پەرلەمانتارێکی پێشووی گۆڕان: پێشنیازەکەی گۆڕان بۆ بەرژەوەندیی مالیکییە
سەردار عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان لە بەرنامەیەکی کەناڵی فەرمیی بزووتنەوەکەی رایگەیاندووە، بودجەی گشتیی ساڵی 2017ـی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان "کارەساتاوییە".
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژە بەوە دەکرێ، کە کەناڵی فەرمیی گۆڕان بەرنامەکەی وەک بڕیار بوو، دووبارە پەخش نەکردووەتەوە..
سەردار عەبدوڵڵا پێیوایە دەبوو کوتلە کوردستانییەکان لە بەغدا پەسەندکردنی بودجەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لەلایەن هاوپەیمانیی نیشتیمانیی شیعەکانەوە بە مەرجی پەسەندکردنی بودجەی میلیشیاکای حەشدی شەعبی دابنرێت.
ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی گۆڕان دڵنیایی خۆی لەوە نیشان دەدات، کە حکوومەتی عێراق هیچ بڕە پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە نانێرێت و پێشنیازی سێ حزبەکەش تەنها بۆ بەرژەوەندیی نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراقە.
بە گوتەی سەردار عەبدوڵڵا، سێ حزبەکە لە دژی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوە پێشنیازەکەیان کرد، چونکە دەزانن هەولێر نەوت رادەستی بەغدا ناکا و عێراقیش پارە نانێرێ، تاوەکو بە خەڵکی بڵێن مووچەتان لای پارتییە، بەمەش یارییان "بە ئەعسابی خەڵک" کرد.
هەروەک ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی گۆڕان رایگەیاند، بەشێک لە پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا تەنها خەریکی هاتوهاوار، پۆستی فەیسبووک و دەنگە دەنگن.
سەردار عەبدوڵڵا هەروەها رایگەیاندووە، کە سیناریۆیەک هەیە بۆ لەسەر کار لادانی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و گەڕانەوەی نوری مالیکی، کە چەند رۆژێک پێش ئێستا گوتبووی، دوای رزگارکردنەوەی مووسڵ، عەبادی کۆتایی دێت و گۆڕانیش پشتگیریی دەکات.
فراکسیۆنەکانی یەکێتی، گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی پێشنیازیان کردبوو، کە حکومەتی عێراق لە بەرامبەر رادەستکردنی 550 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە کرکووک و هەرێمی کوردستان، مانگانە بڕی 316 ملیار دینار بداتە هەرێمی کوردستان.
لە ساڵی 2013 و بە بریاری نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق، بەشەبودجەی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران و هێزەکانی پێشمەرگە بڕاوە، هەروەها زۆرینەی سەرکردە عێراقییەکان پێیانوایە مالیکی هۆکاری داگیرکرانی بەشێکی خاکی ععێراق بوو لەلایەن رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
باسنيوز
