شاندێکی باڵای پارتی دەچێتە سلێمانی و یەکێتی دوو کەس بۆ سەرۆکی شاندەکەی دەستنیشان دەکات
شاندەکەی پارتی لە چوارچێوەی پەیامێکی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی هەموو حزبە کوردستانییەکان کۆ دەبێتەوە.
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە کەناڵی (کوردستان 24)ی راگەیاندووە، کە ئەگەر فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی سەرۆکایەتیی شاندەکەی پارتی بکات، ئەوا مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی سەرۆکایەتیی شاندەکەی یەکێتی دەکات.
بە گوتەی سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەگەر نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی سەرۆکایەتیی شاندی پارتی بکات، ئەوا کۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی سەرۆکایەتیی شاندی حزبەکەی دەکات.
هەروەها کاکەمین نەجار، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارێزگای هەولێری پارتی رایگەیاندووە، ”رێککەوتووین لە رۆژانی داھاتوودا سەردانی سلێمانی بکەین و یەکێتی یەک شاندیان ئامادەکردووە تاوەکو لەگەڵ پارتی کۆببنەوە“.
سەعدی ئەحمەد پیرە بە پێویستیشی دەزانێ کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی دوو قۆڵی بێت.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 20ـی تشرینی دووەم، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا داوای کۆبوونەوەی لە حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد، بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ و سەرۆکایەتییکی نوێ بۆ پەرلەمانی کوردستان.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها داوای لە حزبە سیاسییەکان کرد، کەسێک دەستنیشان بکەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان تاوەکو هەڵبژاردنی ئایندە، ”منیش بە هەموو توانایەك یارمەتیی ئەو پڕۆسەیە دەدەم“.
باسنیوز
