هەفتەی داهاتوو مووچەی ئەو دامەزراوانە دابەش دەکرێت
سەرچاوەیەک لەنێو وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ناوی ئەو دامەزراوانەی ئاشکرا کرد کە لە هەفتەی داهاتوودا مووچەی مانگی 10یان پێ دەدرێت.
سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە باسنیوزی ڕاگەیاند: ”ئەمڕۆ دووشەممە 12\12\2016، لیستی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە گەیشتە وەزارەتی دارایی، هەر ئەمڕۆ دوو فەرمانبەر تەرخان کراون کە تا کۆتایی دەوام، کاری وردبینی تەواو بکەن و بۆ ڕۆژی پێنجشەممە مووچەی مانگی 10ی وەزارەتی پێشمەرگە دابەش دەکرێت“.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ڕۆژی پێنجشەممە، تەنیا مووچەی لیواکان و دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە دابەش دەکرێت، بەڵام لە هەفتەی داهاتوودا، مووچەی (هەردوو یەکەی حەفتا و هەشتای پێشمەرگە، هێزەکانی پێشمەرگەی زێرەڤانی کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆن، لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایش و دەزگای گشتیی ئاسایش، هێزی ئامادە و پۆلیسی فریاکەوتن دابەش دەکرێت“.
سەبارەت بەوەی کە ئاخۆ لە هەفتەی داهاتوودا مووچەی وەزارەتی پەروەردە دابەش دەکرێت، سەرچاوەکەی نێو وەزارەتی دارایی گوتی: ”بەدووری دەزانم لە هەفتەی داهاتوودا مووچەی ئەو وەزارەتە دابەش بکرێت، بەڵکوو ڕەنگە بکەوێتە هەفتەی دواتر“.
پێشتر وەزارەتی دارایی ئەوەی ئاشکرا کردبوو کە ڕۆژی پێنجشەممە 15\12\2016، مووچەی مانگی 10ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بە دابەشکردنی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە، دەست پێ دەکات.
payamner-
