لەم مانگەدا هەموو شایستە داراییەكانی ساڵی 2016ی جووتیاران خەرج دەكرێت

 لەم مانگەدا هەموو شایستە داراییەكانی ساڵی 2016ی جووتیاران خەرج دەكرێت
ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای دەگەیەنێت لەم مانگەدا وەزارەتی دارایی عێراق بە دوو قۆناغ تەواوی شایستە داراییەكانی ساڵی 2016 ی جووتیاران خەرج دەكات.

د. ئەشواق جاف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕایگەیاند "پاش فشارێكی زۆری پەرلەمانتاران، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە دواكۆبوونەوەی خۆیدا داوای لە وەزارەتی دارایی كردووە، شایستە داراییەكانی ساڵی 2016 ی جووتیارانی عێراق خەرج بكات بە هەرێمی كوردستانیشەوە و وەزارەتی داراییش بڕیاری داوە لەم مانگەدا بە دوو قۆناغ تەواوی شایستە داراییەكانی جووتیاران خەرج بكات".

گوتیشی "كۆی گشتیی پارەكە یەك ترلیۆن دینارە، بڕیارە لەم هەفتەیەدا 500 ملیار دیناری خەرج بكرێت و 26/12/2016 ش 500 ملیارەكەی دیكەی خەرج بكرێت".

ڕوونیشی كردەوە "شایستە داراییەكانی ساڵی 2014 و 2015 ش دەكرێت بە چەك و بەسەر جووتیاراندا دابەش دەكرێت، جووتیاران دەتوانن لای خۆیان بیپارێزن تا بارودۆخی دارایی وڵات باش دەبێت، ئەوكات بیكەن بە پارە لە بانكەكان، یان ڕاستەوخۆ دەتوانن لە هەر بانكێك پارە ڕابكێشن، بەڵام بانكەكە بە ڕێژەی 5% سوود دەخاتە سەر پارەكە".

جەختیشی كردەوە "دەبوو لە مانگی تشرینی دووەمدا شایستە داراییەكانی ساڵی 2016 خەرج بكرایە، بەڵام ئەوكات وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند بەهۆی شەڕی داعشەوە ناتوانێت ئەو پارەیە خەرج بكات".





باسنیوز
Top