتی و کەسوکاری شەهیدان و چەندان لایەنی دیکە بڕیاری تۆمارکردنی سکاڵایان لەدژی ئەو پەرلەمانتارە ڕاگەیاند.
payamner-
Top