سه‌رچاوه‌یه‌ك: مالیکی پیلانی داگیركردنی کەرکووکی هه‌یه‌؛ به‌رپرسی کورد ئاسانکاری بۆ دەکه‌ن

   	 	 سه‌رچاوه‌یه‌ك: مالیکی پیلانی داگیركردنی کەرکووکی هه‌یه‌؛ به‌رپرسی کورد ئاسانکاری بۆ دەکه‌ن
سەرچاوەیەكی باڵا لە دەزگا ئەمنییەكانی كەركووك پیلانی داگیركردنی شاری كەركووك لە لایەن (نووری مالیكی)ـیەوە ئاشكرا دەكات کە ده‌ستی هەندێ بەرپرسی كوردی له‌گه‌ڵدایه‌. دەشڵێ، دوای رزگارکردنی مووسڵ بەناوی گرتنەوەی حەویجەوه‌ پیلان هەیە بۆ داگیركردنی شاری كەركووك.


محەممەد بەیانی سه‌رپه‌رشتییان ده‌كات
سەرچاوەیەكی ئەمنیی بەرپرس لە كەركووك کە نەیویست ناوی ببرێت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی راگەیاند "ماوەیەكە حەشدی شەعبی چەكێكی زۆر رەوانەی نێو شاری كەركووك دەكات و ئۆتۆمبێڵ و كەلوپەلی سەربازیی لەگەڵدایە.. دەستیان بە تۆماركردن و چەكداركردنی خەڵك كردووە و، شیعە و سوننە و تورکمان بە جیا ناونووس دەکەن و چه‌ند بەرپرسی ئیداریی شاری کەرکوووک لە پشتەوەی ئەو پیلانەوەن، کەسێک كه‌ ناوی (محەممەد بەیانی)یه‌ بەرپرسی باکوورە لە حزبی دەعوە سەرپەرشتیی پرۆسەکە دەکات و بەشیک لە به‌رپرسانی حزبێكی كوردی لەو پیلانەدا بەشدارن.''

بە هەزاران كەس ناونووس و چەكدار كراون
بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئه‌منییه‌کە، "تا ئێستا بە هەزاران كەس ناونووس و چەكدار كراون، ئەو چەكانەی رەوانەی نێو شاری كەركووكیش دەكرێن، بەناوی كۆمپانیای ئەمنی و بارەگاكانی بەدرەوە ده‌هێندرێنە نێو كەركووكه‌وه‌، بەسەدان بەڵگە و دیكۆمێنت لە بەردەستە بۆ سەلماندنی ئەو پیلانە، تەنیا لە یەك ماڵدا دەست بەسەر چل چەكی كلاشیكۆف و شەش چەكی قورسدا گیراوە.''

سەرچاوەكە هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی دركاند كه‌، (نووری مالیکی) گوتوویەتی دوای داعش دەستبەسەر عێراقدا دەگرین، مەبەست لەو قسەیەی (مالیکی) کوردە کە دەیانەوێ دەست بەسەر کەرکووکدا بگرن، سه‌رچاوه‌كه‌ گوتیشی ''ئاخر دواخستنی ئازادکردنەوەی حەویجە بۆ ئەوەبوو کە ئەمانە دوای ئازادکردنی مووسڵ بە بیانووی ئازادکردنی حەویجە هێز بۆ کەرکووک بجووڵێنن تا دەستی بەسەر دابگرن.''

kdp-
Top