سەرچاوەیەک: زۆرێک لە سەرکردە دێرینەکانی یەکێتی بەهۆی شاناز ئیبراهیم ئەحمەدەوە سەریان نایەوە

 سەرچاوەیەک: زۆرێک لە سەرکردە دێرینەکانی یەکێتی بەهۆی شاناز ئیبراهیم ئەحمەدەوە سەریان نایەوە
سەرچاوەیەکی نزیک لە سەرکردەیەکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە نەویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، ئاماژەی بەوە کرد کە لەوەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پۆستی لێپرسراوی ڕێکخستنەکانی دەرەوەی یەکێتی وەرگرتووە، کەوتووەتە کۆمەڵێک گرفتەوە.



سەرچاوەکە لەو لێدوانە تایبەتەیدا ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”زۆرێک لە سەرکردە دێرینەکانی یەکێتی، لە داخی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد سەریان نایەوە“.



لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەی نەشاردەوە کە هەر بەهۆی ”ئەو تۆمەتە“ی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بۆ دکتۆر کەمال فوئاد، یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکێتی هەڵبەستووە و بە بردنی پارە و سامانی یەکێتی تۆمەتباری کردووە، دکتۆر کەمال فوئاد وەسیەتی کردووە، تەرمەکەشی بۆ سلێمانی نەگەڕێننەوە و لە ئەڵمانیا بینێژن.



ئاماژەشی بەوە کرد کە یەکێک لە هەرە سەرەکیترین هۆکارەکانی زویربوونی سەرکردە دیارەکانی یەکێتی لە حزبەکەیان، هەر لە قادری حاجی عەلییەوە تا نەوشیروان مستەفا و کۆسرەت ڕەسول عەلی و قادری حاجی عەلی، ئەو ژنە بەرپرسەی باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتییە.



بە گوتەی سەرچاوەکە، کاتێک بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنەکاندا بۆ یەکەمجار توانی چەند کورسییەکی پەرلەمانی کوردستان بەدەست بهێنێت، بەشێک لە لایەنگرانی گۆڕان داوایان کردووە، پەیکەرێک بۆ شاناز ئیبراهیم ئەحمەد و هاوار حاجی، کارگێڕی مەڵبەندی دەرەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (ئەوسا) دروست بکەن، هۆکاری داواکارییەکەشیان ئەوە بووە کە ئەوان بوونەتە هۆی دروستبوونی یەکەمین شانەی گۆڕان لە بەریتانیا بە ناوی ڕەگ (Reg). گوتیشی: ”پێشتر لە وتارێکدا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد شانەی ڕەگی بە (شەمشەمە کوێرە) لە کوردستان ناو بردووە“.



هێماشی بۆ ئەوە کرد کە خوشکەکەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، جگە لەو سەرکردانەی یەکێتی، سووکایەتی بە (کۆسرەت ڕەسول عەلی، بەرهەم ئەحمەد ساڵح، حاکم قادر حەمەجان و عومەری سەید عەلی) کردووە و بەو هۆیەوە ئێستا جگە لە عومەری سەید عەلی، هەرسێ سەرکردەکەی دیکەی یەکێتی لەناوەندی بڕیاری یەکێتیدان.



سەرچاوە نزیکەکە لە سەرکردەیەکی یەکێتی، ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئێستا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، دوای نیگەرانکردنی سەرجەم سەرکردەکانی دیکە، ئاراستەکەی بەرەو مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی گۆڕیوە و ئەمڕۆ یەکشەممە 11\12\2016 لە وتارێکدا بە توندی هێرشی کردووەتە سەر و لە چەند شوێنێکدا سووکایەتی پێ کردووە. لەکاتێکدا، دوێنێ شەممە 10\12\2016، لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە ماڵپەڕی (چاودێر)ی نزیک لە مەلا بەختیار لە زاری ئەندامێکی ئامادەکاری کۆنگرەی سۆسیالیستەکانی سلێمانی بڵاوی کردەوە، بەشێک لە سەروەت و سامانی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئاشکرا کرا کە بەهۆی یەکێتییەوە دەستی کەوتووە.



سەرچاوەکە ئەوەشی نەشاردەوە کە تاوەکوو ئێستاش، بەشێکی زۆر لە سامانی یەکێتی، لەلایەن بنەماڵەی ئیبراهیم ئەحمەدەوە دەستی بەسەردا گیراوە و ناکۆکیی نێوان باڵەکانی یەکێتیش هەر بەو هۆیەیە.



پێشتر لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا و لە یەکەم ڕاگەیاندراوی ناوەندی بڕیاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد کە زۆرتر لەژێر کاریگەریی بنەماڵەی ئیبراهیم ئەحمەدە، بە “باڵی قۆرخکار” وەسف کرا و بەوە تۆمەتبار کرا کە دەستیان بەسەر داهات و سامانی یەکێتیدا گرتووە.





باسنیوز
Top