ئەمینداری یەكگرتوو: بكوژ و تاوانبارانی پشت بكوژی مەلا وشیارمان دەوێن
ئەمینداری یەكگرتووتی ئیسلامی كوردستان لە پەیامێكدا داوادەكات بكوژ و تاوانبارانی پشت بكوژی مەلا وشیار ئاشكرا بكرێن و سزا بدرێن، جەختیش دەكاتەوە "خوێنی مەلا وشیار بەهیچ شێوەیەك مامەڵەی لەسەر ناكرێت".
سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، رۆژی شەممە 10-12-2016 بەبۆنەی لەدایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام (محەممەد، درودی خودای لەسەر بێت) پەیامێكی بڵاوكردەوە. رۆژی یەكشەممە 11-12-2016، رۆژی لەدایكبوونی پێغەمبەرە و لە هەرێمی كوردستان و عێراق پشووی فەرمییە.
ئەمینداری یەكگرتوو لە پەیامەكەیدا دەڵێت "ئەمساڵ كوردستان و هەولێر یەكێك لە بانگخواز و زانا و ئاشقە راستەقینەكانی ئەو پێغەمبەرە سەردارەی وەك دیاری پێشەكەشكرد و، لە گەرمەی خۆئامادەكردندا بوو بۆ پێشوازی لە مەولوودی سەروەر، دەستێكی چەپەڵی ستەمكار و ترسنۆكی بۆ درێژكراو لە باوەشی گەرمی هەولێر و خانەوادەی بەڕێزیدا، تیرۆركرا".
سەلاحەدین بەهائەدین بەڵێن دەدات و دەڵێت "ئێمەش بەڵێن تازەدەكەینەوە خوێنی ئەو شەهیدە مەزنە هەرگیز زایە ناكرێ و بەهیچ شێوەیەك مامەڵەی لەسەر ناكرێ، چاوەڕوانین تاوانباران (چ ئەوانەی ئەنجامیان داوە، چ ئەوانەی لەپشت تاوانەكەوەن) بە سزای عادیلانەی خۆیان بگەن و دادگاو عەدالەت مەجرای خۆی وەربگرێت".
لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا ئاماژە بەوە دەكات "خوێنی ئەو شەهیدە مەزنە دەبێتە تێزاب و ئەڕژێ بەسەر گشت تاوانبارە دیار و نادیارەكانی ئەو تاوانەدا، هەروەك بووەتە ئاوی حەیات بۆ دۆست، برا، خوشك، قوتابی، چالاكوان، هەڵگرانی پەیامی ئیسلامی و پڕۆژەی ئیسڵاح لە هەرێمدا".
شەوی سێشەممە 22-11-2016، لە گەڕەكی شادی شاری هەولێر و لە ماڵەكەی خۆیدا لە مزگەوتی عومەر بندیان، د. وشیار ئیسماعیل، گوتاربێژ و كادیری باڵای یەكگرتووی ئیسلامی، تەقەی لێكرا و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختی برینەكەی گیانی لەدەستدا. رۆژی 27-11-2016 هێزەكانی ئاسایشی هەولێر بكوژی سەرەكی و هاوكارارێكیان دەستگیركرد، بەڵام تاوەكو ئێستا بەفەرمی دانپێدانانی بكوژەكە بڵاونەكراوەتەوە.
rudaw-
