كۆسرەت رەسوڵ: یادی لەدایكبونی پێغەمبەر بكەینە دەرفەتێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان
كۆسرەت رەسوڵ داوادەكات یادی لەدایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام(د.خ) بكرێتە دەرفەتێك بۆ وەلانانی ململانێكانو چارەسەركردنی كێشەكان، خوازیاریشە ئەو یادە ببێتە هەوێنی ئاشتبوونەوەی كۆمەڵایەتی لە كوردستان.
ئەو وتانەی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لەپەیامێكیدا هاتووە كە بەبۆنەی یادی لەدایكبوونی پێغەمبەر بڵاویكردۆتەوەو وێنەیەكی بۆ خەندان نێردراوە.
كۆسرەت رەسوڵ لەپەیامەكەیدا دەڵێت"بەبۆنەی یادی لەدایكبوونی سەروەری مرۆڤایەتی محەمەد "د.خ" گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی موسڵمانانی جیهان بەگشتی و كوردستان بە تایبەتی دەكەم و دەخوازم ئەم یادە ببێتە هەوێنی ئاشتبوونەوەی كۆمەڵایەتی لە كوردستان".
جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی ئاماژەبەوەشدەكات، ئەمساڵ یادی لەدایكبوونی پێغەمبەر (د.خ) هاوكاتە لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان "لەگەڵ ئەو تاریكپەرستانەی دەیانەوێ لە پەنای ئیسلامدا توندڕەوی بڵاوبكەنەوەو هەموو بەهاكانی مرۆڤایەتی لەناو بەرن، بۆیە ئەركی سەرشانی هەموومانە هەوڵبدەین لەدژی بیری توندڕەوی تاریكپەرستان بوەستینەوەو پێكەوەژیان و رێزگرتن لە جیاوازییەكان بكەینە بنەمای ئایندەمان بۆ پێكەوەژیان".
سبەینێ 11-12 یادی لەدایكبوونی پێغەمبەری ئیسلامەو مسوڵمانان لەسەرتاسەری جیهان ئەو یادە دەكەنەوەو بەرز رایدەگرنو بۆنەی جیاوازی تێدا رێكدەخەن.
كۆسرەت رەسوڵ، لەبەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا دەڵێت"دەخوازم ئەم یادە پڕ شكۆیە بكەینە دەرفەتێك بۆ ئەوەی ململانێكان وەلا بنێین و كێشەكان چارەسەر بكەین و هەموو هەوڵەكانمان بۆ ئەوەبێ كە ژیان و قووت و مووچەی هاووڵاتیان و فەرمانبەران باشتر بكرێت و خزمەتگوزارییەكانیان بۆ دابین بكەین".
xandan-
