سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نهێنیی ڕێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان و مالیکی ئاشکرا کرد
ئەو سەرچاوەیەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت و تۆمارە دەنگییەکەی لای (باسنیوز) پارێزراوە، ئاماژەی بەوە کرد: “ڕێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی تەنیا ڕووکەشە، باوەڕ ناکەین بە یەکەوە بتوانین بچینە کۆبوونەوەوە”.
ئەوەشی بۆ (باسنیوز) ئاشکرا کرد: “ئەوەی لەبەغدا کراوە لەسەر پرسی بودجەی گشتیی عێراق بۆ 2017، بە ئاگاداریی هەموو مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نەبووە، بەڵکو گرووپێک لە پەرلەمانتارانی بەغدا، لەگەڵ گرووپێک لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، ئەمەیان کردووە و پرس بە هەمووان نەکراوە".
سەرچاوەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئەوەی نەشاردەوە کە ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و سەرکردایەتیی یەکێتی، ئاگاداری ڕێککەوتنەکەی نێوان یەکێتی و گۆڕان و نووری مالیکی، سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا نەبووە کە لەم دواییەدا بۆ تێپەڕاندن و دەنگدان لەسەر بودجەی گشتیی عێراق کراوە. گوتیشی: “ئەوەشی پەیوەندی بە گۆڕانەوە هەیە گۆڕان بە بێ ئاگادار و هەماهەنگی نەوشیروان مستەفا هیچ ناکات".
پێشتر هەفتەنامەی (باس) ئەوەی ئاشکرا کردبوو کە پێش تێپەڕاندنی یاسای بودجەی عێراق، ڕێککەوتنێک لەنێوان یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ لەگەڵ مالیکیدا کراوە. هەیسەم جبووری، ئەندامی پەرلەمانی عێراقیش دانی بەوەدا نابوو کە ڕێککەوتنێکی لەم جۆرە کراوە.
باسنیوز
